دادگای پشکنینی بیروباوەر ڕاگرن
Sunday, 21/02/2016, 22:09
ناوەندی سێکولار داوای هەڵوەشانەوەی بڕیاری سزادانی ڕۆژنامەی “هاوڵاتی”دەکا
ڕۆژی ١٦ /شوباتی ٢٠١٦دادگای کەتنی دووی هەولێر، بڕیارێکی دەرکرد بە سزادانی رۆژنامەی هاووڵاتی و کەمال رەئوفی سەرنووسەری پێشووتری رۆژنامەکە بە تاوانی بڵاو کردنەوەی وتارێک بەناونیشانی “مردنی خودا لەئیسلامدا” لە ساڵی دا٢٠١٢ ، کە لەلایەن داواکاری گشتی هەولێرەوە “کمال شینەیی” ،داوا لەسەری تۆمارکرابوو.
سزاکە بەپێی “مادەی ٩” لەیاسای “٣٥” ی رۆژنامەگەری ساڵی “٢٠٠٧” لەهەرێمی کوردستان دراوە، کە سەرنوسەر وڕۆژمانەکە سزادەدرێن بە پێێ خاڵەکانی ” ٢- سوکایەتیکردن بەبیروباوەڕ وڕێوڕەسمیە ئاینیەکان ، وە ٣- سوکایەتیکردن بە سیمبول وپیرۆزیەکانی هەرئاین وئاینزایەک ولەکەدارکردنیان.”
ناوەندی سێکولار لە کوردستان ئەم بڕیارەی دادگای هەولێر بە پێشێلکردنی مافێکی سەرەتایی مرۆڤ دادەنێت کە ” ئازادی ڕادەربڕین” ە ، وە ئەم بڕیارە بە توندی مەحکوم دەکات . بە پێی بڕگەی ١٩ ی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ ” ھەموو کەسێک مافی ھەیە بە ئازادی بیر و رای خۆی دەربڕێت. ھەموو کەسێک بە بێ ترس و دڵەڕاوکێ بڕوای تایبەت بە خۆی ھەبێت و لە بەدەستھینانی زانیاریی و بیرو را و بڵاوکردنەوەیان بەئازادی دەستی بە ئامرازەکانی پێویست رابگات.” .
داواکاری گشتی پرسیارێکی زۆری لەسەر خۆی دروست کردوە کە بۆچی پەنای بردۆتە بەردەم یاسای ڕۆژنامەگەری وبەکاری هێناوە بۆ ئەم سزادانە لە کاتێکدا کە ئەم وتارە جگە لە رایەک و لێکدانەوەیەک لەسەر ئیسلام هیچ جۆرە سوکایەتیەکی تێدانیە. کەچی کاتێک ڕۆژانە لە مینبەری مزگەوتەکان و دەزگاکانی بڵاوکردنەوەی پروپاگەندەی ئیسلامی سیاسیەوە جۆرەها سوکایەتی وئیهانە نەک تەنها بە ئینسان بە تایبەت ژنان دەکرێت بە ڵکو ئیهانە و سوکایەتی بە دینەکانی تریش دەکرێت و پیاوە ئاینیەکان لە ژێر ناوی ئازادی رادەربڕیندا هیچ کات دەم ناپارێزن لە هێرش کردن و بەکارهێنانی جوێن و سوکایەتی ئاشکرا بەرامبەر بە کەسانی جیاواز لە خۆیان ، کەچی هیچ کات ئەمانە نەبونەتە جێگای سەرنجی دادوەر و داواکاری گشتی سەرباری بەردەوام شکات کردن و دەنگ هەڵبڕینی خەڵکانی ئازادیخواز لە بەرامبەریاندا . هەربۆیە ئەم یاسایە بەدەست داواکاری گشتی و دادگاوە بە تەنها بوەتە ئامڕازی سزادانی ڕەخنەگرانی دینی ئیسلام و خزمەتکردن بە بە ئیسلامی کردنی تەواوی کۆمەڵگە زاڵ کردنی بیر و ڕای ئایدیۆلۆجی دینی ئیسلام و سەرکوتکردنی هەموو دەنگەکانی تر .
ئەم سزادانەی ئازادی نوسین و بڵاوکردنەوە نیشانەی سەربەخۆنەبون و جیانەکردنەوەی یاسا و دادگا و سیستەمی دەسەڵاتدارێتیە لە ئاین . وە سەپاندن و زاڵکردنی دەسەڵاتی دینی ئیسلامە بەسەر بنەمای مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی دینەکانی تریش لە کوردستان. کە نمونەکانی دادگای پشکنینی بیروباوەڕمان لەلایەن دەسەڵاتە دینیەکان لەسەدەکانی ناوەڕاستدا بیردێنێتەوە.
بێگومان ئەم جۆرە یاسایانە ڕێگە خۆش دەکات تا لایەنە ئیسلامیەکان سودمەند بن لە دژایەتی کردنی ئازادی ڕادەربڕین لە کوردستاندا و بەمەش بە هیز کردنی بەرەی کۆنەپەرستی لە ناوخۆی هەرێم کە لەکۆتاییدا خزمەت بە بەرەی فکری داعشی و فاندەمێنتالیزمی ئیسلامی لە ناوچەکەدا دەکا.
ناوەندی سێکولار لە کوردستان هۆشداری دەداتە دەسەڵاتی هەرێم و سیستەمی دادوەری لە کوردستان کە چیتر لە ڕیگەی ئەم یاسایانەوە بەرەی کۆنەپەرستی و توندڕەوی دینی پەرە پێ نەدەن ، بەڵکو خواستی جیاکردنەوەی ئاین لە یاسا ودادگاکان جێبەجێ بکەن تا هەموو هاوڵاتیان بە یەکسانی بەهرەمەند بن لە مافەکانی ئازادی ڕادەربڕین، ئازادی ویژدان، ئازادی ڕەخنەگرتنو توێژینەوەو داهێنانو نوێخوازی ، وە ئەم مافانە بکەنە بنەمای سیستەمێکی دادوەری مەدەنی . بەمەش بنەماکانی سیستەمێکی سێکولار و پارێزەری مافەکانی مرۆڤ جێگیر بکەن تا لە یاسا ودادگا و سیستەمی دەسەڵاتدارێتی کوردستاندا پەیڕەو بکرێ.
ناوەندی سێکولار لە کوردستان داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری سزادانی ڕۆژنامەی هاوڵاتی و کەمال ڕەووف دەکات . لە هەمان کاتدا داوا دەکات کە هەردوو خاڵی ( ٢ و ٣ ) ی مادەی ٩ لە یاسای رۆژنامەگەری لاببرێت . وە لە بەرامبەریدا ئازادی ڕادەربڕین ونوسین و بڵاوکردنەوە وەک مافیکی یەکسانی هاوڵاتیان بە ڕەسمی بناسێنرێت بە جۆرێک کە هیچ ئاین و سیمبولێکی ئایینی و پیرۆزیەکانی ئاینێک نابێت ببنە خەتی سوری ڕەخنە و لێکدانەوە و توێژینەوە .
هەر لێرەوە بانگەوازی سەرجەم نوسەران و ڕۆشنبیران و ڕێکخراوەکانی بەرگری لەمافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین لە کوردستان و دەرەوەی ووڵات و ڕیکخراوە نێودەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤ دەکەین کە دەنگی خۆیان بخەنە پاڵ ئەم داواکاریانە و فشاربخەنە سەر دادگای هەولێر و حکومەتی هەرێم بۆ کۆتایی هێنان بەم هێرشانە بۆسەر ئازادی ڕۆژنامەگەری وئازادی ڕادەربڕین.
ناوەندی سێکولار لە کوردستان
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست