کام ئەولەویات گرنگە بۆ گەلی کوردستان ؟
Monday, 05/10/2015, 20:06
لەم کاتەدا کە خەڵک بە دەستی بێ موچەیی و نالەباری رەوشەکە و نەبونی بژێوی ژیانی رۆژانەوە دەناڵێنێت و،فەراهەم نەبونی هیچ پێویستیەکی سەرەتای ژیانێکی سادەی بۆتە مۆتەکەی بارودۆخی گشتی خەڵکی کوردستان و،وا دەبینین، هەر یەکە و لای خۆیەوە بە پێی بەرژەوەندیە تەسکەکانی مامەڵە لەگەڵ قەیرانەکاندا دەکات و ئەولەویەت دانێت .
با بزانین، شەری داعش، هاوپەیمانێتیە چوارقۆڵیەکەی روسیا و کاریگەریەکانی لەسەر کوردستان و هاوپەیمانێتیە کۆنەکەی ئەمریکا، قەیرانی پێگەی سەرۆکی هەرێم، نەبونی موچە و قەیرانی دارایی، کامەیان ئەولەویاتی خەڵکی کوردستانە و کامیان ئەولەویەتی شەخسە دەسەڵاتدار و حزبەکانە .
بێ زیادەرۆیی، بێگومان حزبێکی دەسەڵاتداری وەک پارتی ئەولەویەتی گوێنەدانە بەوەی بۆ گەل ئەولەویەتە؛ واتە نەبونی موچە و قەیرانی دارایی، لای ئەو هیچ گرنگیەکی نیە، تاوەکو بۆی بچێتە سەر و بە ئاگر و ئاسن حوکمی خۆی رایی بکات و، کەس نەوێرێت نوقە بکات . بۆ ئەو لایەنەکانی تریش گرنگ بەرژەوەندیە تایبەتیە حزبیەکانە پێش هەموو شتێک، سەرەرای ئەوەی لەگەڵ ئەوانەشدا تێکەڵیەکیان لە نێوان بەرژەوەندی تایبەت و بەرژەوەندیە گشتیەکانی گەلی کوردستاندا کردووە، کە تاکو ئێستا هیچ هەنگاوێکیان نەهاویشتوە کە جیاکاری نێوان ئەو بەرژەوەندیە بکات و ئەولەویاتی خەڵک لە پێش بخەن. ئەگینا دەپرسم، مەعقولە کۆبونەوەیەکی چارەنوسسازی چەند قۆڵ قۆڵێنە لەبەر خاتری غیابی کەسێک دوابخەیت و باس لە ئەولەویەتی وا بکەیت، بە روونی دەریبخەیت، کە هیچ لەحزەیەک بیرت لە وەزعی گەلی کوردستان نەکردبێتەوە، وەک ئەوەی نا بات دیبێت نە باران . مەعقولە قوت و نان و بژێوی منداڵانی کوردستان بۆ ململانێەکی سیاسی حزبی تەسک بەکار بێنیت و مێشیش میوانت نەبێت .
ئەگەر پێشتر گومانێک هەبوبێت ئەوا ئەمرۆ لای هەمولایەک ئاشکرا بوو، کە پارە هەیە و بۆ یەکلایی کردنەوەی پرسی سەرۆکی هەرێم بەکار دێت . بۆ خەڵک روون بوەوە، کە ئەم دەسەڵاتە بە هیچ شێوەیەک مل بۆ داخوازی و پێویستیەکانی خەڵک نادات و ئەو چەواشەکاریانەی کە بۆ دەمکوت کردنی خەڵک بەکاردێت چ مەرامێکی سیاسی لە پشتیەوەیە ، ئەگینا نەبونی پارە و داهات بۆتە وەرەقەیەکی دۆراوی دەسەڵات و پارتی کە بە تاق و تەنها دەستی بەسەر قوتی خەڵکدا گرتووە و، جارناجارێک خێرو سەدەقە بەوانی تر دەکات و خۆی لە ئەولەویاتی خەڵک بێ باک کردووە .
چارەسەری ئەم قەیرانانە بە بونی فیرعەون و زوڵم و زۆرداری و دیکتاتۆریەت بە چی دەکرێت، بە خۆپیشاندان یان مانگرتن یان هەڵوێستی شۆرشگیرانەی توند کە هەموو کیانی دەسەڵات و بە تایبەتی ملهوری پارتی بلەرزێنێت و لەق بکرێت و، رەفتارێک بکرێت کە لە دونیادا دەنگ بداتەوە، تاوەکو هیچ لایەنێک جارێکی تر جورئەتی ئەوە نەکات وەک ئاغا کۆنەکەی شۆرشە کۆنەکە خەڵک بچەوسێنێتەوە بۆ کورسیەکی ئاغایەک. تا دوێنی منەتی بەوە نەبوو، تەنانەت دەیوت ئەو کورسیە فەرز کراوە بەسەریدا، بەڵام لەم خولەدا هەموو شتێک درا لەمەحەک و چاوەشەکاری بۆ هەموو لایەک تەنانەت هەواداران و ئەندام و کادرانی پارتیش ئاشکرابوو .
ئەگەر ئەم قەیرانە هەمەجۆرانەش چارەسەربن، دەبێت باش بزانین کە تاوەکو پارتی و دەسەڵاتی ئیستا بەم شێوەیە بێت و بەم جۆر بیربکەنەوە، هەمیشە رارایی و نیگەرانی بەشی خەڵکی کوردستان دەبێت . بۆیە تاوەکو هەوڵ و تەقەلای هەموو لایەک بەو ئاراستەدا نەبێت کە پارتی لە عەرشی عاج بهێنێتە خوارەوە ئەم قەیرانانە بەرۆکی خەڵکی کوردستان بەرنادات و، پاشەکشە لە سەرجەم بوارەکاندا دەکرێت و، شکستی هەمیشەیی چارەنوسی پرسی کورد دەبێت . وەک ئێستا دەیبینین بە چی گەیشتوین، کە لە خۆبادان بە داواکردنی سەربەخۆیی بۆ کوردستان بێ هیچ بنەمایەک گەیشتینە مەحاڵبونی سەربەخۆیی و پارانەوە لە ناەوەندی عیراق و سەرجەم وڵاتان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کە بەهانای ئەم دەسەڵاتە گەندەڵەی کوردستانەوە بێن و، لە قەیرانەکانی رزگاری کەن کە بەرژەوەندخوازی شەخسی و حزبی و نەفامی و نەزانین دروستی کردون، بۆیە تاکە چارەسەر، خۆ ئامادەکردن و یەکگرتویی خەڵکە بۆ لەناوبردنی هۆکاری سەرەکی قەیرانە یەک لەدوای یەکەکان و، بە وەلا خستنی لایەنی ملهور دەبێت بە هەر شێوەیەک بێت ، بە ئالیەتی دیموکراسی بێت، یان ئەگەر ئەو رێگەیەش گیرا ئەوا راپەرین و شۆرش تاکە بژاردەیە کە بۆ خەڵک دەمێنێتەوە، ئەگینا زاڵبونی زیاتری دەوروبەر بەسەر کوردستان و، لەناوچونی ئەزمونەکە ئەگەری هەرە بەهێزی دوارۆژی بارودۆخە نالەبارەکەی کوردستان دەبێت .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست