کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شەری حزبی بە کوردبونەوە مەکەن و مەرامەکانتان بە کوردنەبونەوە مەفرۆشن

Friday, 13/11/2015, 20:35


زۆر جار بەهەڵەدا دەچین و لە کاردانەوەیەکدا رەش و سپی تێکەڵ دەکەین و، بە تەسکبیریەوە بۆ چەمک و بابەتێک شیکاری دەکەین، بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە بناغەو  هۆکاری ئەو روداوەوە نیە، کە ئێمە قسەی لەسەر دەکەین و هەڵوێستی لەئاستدا وەردەگرین .
پابەند بون بە نەتەوە و نەتەوایەتی، تەنانەت ئەگەر وەک غەریزەیەک تەماشا بکرێت و بە بنەما وەربگیرێت نەک بگاتە حاڵەتی شۆفینیەت، قازانجی زۆری دەبێت بۆ مرۆڤ ، بەڵام تۆ  هەموو روداوەکانی رۆژت ببەستیت بە لێکەوتەکانی رۆژانەی رەفتاری نەتەوەوە، ئەوە بەهیچ شێوەیەک لە قازانجی کەسدا ناکەوێتەوە . ئەگەر زەمینە و پێداویستی و هاوکێشەکان و رادەی رۆشنبیری میلەت و قۆناغەکە لەو ئاستەدا بێت و، لە مافە سەرەتاییەکان بێبەش نەبوبیت و لەگەڵ ئەویتری ئینسان هەموو مافێکتان وەک یەک بێت و یەکسانی بەرقەراربوبێت، هیچ پێویستیەک بۆ جاردان و پەیوەست بوون بە نەتەوە و شەرکردن بۆ جیاکردنەوەی نەتەوە نامێنێت . بۆیە ناکرێت نەتەوە و نەتەوایەتی بکرێتە موڵکی لایەنێک و پەیوەست بکرێت بە رەفتار و مامەڵەی هەر لایەنێکەوە یان بە دیاردەیەک یان روداوێکی دیاریکراوی رۆژانەوە . ئەمە کردەیەکی مێژوییە و هیچ پەیوەندی بە کۆمەڵە کەسێکی دیاریکراوی نێو نەتەوە کەوە، یان لایەن یان بزوتنەوە یان گردبونەوەیەکەوە نیە، تاوەکو هەموو کارە نێگەتیڤەکانی ئەو خەڵکانە لە چاو یان لە کڕوکی چەمکی نەتەوەدا بخوێنینەوە .
هیچ کەس و لایەنێک ناکرێت بەتەنها خۆی بە خاوەنی نەتەوە بزانێت و هەر پێشێلکاریەک کرا بە رەفتاری نەتەوە لەقەڵەم بدرێت، یان لە دژی نەتەوە بەکاربهێنرێت، یان لایەنی پێشێلکار بە نەتەوە و نەتەوەیایەتی یەکسان بکرێت و، ئەوەی دەیکات بە کردەوەی نەتەوایەتی ببەستیتەوە . ئەوەی لەم رۆژانە روویداوە لە پێشێلکاری یاسایی و لەدەرئەنجامی ململانێی حزبیدا بووە، کە هیچ پەیوەندیەکی بە نەتەوە و نەتەوایەتیەوە نیە و، بەڵکو بە رەهایی دژی یەکێتیی نەتەوە و ئامانجەکانی نەتەوایەتیە، لە لایەن سەرجەم لایەنەکانەوە و لە پیشەوەی هەموویاندا پارتی دیموکرایت کوردستان و، لەدەرئەنجامی ملنەدانە بۆ هیچ چارەسەر و راو بۆچونێک کە لەقازانجی میلەتدا بکەوێتەوە و، ئەوەی کراوە لە سەر بنەمای حزبایەتی تەسک و بەرژەوەندی  حزبی و کەسیی کراوە  و، دژ بە یاسا و رێرەوی راستی پێشکەوتنی ژیانی خەڵک ئەنجام دراوە . ئەگینا نەتەوە و خەڵک لێی بێبەرین . لە روداوەکانی ئەم دواییەدا، ئەگەر لایەنێک هەموو عورف و یاساو نەرێتیکی پێشێل کردبێت بەڵام رەفتارێکی راگوزەر و لەدەرئەنجامی قەیران و یەکتربری لایەنەکاندا بووە نەک نەتەوەیەک، ئەگەر چەندین جاریش دووبارە کرابێتەوە ، ئەگەر کۆی گشتی جەماوەر و ئەندامان و  کادران و سەرکردایەتی سەرجەم لایەنەکان بەو رەفتارەش رازی بن، چونکو نەتەوە و نەتەوەایەتی زۆر جیاوازە لە کەس و حزب و حزبایەتی و سیاسەت . جێگەی داخە کە لەبەر هەندێک بیرو بۆچونی تەسک و  نازانم لەدەرئەنجامی حزبایەتی یان ناوچەگەرێتی بێت،  جیاوازی خیانەت و ئاڵۆزی و ناکۆکی حزبی نەکەین و بە ئامانجێکی تر قسە لەسەر رووداوەکان بکەین . 
ئەوەی لە 12 ی ئابدا رووی دا پێشێلکاریەکی زەقی دژ بە یاسا و ململانێی راستی حزبایەتی بوو، کە بە ملهوری و لەپێناو کۆمەڵە کەسێک و حزبێکدا ئەنجام درا، بەڵام ناکرێت بە هێنانی سوپایەکی دوژمنێکت بۆ سەر میلەتەکەت بەراوردی بکەیت، کەچۆن ناوزەدی بکەیت و، بەهەر شێوەیەک پێناسەی بکەیت، خیانەت یان هەڵەی گەورە ئەوە قسەیەکی ترە . بەڵام ئەو کردەوەیە کە لە خیانەت کەمتر هەڵناگرێت، قەیرانەکان لە نێوخۆییەوە خستە بەردەستی دوژمنان و لە رێژنەی خۆی دەرچوو و، بە هیچ هەوڵێکی نێوخۆیی چارەسەر نەبوو، ئەگەر هەوڵی خێرخوازانەی دەرەوە نەبوایە و بەرژەوەندی تەسکی کەسیی تێ نەکەوتبایە. لەوێدا نەتەوە بوو زیاتر زەرەری لێکرد نەک لایەنێک و دووان و کەسێکی دیاریکراو .
کێشە سەرەکیەکەی ئێمە ئەوەیە، کە هەمیشە لە روانگەی حزبایەتی و سیاسەتی حزبی خۆمانەوە شیکاری بۆ روداوەکان دەکەین و، قەبەی دەکەینەوە و زیادەرۆیی تێدا دەکەین و، ئەوەی دژی لایەنێکمان کرابێت بە دژی هەمو کوردمان لەقەڵەم داوە . ئەم رووداوانەی دوایی هەرێمی کوردستان لە دەرئەنجامی ملهوری و بەرژەوەندی تەسکی کەسیی و حزبی و نەزانین و زاڵبونی عەقڵی عەشایەری و دژ بە یاسا هەموو نەریتێکی ماقوڵی کوردستانی خستە لاوە، بەڵام ئەم کردەوەیە لەلایەن نەتەوەکەوە رووینەداوە تا بخرێتە ئەستۆی نەتەوە . تۆیەک کە کردەوە و رەفتارەکانی سەدامی دیکتاتۆر و بەعسی خوێنمژ دژ بە میلەتی کورد نەخەیتە ئەستۆی نەتەوەی عەرەب بەگشتی، چۆن دەتوانیت رەفتار وکردەوەکانی بەرزانی و پارتی بخەیتە ئەستۆی نەتەوە ی کورد و، تەنانەت ناتوانی گومان لە کوردبونی ئەندام و هەواداران و کادرانی ئەو لایەنەش بکەیت. ئەمە هەڵسەنگاندنێکی کاردانەوەییانەیە و لە دەرئەنجامی تورەیی و دور لە مەنتیق کراوە . بۆیە بە هیچ شێوەیەک  کوردبون نابەسترێتەوە بە حزبیبونەوە . مەعقولە لە پاش 31ی ئاب بیر لە پارچەپارچە بون و پێداچونەوە لە چەمکی کوردبون  و گومان لە کوردبونی خەڵک نەکرابێتەوە، لەم قەیرانەی ئێستا بەم تێروانیە تەماشای روداوەکان بکەیت . ئەوەی یەک نەبووە هەمیشە لایەنە سیاسیەکان بوون ،لە بەرامبەردا گەلی کورد یەکبون و یەکێتی و هاوبەشی و یەکبیری خۆی لە زۆر لاوە سەلماندووە و، لە کۆتاییدا هیچ کەسێَک نەیتوانیوە یەکێتی بیر ی کوردبون لە خەڵک وەربگرێتەوە، سەرەرای ئەوەی دوژمنان هەمیشە لەسەر ئەم چەمکە کاریان کردووە، ئەگەر دوژمنان و لایەنی تەسکبیری نێوخۆییش باوەری بەوە نەبوبێت کە کوردبون لە فکر و عەقڵی میلەتدا چەسپیوە، بەڵام ئەگەر هەڵە و کەموکورتی و نزمی رادەی رۆشنبیری و نەبونی نوخبەی ژیر و بیر فراوان هەبوایە ئێستا کورد و کوردستانیش لە ئاستێکی تردا دەبوون . بۆیە دەبێت بە عاقڵانە و بیرفراوانەوە، هەڵسەنگاندن بۆ سەرجەم رووداوەکان بکەین و مامەڵەی لەگەڵدا بکەینو، نابێت شەری حزبی و بەرژەوەندی کەسیی و حزبی بە کورد و کوردستان بفرۆشینەوە. بۆیە کوردبون پەیوەست نیە بە هیچ حزبی بونێکەوە .  

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە