یاریەکەی پارتی دوو لایەنەیە
Wednesday, 09/12/2015, 17:35
دیارە پارتی وەک چۆن لە نێوخۆی کوردستان لە راپەرین بەدواوە هەمیشە لە کاتی سەخڵەتی لە ململانێکان و گۆشەگیری و نزیکبونەوەی لە دۆراندندا، دەستی بۆ یاریەکی خەتەرناکی سەرکێشانە بردووە و تا ئەمرۆ بە هەزار حاڵ خۆی لە تەگەرەکان دەرباز کردووە، ئەوا ئەمرۆ و لە کاتێکی زۆر هەستیاری چارەنوسسازی پەیوەند بە دوارۆژ و هاتنەبەرهەم و دیارکەوتنی دەرئەنجامی قوربانیەکانی دەیان ساڵەی گەلی کوردستان ، یاری بە ئاگرێکی زۆر گەورە دەکات و قومارێکی بەدەستەوەیە، بێ گوێدانە هیچ بەها و هاوکێشە و حساباتێکی وردی سیاسی یان دەدۆرێت خۆی و میلەتەکەش بەو ئاگرە دەسوتێن یان بە قورسی دەرباز دەبێت و میلەتەکەش لەم سەرکێشیە قوتار دەبێت، بەڵام هەر وەک جارانی پێشوو، ئەوەی قازانج دەکات تەنها پارتیە وەک حزب نەک گەلی کوردستان .
ئەم رەفتار و بۆچونەی پارتیش لە زانستی سیاسی سەردەمدا بونی نیە، هەر وەک چۆن لە رەفتاری سیاسی نێوخۆی حزبی و بیرکردنەوەیاندا عەشایەریانە رەفتار دەکات، ئاوهاش لەگەڵ رەوتی سیاسی ناوچەکە دەجوڵێتەوە و لە پێناو حزبدا گەل دەکاتە قوربانی قومارەکانی .
هێنانی سوپای عیراق لە گەرمەی شەری نێوخدا، دەرهاویشتەکانی هاوکێشەی نێوخۆی لە بەرژەوەندی پارتی گۆری و، تا ئەمرۆ خێری ئەو رەفتارە نابەجێ و خۆبەدەستەوەدانەی بەدوژمنان، دەخۆن . ئەمە جگە لە هێنانی سوپای تورک لە شەری نێوخۆدا، کە لەلایەنی عەسکەری و سیاسیش تای تەرازوی ململانێی نێوخۆی بەلای خۆیدا گۆری و میلەتی کوردیش گەورەترین زەرەرمەند بوو .
ئەمرۆ، لە نێو ئەم کێشمەکێشەی ناوچەکە و ئاگربارین و گۆرانکاری و نەخشەسازیە نوێیەی کە ناوچەکەی لەسەر بنیات دەنرێت، پارتی خۆی داوەتە دەست قەدەری دەرئەنجامی هاوکێشەکان نەک زانستیانە مامەڵەی لەگەڵدا بکات .
ئەوەی لەم جوڵانەوەى پارتیدا دبۆ هەمووان دەردەکەوێت ئەویە کە پارتی دەیەوێت خۆی بەتەنها دوور لە ئامانجەکانی گەلی کوردستان و بیروبۆچونی لایەنەکان و روانینیان بۆ گۆرانکاریەکانی ناوچەکە رەفتار بکات و، وا دەزانێت گەر براوەبوو مەجدێکی مێژویی بۆ خۆی وەک حزب و بنەماڵە تۆمار دەکات و، ئەگەریش دۆرا وەک جاری جاران هەر میلەت دەدۆرێت و، ئەوان وەک بەرزکی بانان بە قازانجێکی مادی و دەوڵەمەندیەوە لێی دەردەچن . بۆیە، یاریە ئاگرینەکەی پارتی ئەگەر بەسەر خۆیدا بشکێتەوە میلەت دەسوتێنێت و هەر زوو خۆیان لێی دەرباز دەبن ومیلەتیش چش .
یاریەکەی پارتی قومار و سەرکێشیە و لە سەرجەم ئەگەرەکاندا پرشی ئاگرەکە هەمیشە بەرگەل دەکەوێت پێش ئەوەی هەر لایەنێک تێیدا زەرەرمەند بێت . ئىمجارە بە یەکجاری خۆی داوەتە دەست تورکیا و هاوپەیمانەکانی کەنداوی عەرەبەوە . لە دواجاردا، هەر تورکیا بەخۆی لە دوا هەنگاوەکانی گۆرانکاریەکاندا، دەتوانێت پشتی لێ بکات، وەک چۆن شاهنشای ئێران لە شۆرشی ئەیلولدا کردی . تورکیاش ئەو وڵاتەیە کە لە هاتنی داعشدا، ئەو هەڵوێستەی هەبوو، ئەگەر بە خۆی بە راستەخۆ بوبێت یان ناراستەخۆ پاڵی بە داعشەوە نابێت، روو لە کوردستان بکەن . بۆیە ئەگەر خەڵک بروای بە هیچ وڵاتێکی دەوروبەری کوردستان نەبێت، یەکەم دەوڵەت تورکیایە، کە چاوەرێی کاری باشە و خێری لێ ناکرێت، بە زووترین کات پشت لە نزیکترین هاوپەیمانەکانی دەکات . بۆیە قومار و سەرکێشیە سەخت و چارەنوسسازەکەی پارتی دوولایەنەیە و ، بە هەرکوێیەکدا بکەوێتەوە، لایەنە باشەکەی قازانجێکی زۆر گەوەری نابێت تەنانەت بۆ خۆیشی، لایەنەکەی تری ماڵوێرانیە بۆ گەلی کوردستان .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست