کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بێ دینەکانی کوردستان لە کوێن ؟

Thursday, 08/10/2015, 22:56


لێرەدا بە تایبەتی باس لە کوردستان دەکەم، باشیش دەزانم لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بە شێوەیەکی رێژەیی و جیاواز لە شوێنێکەوە بۆ ئەویتر هەمان واقع و زەمینە دەبینین . زۆرێک لە ئاین و ئاینزاکان بە زۆر کۆن و رەسەنەکانەوە تاوەکو هاوردەکانیش کە زادەی بیرو عەقڵ و رەوتی مێژوویی میلەت و نەتەوە و خەڵکی غەیرە کوردن، بە ئازادیەکی رەهاوە  رێورەسم و پەرستن و عیبادەتی خۆیان دەکەن و  سرووت و  رەفتاری ئاینی و خوداپەرستی و رینمایی خۆیان  لە کوردستاندا پەیرەو دەکەن و بڵاویش دەکەنەوە و، ئەگەر بۆ کۆی گشتی گۆشارەی بیرو فکری میلەت  و تەنانەت تاکیش  زەرەریشی هەبێت، کەس ناتوانێت و بۆی نیە بە هیچ شێوەیەک رێگەیان لێ بگرێت و تەنانەت رەخنەشیان لێ بگرێت . کەچی خەڵکی تر چەند لە ئاستی عەقڵانی  و رۆشنبیری و زانستی بەرز  بێت  و ئەگەر بۆچۆن و باوەری خۆی بە شێوەیەکی رێژەییش ئاشکرا بکات،ئەگەر لەگەڵ بۆچون و باوەرەکانی ئەواندا نەگونجێت یان نەیەتەوە، تەکفیر دەکرێت و بە زەندیقیش لەقەڵەم دەدرێت .
لە دونیادا ئەوەی دەبینرێت زۆرێک خەڵک بێدینن نەک بێباوەر یان بێخودا( مولحید) و، هەروەها بێدین و بێباوەریش (مولحید)بونیان هەیە، بەڵکو ئەمانەش پشتیان بە کۆمەڵێک بیرو عەقڵیەتی تایبەت بە خۆیان دەبەستن و، لە ژیاندا پەیرەوی  بیروبۆچونی عەقڵانی و زانستی تایبەت بە خۆیان  دەکەن، کە بە شێوەیەکی پلەبەندی یان کتوپر پێی گەیشتون . ئەوەی لە کوردستاندا بەدیناکریت و کەس ناوێرێت بە ئازادیەوە باسی لێوە بکات،  باوەر نەبونە بە ئاین بە هەردوو بەشەکەیەوە؛ باوەرنەبون بە ئاین و باوەرنەبون بە خودا لە لایەک یان باوەرنەبونە بە هەردوو: ئاین و خوداش(ئیلحاد )  لەلایەکی ترەوە  ( لێرەدا قسە لەسەر هەندێک رێکخستن و حزب ناکەم کە ئەو بیروباوەرە وەک ئایدیۆلۆجیا بەکار دێنن بۆ مەبەستی سیاسی دوور لە فەلسەفە و عەقڵمەندی سەربەخۆ ) .
لە هەر شوێنێکدا، ئەگەر باس لە باوەری بێ دینی و بێ خودایی ( ئیلحاد ) لە رووی فەلسەفیەوە بونی نەبوو واتە فکری خۆ سەپێن و نەبونی ئازادی خۆی فەرز کردووە، ئەمەش لە وڵاتە دواکەوتوەکان بە شێوەیەکی رەها رەنگیداوەتەوە و کوردستانیش بەدەر نیە لەم حاڵەتە ( لێرەدا باس لە نهێنی بونی خەڵکی خاوەن ئەم جۆرە بیروباوەرە ناکەم  کە ناتوانن تەنانەت لە نێو خێزانەکانی خۆیشیاندا بیدرکێن ) .  ئەوەی لەم رۆژگارە وردبێتەوە دەزانێت لەم زەمانە گۆراوە پێشکەوتوەی زانست و عەقڵدا لەم سەردەمی گلۆبالیزەیشنەدا مەعقوڵ نیە هیچ شوێنێک نەگەیشتبێتە رادەی بیری بێخودایی یان هیچ نەبێت بێدینی کە باوەری بە بەسەرچونی قۆناغی ئاین هاتبێت و گومان زاڵ بێت و زانست وەڵامدەری سەرجەم پرسیارە فەلسەفیەکانی بێت .
لێرەدا باس لە کاردانەوە ناکەم لە رەفتار و بیرکردنەوەی هەندێک خەڵکدا دوور لە عەقڵانیەت و باوەربون بە بێدینی لە رووی قەناعەتی عەقڵانی و بیری زانستیەوە جۆرە رەفتارێکی شاز و ناباو لە پێناو کۆمەڵە ئامانجێکی دیاریکراوی تایبەتی دەنوێنن . زۆرێک لە خەڵکانی کوردستان وەک سەرجەم دانیشتوانی جیهان باوەریان بە تیۆریەکانی رێژەیی ئاینشتاین و پەرەسەندنی داروین هەیە لە هەمان کاتدا باوەریان بە خالق هەیە، لەبەرامبەردا زۆرێکی تر باورەیان بە خودی تیۆریەکان وەک خۆی هەیە بە شێوەیەکی زانستیانە و  دوور لە سەپاندنی باری کۆمەڵایەتی و داب و نەریت و ترس لە تەکفیری ئاینی و باوەریان بە خالق نیە .
لێرەدا دەکرێت لە چەند لایەکەوە باس لە باوەربونی خەڵک و گۆرینی بیروباوەر و پەرەسەندنی عەقڵی مرۆڤ  بکەین، کە لەسەر بنەمای زانستی، سایکۆلۆجی،کۆمەڵایەتی، گوتاری دینی، لە هەمووی روونتر و پتەوتر لەسەر بنەمای عەقڵانی  دوور لە هیچ کاردانەوەیەکی ژیانی رۆژانە و بەسەرهاتی تاکەکەسی و قورسایی ژیانی ئابوری و خزمەتگوزاری  و بەربەستە کۆمەڵایەتیەکان، بکەین .
ئەگەر خۆمان بەدوور بگرین لە ململانێی ئایدیۆلۆجی و چەواشەکاری و موزایەدەی سیاسی، قسەمان راست و رەوان بێت،خەڵکانێک هەن بە پشتبەستن بە بناغە فکری و ئایدیۆلۆجی و تەنانەت فەلسەفیەکان بە چواشەکاریانەی حزبی رووت قسە دەکەن و، لە لایەکی ترەوە زۆرێک لە خەڵکی رۆشنبیر و تەنانەت زانستخواز دەبینین خۆی بەدوور دەگرێت لە وتنی حەقیقەت و باوەر و بۆچونی خۆی لە پێناو رازیکردنی دابو نەریت و کۆی گشتی بیری کۆمەڵگەدا لە راستیەکانی تەنانەت بیرکردنەوە و باوەربونی خۆی بەدوور دەگرێت یان لە پێناو جەماوەرێتی وکاری حزبی قسەو رەفتارێک دەکات کە دژ بە باورە و بۆچون و عەقڵیەتی تەنانەت خۆیشی بێت . ئەگینا زۆرێک لەو رۆشنبیر وزانا و زانستخوازانە دەبینیت بە نهێنی و بە فسکە فسک لە زەمینەیەکی ترس ئامێزدا باس لە بێباوەری خۆی بە ئاشکرا دەکات و تەنانەت باوەری بە خالقی ئەم کەونەش نیە کەچی لە دیدار و چاوپێکەوتنە ئاشکراکاندا خۆی لە مەلایەکی ئیسلامی وەک خۆیان دەڵێن دوانزەعیلمی دینی بەدین تر لەقەڵەم دەدات، ئایا لە رووی کۆمەڵایەتی و ئیتمای حزبیەەوە  حەقی خۆیەتی و ئازادە چی ئەکات ؟ ئەوە قسەیەکی ترە . ئەمەش لەبەر ئەو هۆکارە کۆمەڵایەتیانەی پێشتر باسکران و تەنانەت ترس لە کوشتن و لەناوبردنی لەلایەن رێکخستنە ئیسلامیەکانی جیهانەوە و لەنیۆویشیاندا ئەوانەی کوردستان کە تادوێنی تەکفیری سەدان خەڵکیان کردو تەنانەت دەستیان لە تیرۆر و لەناوبردن نەپاراست . 
بۆیە، بۆم هەیە بڵێم ، بێدین و بێباوەر و بێخالقەکانی کوردستان زۆرن ،بەڵام توانا و بوێری و جورئەتی دەرکەوتنیان نیە، جگە لەوانەی لە چوارچێوەی حزبدا خۆیان قەتیس کردووە و ،حزبە ئیسلامیەکان لە پەراویزخستن و لاتەریک کردن و  مەنبوز کردنیان لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا سەرکەوتنی رەهایان بەدەست هێناوە، ئەمەش هۆکاری بابەتی و خودی خۆی هەیە، ئێرە جێگەی باسکردنی نیە، ئەگینا خەڵکی بێدین و بێباوەر و بێخالقی زانستخوازی بێلایەن زۆرن، بەڵام تا ئێستا تەنانەت لە چوارچێوەی رێکخرواێکی مەدەنیدا خۆیان دەرنەخستوە  . 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە