ئایا تێپەراندنی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم دژی سازان بوو؟
Tuesday, 04/08/2015, 13:39
سەرەتا دەبێت بڵێین بەڵێ تێپەراندنی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بەدەر لەسازانی سەرجەم لایەنەكان هاتەبەرهەم و لایەنێكی سەرەكی و هەندێك پاشكۆی تر بەو كارە رازی نەبوون و بایكۆتی دانیشتنەكەیان كرد، ئەمەش یەكەمین جارە كە یاسایەك بەو گرنگیەی دوور لە پارتی خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكرێت و وەك وەرچەرخانێكی گرنگ لە كاروان و تەمەنی بیست و سێ ساڵەی كار و رەفتار و بریارەكانی پەرلەمان حسابی بۆ بكرێت .
ئەگەر بە بێلایەنی و ئینسافەوە باس لەم هەنگاوە بكەین، دەبێت ئەوە بڵێین كە زۆرێك لە یاسا گرنگە خاوەن رەهەندە نیشتیمانی و نەتەوەییەكان بە سازان و كۆبونەوە و رێككەوتنی لایەنەكان لەدەرەوەی پەرلەمان تێپەرێنراون، بەڵام هەمیشە لەو سازانانە پارتی دیموكراتی كوردستان برا گەورە و خاوەن بریار ی یەكلاكەرەوەی چۆنێتی تێپەراندنی یاسا و بریارەكان بووە و ئەگەر بە میلیم لەزەرەری حزبی و شەخسی هەندێك سەركردەی ئەو حزبە بوایە مۆری نەدەكرد، بەڵام زۆر جار بۆ مانەوەی برا گەورەیی و لەسەر حسابی هەندێك بەرژەوەندی بچوكی خۆی سازانی كردووە و لایەنەكانی تریش پێی رازیبون .
ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە لایەنەكانی تر جەختیان لەسەر سازان نەكردبێتەوە و سازانیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكارنەهێنابێت. یەكێتی لەكاتی جیابونەوەی كاك نەوشیروان موستەفا و پێكهێنانی بزوتنەوەی گۆران هەمیشە پارتیی وەك برا گەورە داناوە و لەپێناو دەرچون لە قەیرانی ململانێی لەگەڵ گۆراندا هەزار و یەك تەنازولی كردووە و لە سازان زیاتریشی كردووە و ئەمە جگە لە رێككەوتنی ستراتیجی و رێككەوتنی درێژكردنەوەی ماوەی حوكمی سەرۆكی هەرێم كە باجێكی گەورەی لەو رووە داوە . بەهەمان شێوە گۆرانیش لەو ماوە كورتەی تەمەنیدا زۆرێك لە خۆنزیككردنەوە و تەنازولی بۆ پارتی كردووە، كێ هەیە گەشتە مەكۆكیەكانی كاك نەوشیروان بۆ سەری رەش لەبیرچوبێت، ئەوەش لە پێناو زاڵبونی بووە بەسەر یەكێتیدا، سازانیشی وەك كردەوەیەكی سیاسی لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی خۆی بەكارهێناوە . گۆران ئەو كاتە پەرلەمانی خستە دەست حزبەكان كە رێككەوتنی بەشداریكردنی لە حكومەت لە رێگەی حزبەوە و بە عالەمی ئاشكرا و لەبەر دەم دەزگاكانی راگەیاندن ئیمزا كرد و نەیخستە دەست فراكسیۆنەكەی لە پەرلەمان ئەو ئەركە ئەنجام بدات دوور لە هەر رێككەوتنێكی حزبی ئاشكرا و بەرپەردە .
ئەمرۆش، كە پارتی بەهانەی سازانی بەدەستەوەیە، ئەو هەموو هەنگاوانەی ئەوانی تری لەبەردەستە و دەیدات بە چاویاندا و حەقی خۆیەتی كە تا ئێستا سازان كرابێت، بۆچی لەم كاتەدا لەم پرۆسە گرنگەدا پشت گوێ بخرێت . بەڵام ئەگەر لە نێوان تێپەراندن و تێنەپەراندنی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم دوور لە سازان ، لە دیدگای قازانج و بەرژەوەندی گشتی كوردستانەوە یەكێكیان هەڵبژێرین، دیارە تێپەراندنی لە قازانجی بەرژەوەندی گشتی و پێشخستنی رەوتی سیاسی كوردستاندا بوو، لەبەر ئەوەی :
1- پارتی تا ئێستا خۆی بە برا گەورە زانیوە و بە چاوی سەلتەنەتی خۆی مامەڵەی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا دەكرد و لەو قەناعەتەدا بوو كە بێ ئەو هیچ هەنگاوێك ناهاویژرێت . بەڵام ئێستا دەزانێت دەنگی خەڵك و زۆرینە رۆڵی خۆی هەیە .
2- پارتی ئەگەر لە تێنەپەراندنی ئەم یاسایە سەركەوتو بوایە، بە هەموو شێوەیەك مەرجەكانی خۆی دەسەپاند و بێ ئەملا و ئەولا هەرچی بیویستایە دەیكرد .بەڵام ئێستا دەبێت حساب بۆ ئەوانی تر وەك خۆی بكات .
3- پارتی ئەگەر لە هەنگاوەكانی پێش تێپەراندنی ئەم یاسایە و لە پەرلەمان سەركەوتوو بوایە،هیچ كارتێكی بەدەست ئەوانی ترەوە نەدەهێشت و بەخۆی هەڵگری سەرجەم كارتەكانی سەپاندنی بۆچونەكانی دەبوو لە رێگای سازانەوە .
4- پارتی پاش 23 ی6 بۆی دەركەوت كە هێزگەلێك هەن دەتوانن بێ ئەو بریاری گرنگ بدەن و هیچ منەتێكیان بە سەنگی سیاسی و هێزی ئەو نەبێت و سەرەتایەك بێت بۆ پێداچونەوەی لەسیاسەت كردن و مامەڵە كردن لەگەڵ پرسەكاندا .
5- قازانجێكی سەرەكی ئەم هەنگاوەی پەرلەمان بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان خۆیەتی كەئەو حزبە لە رێژەیەك لە بوغرایی و هەندێك رەفتاری نیمچە دیكتاتۆریی دوور دەخاتەوە .
ئەو هەموو خاڵانە خۆی لەخۆیدا لە بەرژەوەندی كورد و دیموكراسی و نەهێشتنی رەفتاری دیكتاتۆریانەیە لە كوردستاندا و، نەك لەسەر یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بەتەنها بەڵكو لە هەنگاوە هەستیارەكانی داهاتووشدا رۆڵ و گرنگی خۆی دەبێت و هاوسەنگی هێز لە نێوان لایەنە سیاسیەكانی كوردستان رێ رێك دەخات و هەمووان هەست بە پێویستی بە سازانی راستەقینە و گرنگی لێكتێگەیشتن و پاراستنی بەرژەوەندیەكانی گەلی كوردستان دەكەن .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست