ئایا کورد قازانج لە وەزعی پاش خستنەخوارەوەی فرۆکە روسیەکە دەکات ؟
Saturday, 28/11/2015, 19:45
ئێمەی کورد، ئەگەر بە سەرپێی مامەڵە لەگەڵ روداوی خستنە خوارەوەی فرۆکە روسیەکە نەکەین و، پیشهاتەکان لە روانگە و بۆچون و ستراتیجیەتی کوردەوە شەن و کەو بکەین، زانیاریەکانی پشت پەردەی ئەم کردەوە و رەفتارەی تورکیا بەدەست بێنین و رۆڵی ئەمریکا لەمبارەوە بزانین، ئینجا دەبێت بە گونجاوترین رێگە هەنگاوەکان بنێن و هەڵویست بنوێنین و، زۆر جار دواخستنی هەڵوێستی گەورە و ستراتیجی یان بێلایەنی، شای هەڵوێستەکان دەبێت ( لە کاتێکی هەستیاری هاوشێوەی ئەمرۆ، هەڵەیەکی بچوک بەقەد گەورەترین هەڵە لەسەرت دەکەوێت ) . ئەگەر کردەوە هەمەجۆر و پلانەکانی لایەنە سەرەکیەکانی روداوەکانی ناوچەکەمان و بۆچونی پشت پەردەیان بەردەست بوو،دەتوانین دوارۆژی ئەم کردەوانە بە ئاسانی بخوێنینەوە . دیارە، ئەگەر هەڵویستەکان لە بەشەکانی کوردستان، جیاوازیان تێدا بێت بە پێی رەوشی سیاسی و جیاوازیەکان، رۆڵەکان دابەش بکرێت بەسەر لایەنەکانی هەرچوار پارچەی کوردستاندا ( کە ئەمە بەدوور دەزانم، لەبەر ئەوەی پەیوەندیەکانی لایەنەکانی کوردستان لەسەرجەم پارچەکان لە ئاستێکدا نیە کە بۆ ئامانجێکی ستراتیجی گرنگ پشتی پێ ببەستیت )،ئەگەر ئەگەرە زۆرەکان لە پیش چاو بن، دەتوانین لە هەڵەکانیش کەم بکەینەوە و کاریگەری سەلبی لێکەوتەکانی هەر هەڵوێستێکی نادروست زۆر نەبێت . چۆن ؟
ئەگەر تورکیا داوای لێبوردنیش بکات و دان بە هەڵەی خۆیشیدا بنێت، لە ئێستا بەدواوە پەیوەندی روسیا و تورکیا بۆ ماوەیەکی درێژ ناگەرێتەوە جاری جارانی، ئەمەلە لایەکەوە لە قازانجی ستراتیجی کوردایە، لەلایەکی ترەوە رەفتاری روسیا بە ئاراستەیەکدا دەبێت کە لەقازانجی کوردستانی رۆژئاوادا بێت و لەوەشدا بە روونی دیار نیە کە رۆڵی ئەمریکا چۆن دەبێت، یان دەسەڵاتی رۆژئاوای کوردستان چۆن پەیوەندیەکانیان رێکدەخەنەوە، کە لەسەر حسابی پارچەکانی تر نەبێت و، لەو نێوەندەشدا بە خۆیان نەبنە قوربانی ناکۆکیەکانی ئەمریکا و روسیا لە سوریا . لێرەشدا پێویستیەکی هەرە زەروری هەماهەنگی نێوان لایەنە کوردیەکانی باشوری کوردستان و رۆژئاوای دەوێت (ئەمەش بەدوور دەزانم لەبەر ئەوەی لایەنی دسەڵاتداری کوردستانی باشور لە پەیوەندیەکی توندوتۆڵدایە لەگەڵ تورکیا و بە هیچ شێوەیەک باوەر ناکرێت لەم بارەوە هەنگاوێکی وا بنێت کەلە قازانجی کوردستانی رۆژئاوادا بێت ) .
ئەوەی چاوەروان دەکرێت، کە پەکەکە و رەوتی پرسی کورستانی باکوور لەم مەسەلەیە قازانجی باش بکەن، ئەگەر ئەمانیش بە جوانی بۆ روداوەکان بچن و کاریگەری هەر هەنگاوێکیان لەمبارەوە لەمەر پەیوەندیە نیهَنیەکانیان لەگەڵ ئەمریکا بە جوانی بخوێننەوە و، رۆڵی ئەمریکا لە ناوچەکە بەباشی لێکبدەنەوە، نەوەک هەم لەعەلی بن و هەمیش لەعومەر . لێرەدا دەتوانن لە نێوان ئەمریکا و روسیا، یاریەکی سیاسی جوان بکەن .
کوردستانی باشور و ئەم وەزعە نالەبارە و ناکۆکیەکانی و پەیوەندیە ناجۆرەکانی لایەنەکان و خۆبەستنەوەیان لەگەڵ میحورەکانی ناوچەکە و دابەشبونی بەسەر دوو جەمسەردا، شتی زۆر گرنگی لێ نابینرێت، بەتایبەتی، لەم ناکۆکیە قوڵەی کە تێیدان . بۆیە دەکرێت کوردستانی رۆژئاوا چەندین هەنگاو پێش کوردستانی باشور بکەوێت، ئەگەر وا بە یەکگرتوویی بمێننەوە و ناوەندی بریار رۆڵی کاریگەری خۆی لەدەست نەدات . بۆیە دەکرێت بڵێم لە رووی بابەتیەوە کورد لەم چەند ساڵەدا باش بۆی هاتووە و لە نێوخۆی خۆیدا ناکۆک و نالەبار بووە، بۆیە لە جێگەی خۆیدا چەقی بەستووە . ئەمەش دەیسەلمێنێت کە نەگەیشتنمان بە دوامەنزڵگە لە دەرئەنەجامی زیرەکی و ژیریی ئەوانی تر نەبووە بەقەد ئەوەی لە دەرئەنجامی نەزانین و تێنەگەیشتن و بێتوانایی خۆمان بێت . بۆیە زۆر جار راستەرێکردنی کاروانی سیاسی ناوچەکە لە رووی بابەتیەوە نەک خودیەوە لە قازانجی ئێمە کەوتۆتەوە، بەڵام بەهیچ شێوەیەک ئەو هەلانەمان نەقۆستۆتەوە و بەفیرۆ رۆیشتون . هیوادارم ئەم هەڵتیزکانەی تورکیا قازانجی بۆ گەلی کورد هەبێت، بەڵام بەم عەقڵیەتەی ئەم سەرکردایەتیە و رەفتارو بۆچون و ململانێکانیان، شتی باشیان لێ رانابینم . بەهیوام هاوکێشەکانی ناوچەکە بمانگەنێتە دوائامانج و خەونەکانمان بێنێتەدی و هیچ پێویستیەکمان بە ژیری سەرکردایەتی کورد نەبێت .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست