کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەو رۆشنبیرانە كێن بۆ مانەوەی بەرزانی داوای شكاندنی یاسا دەكەن

Friday, 07/08/2015, 0:32


دیارە میدیاكانی پارتی دیموكرات ناوی كۆمەڵێك خەڵكی بەناو خەمخۆری ئەم گەل و نیشتمانەیان  بڵاو كردەوە كە داوای مانەوەی مەسعود بارزانی دەكەن بێ ئەوەی لە رووی یاساییەوە بیر لەو داوایە بكەنەوە . ئەوانەن بۆ بەدبەختی كە نازانن ئەوەی رۆشنبیر و هونەرمەند و هزرفان و نوسەر و ئەكادیمی بێت یەكەمین پرەنسیب و بنەمای ژیانی دەبێت پێی لەسەر داگرێت کە پاراستن و سەروەری یاسا پێش بەرژەوەندی كەس و لایەن . لێرەدا باسەكەمان لەسەر ئەو كەسانە نیە كە لە دەروەی هەرێم و تەنانەت عەرەب و عەجەم و سەماكەر و هۆزانفان لەسەر بەرژەوەندی شەخسی بۆ مانەوەی بەرزانی لەسەر كورسیەكەی ئیمزایەكیان كردووە، جگە لە خودی بەناو رۆشنبیرە حزبیەكان كە تەنها پیشەكەیان لە پێناو كاری حزبیدا بەكار دێنن و وەك دەبینن بۆ رۆژی تەنگانەی وەك ئەمرۆ بەكاریان دێنن و پێیان دەڵێن بۆ ئەمرۆ نەبن بۆ چی باشن، بەڵكو قسەی ئێمە لەسەر خەڵكانێكی دیاری ناولیستەكەیە كە جگە لە ساویلكەیی و دلسۆزی بۆ قۆناغەكە هیچی تری بەو شێوەیە بە هەڵەی نەبردون و لەوە دەچێت كە تەنها لە روانگەی هەستیاری قۆناغەكەوە ئەو داوا نایاساییەی پارتیان ئیمزا كردووە بۆ مانەوەی بەرزانی وەك سەرۆكی هەرێم، بێ ئەوەی لە رووی یاساییەوە لێكیبدەنەوە .
لێرەدا زۆر شتی رۆژانی شەری ناوخۆ و رۆڵی چین و توێژەكانم دێتەوە یاد كەتەنها وەك ئامرازێك بۆ مەرامی كاتی و هەنگاوی حزبی بەكاردەهێنران و وا ئەمرۆ ئەو كردەوەیە دووبارە دەكرێتەوە . هەر بەم راگەیاندنە زۆر شتی تریشمان بۆ روون بووە و ئەوانەی لافی بێلایەنیان لێ دەدا، كە پێویست بوو وا بن بۆ هیچ نەبێت بۆ پاراستنی بەهاو ئەخڵاقیەت و شەرەفی كارەكەیان، بەڵام لە یەكەم هەنگاوی حزبی ئەو چاوەشەكاریەیان بۆ هەموو لایەك دەركەوت . 
ئەگەر بە لیستی ناوەكاندا بچیتەوە زۆر دەم وچاوی وات دێتەوە بەرچاو كە لە سەنگەر گۆرینەوەی زەمانی فیفتی فیفتی و شەری ناوخۆدا پێشرەو بوون و لە پاراستنی بەرژەوەندیە شەخسیەكانی خۆیان هەزار و یەك شەقیان لە بەرژەوەندیە باڵاكان دەدا و ئێستا سەرەتای بەكارهێنانیان لەلایەن حزبەوە هەرچەند لەسەر حسابی یاساش بوبێت، دووبارە دەردەكەوێتەوە .
 كەسێك كە دیموكراسی لای گرنگ نەبێت و شەخس پەرستی مەبەست بێت، كەسێك وا بزانێت كە كوردستان كەسێكی تیدا نیە لەم وەزعە باشتری بكات و بەرێوەی ببات، كەسێك كە دەستاودەست كردنی دەسەڵات لای ئەو هیچ نەگەیەنێت، كەسێك لە روانگەی بیر تەسكی پێگە و پایەی خۆی بیر بكاتەوە ، چۆن ناوی لێبنێیت رۆشنبیر و نوسەر و تەنانەت هزرمەند و هەزار ناو ناتۆرەی تر . 
لێرەدا دەبێت بڵێین ئەگەر كەسی حزبی  هەر كردەوەیك بكات لەوانەیە بەهانەی خۆی هەبێت و ئەوە پسپۆریەكەیەتی لە پێناو ململانێی ئەویتر هەزار و یەك فرت وفێڵ و چەواشەكاری بەكار دەهێنێت، بەڵام بۆ خەڵكانێك كە خۆیان لە رێزی رۆشنبیران دابنێن بۆ لەمپەر خستنە بەردەم یەكەم هەنگاوی سەپاندنی دیموکراسی راستەقینەدا  بەكاربهێنرێن، بە بەهانەی جیاوازەوە،ئەمە جێگەی سەرسورمانە، بەڵێ هەر لەناو ئەو ئیمزاكەرانە خەڵكانێك هەن پێشتر من بەوەم رادەبینی كە ئەو بۆ سەرۆكی هەرێم بشێت،بەڵام داخەكەم لەیەكەم هەنگاودا ناخی دەركەوت و ئاستی بۆ هەموان روون بووەوە كە تەنها هەر بە شێوە وایە نەك ناخ و مەعریفەت . بۆیە لە كوردستانی ئەمرۆدا لەم كردەوە و هەنگاوەی رۆشنبیرانەوە، ئەگەر هەڵخەڵەتابن یان بە رەزامەندی خۆیان بێت، كڵۆڵی میللەتەكەم دەردەكەوێت و غەم و رەشبینی داماندەگرێت . دەكرێت بڵێین رۆشنبیر و هزرمەندی راستەقینە لە كوردستاندا ئەگەر هەبێت ئەوە لەپەنجەكانی دەست تێپەر ناكەن . خوا یارمەتی میللەتەكەمان بدات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە