کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پێویستمان بە ئەنجومەنی حاڵەتی نا ئاساییە

Tuesday, 24/11/2015, 23:02


هەموو رۆژێک لە ناخی خۆماندا دەپرسین: چۆن شەرعیەت بۆ دەسەڵاتی هەرێم دەگەرێتەوە، کێ بەرپرسی یەکەمە بۆ هەنگاونان لەوبارەوە ؟ چارەنوسی گەلی کورد بەرەو کوێ ؟
ئەگەر بمانەوێت پێناسەی شەرعیەت وەک چەمکێکی هەمەگیری گشتی بۆ هەر دەسەڵاتێک لە جیهاندا بکەین، دەتوانین  وەزع و سیفەتەگشتیەکانی وڵات بە مەرجی لە ئارابونی حاڵەتی پەیوەستیی دامودەزگاکان بە یاسا و ئەولەویەتی خەڵک و ئامانجە گشتیەکانیانەوە بێـت،  بۆ  دارشتنی پێناسە راستەقینەکەی  . لە سەرجەم وڵاتانی جیهاندا، بە شێوەیەکی تایبەت و لە مێژویەکی دیاریکراودا یاساکانی  شەرعیەتپێدانی کارو مامەلًەکردن لەگەڵ هاونیشتمانیان و بەرژەوەندیەکانیان بە سانایی بەرجەستە دەبێت و خۆی دەسەپێنێت و، بە شێوەیەکی زۆر ئاڵۆز ،چونێتی بینین و مامەڵە کردن لەگەڵ دەرهاویشتە و روداوەکانی رۆژانەی خەڵک دیاری دەکرێت ودەخوێنرێتەوە و،  ئەم شەرعیەتەش بە چەندێتی و چۆنێتی گرنگیدان بە دوارۆژی هاوڵاتیان  خۆی دەبەستێتەوە .  واتە شەرعیەت بەرجەستەبونی دەسەڵاتی هەر وڵاتێک، شەرت نیە بە شەرعیەتبونی  یاسای خەڵکێکی تر لە وڵاتانی تر ببەسترێتەوە و، وا بزانیت دەبێت بە هەمان ریتم و یاسا و فۆرم و شێوە  ببرێت بەرێوە و، لەو بروایەدا بیت کە دەبێت  بە هەمان  شکڵ و ناوەرۆک بێت، لە سەرجەم وڵاتاندا . بۆ سەلماندنی ئەم راستیە دەڵێین، بەنمونە: شەرت نیە یاسایەکی تایبەتی ولایەتێکی ئەمریکا لە ولایەتێکی تر بەشەرعی سەیر بکرێت و، بەڵکو دەکرێت بە ناشەرعیش لەقەڵەم بدرێت و، ئەویش بە پێی مێژووی ولایەتەکان و یاسا رێگە پێدراوەکان و قازانجى گشتی و بۆچون و رای گشتی  خەڵکەکەی و رازیبونیان بە  یاساکە و بەشەرعی بینینان، شەرعیەت وەردەگرن، کە لە روانگەی قازانجی گشتیەوە تەماشای دەکەن و ، بە بەستراوە یان لێکئاڵاوی یان هەڵهێنجراوی یاسا دانپیدانراوەکان دەبینرێت .
لە شەرعیەتدان بە هەر کردەوە و روداوێک دا، دەبێت زەمان و مێژوو و ژیانی خەڵک و رادەی قازانج و زەرەری گشتی و ،پابەندبونی خەڵک بە یاساوە حسابی بۆ بکرێت . واتە شەرتە کە شەرعیەت پەیوەست بێت بە جەوهەری یاسای تایبەت بە هەر شوێنێک و، مافی گشتی و ئەرکەکان بخوێندرێتەوە و، لەمەشدا وەک شتێکی بابەتی و لە شوێنێکدا دەبێت کە یاساکان بەرقەراربن و دەستور رۆڵی خۆی بگێرێت و یاسا گرنگەکانی پەیوەست بە گەل و نیشتمان خۆیان سەپاندبێت و  جێبەجێکرابن .
ئەوەی لە کوردستان بەرێوەدەچێت لە حکومەت و پەرلەمان و یاسا و رێساکان، بە یاسای گوازراوەی قۆناغێکی گوازراو دەبینرێت و، پشت بە هیچ کۆڵەکەیەکی یاسایی بنەرەتی لە شێوەی دەستور نابەستێت و، دەکرێت بە لاستیکی تەماشا بکرێت و مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت ، واتە بێ هەبونی دەستور بە پشت بە ستن بە یاساگەلێک کەلە پەرلەمان دەرکرابێت بەو شێوەیەی کەوا لە واقعێکی نالەباری پێش و لەکات و دوای شەری نێوخۆیی و تەگەرە هەمەچەشنەکان دەرکرابێت و، وەک دەزانین هیچ  یاسایەک لە سەر ئەرزی واقع تاقینەکراوەتەوە کە لە قازانجی کۆی گشتی ژیانی خەڵکدا بێت  یان لە دژی وەستابێتەوە لە پراکتیزەدا . ئەو یاسایانەش لەگەڵ وەزعی ئێستای گەلی کوردستاندا دەگونجێت یان بە بەسەرچونی کات هیچ بەهایەکی نامێنێت . ئەگەر حسابی ورد بۆ ئەمرۆی کوردستان بکەین، لەبارەی بەسەرهات و روداوەکانی نەهێشتنی بەناو ئەو شەرعیەتەی، کە لە رووی پێناسەی شەرعیەت و یاساوە بەهیچ شێوەیەک خۆی لەقەرەی شەرعیەتی راستەقینە نادات، بۆیە ئەم کردەوانەی لەم دواییەی پارتی، خۆی  لەخۆیدا نەهیشتنی شەرعیەتی ناشەرعی واقعی یاسایی کوردستان بووە . لێرەدا ئەگەر ئەو حسابە وردەی شەرعیەت لە باری یاساییەوە بکەین، دەبێت بە ریشەیی لە روی پەیوەستی شەرعیەت بە یاسا و ئەولەویەت و مافی گشتی و، لەهەموو گرنگتر نەبونی شەرعیەتی دەوڵەت و یاسا پەیوەستەکانی و  سەرگەردانیی لە نێوان دەستوری عیراق و نەبونی دەستوری هەرێم دا خولمان خواردۆتەوە .
بۆ گەرانەوەی بە ناوشەرعیەتی کوردی، پێویستمان تەنها بە گەرانەوەی شتەکانە بۆ جێگەی خۆی، واتە لە رووی جەوهەری کێشەکەوە، دوبارە خۆخەریک کردن بە کاری نەشەرعی بە ناوی شەرعیەتەوە، کە هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی چەندین ساڵە لەسەری دەروات .  واتەئەو کۆمەڵە یاسایانەی دەرچون پشتیان بە دەستورێکی شەرعی هەڵقوڵاوی بارودۆخی تایبەتی و  مافە گشتیەکان و ئەولەویەت نیە کە لە مەرجە سەرەکیەکانی شەرعیەتدانن بە هەر یاسا و رێسایەک . 
بۆیە  گەڕانەوەی سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکانی گۆران بۆ سەر کاروباری خۆیان، مەرج نیە شەرعیەت بدات بە ئەو واقعەی کە هەیە، لەبەر ئەوەی لە هەر کات و زروفێکدا هەر خەڵکێکی تر بتوانێت ئەم شەرعیەتە لە ناو بەرێـت و خەڵکیش هیچ نوتقێکی لێ نەیەت، ئەوە خۆی لە خۆیدا شەرعیەتەکە بێ پشتگیری جەماوەر وگەلی کوردستانە، واتە بی هیچ کۆڵەیەکی سەرەکی شەرعیەتی زانستیانەی واقعی دسەڵاتە و، لە دەرئەنجامدا ناتوانرێت بە شەرعی لەقەڵەم بدرێت . 
هەر بۆیە، پاش گەرانەوەی هەموو گۆرانکاریەکانی ئەم دواییە بۆ پێش 12ی تەشرینی یەکەم و، ئەگەر لایەنەکان رێکبکەون بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی حاڵەتی نائاسایی بۆ دارشتن و تێپەراندنی دەستور و هەڵبژاردنی پێش وەخت لە نزیکترین کاتدا، باشترین و کورتترین رێگە دەبێت بۆ گەرانەوە و نەهێشتنی شەرعیەتە ناشەرعیەکە  و لە هەمان کاتدا بەدیهێنانی شەرعیەتی راستەقینە وەک چەمک و بنەمایەکی سەرەکی ژیانی مۆدرێن و سەردەمایانەی خەڵکی کوردستان .
 بە کورتیەکەی، لەم حاڵەتەدا هەموو لایەنەکان و ئەوانەی لەم روداوانە توشی ئیحراجی بون و بەدوای روسوریەک دەگەرێن بۆ گەرانەوە بۆ حاڵەتی ئاسایی، لەو بارودۆخە رارایی و نیگەرانیە حزبی و سیاسیی تێیدان، رزگاریان دەبێت و ،بە پاکێجێک بەشێوەیەکی ریشەیی قەیرانەکان چارەسەر دەکرێت و، لەم رێگەیەشەوە بناغەی چارەسەری بۆ پرسە درێژخایەنەکەش دەدۆزرێتەوە . واتە ئێمەی کورد لە حاڵەتی نایاسایی و ناشەرعی دامودەزگاکانداین، بۆیە پێویستمان  بە پێکهێنانی ئەنجومەنی حاڵەتی نا ئاساییە بۆ دارشتنی دەستور و  یاساکان، لە کەسی یەکەمی لایەنەکان و یاساناسانی شارەزا و خەڵکی دڵسۆز، بەوەش دەتوانرێت یەکەمین هەنگاوی گەرانەوەی شەرعیەت بنرێت و، لە قەیرانە هەمەجۆرەکان رزگارمان بیـَت .   

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە