پەیوەندی ستراتیجی كورد لەگەڵ كێدایە ؟
Monday, 27/07/2015, 22:14
دیبلۆماسیەت بە واتا گشتیەكەی بە وەرەقە تۆماری رەسمی دیاری دەكرێت و دەبینرێت و هیچ كارێك بێ كۆنوس و رێكەوتنی رەسمی ناچێتە بواری دیبلۆماسیەوە، كەچی تا ئێستا بۆ هیچ لایەك روون نیە كە پەیوەندیەكانی كورد لەگەڵ كێدایە و لە سەر كام بنەمایە و چون بەرێوە دەچێت و كێ بەرێوەی دەبات و،بۆ حزب پیادەی دەكات بریاردەرە و بەم شێوە شكستیخواردووە و، بەناوی حكومەتەوە فەرمانگەی پەیوەندیەكانی چی دەكات و بۆ چی كارەكان شەفەویانە بەرێوەدەچن و هیچ شتێك تۆمار ناكرێت كە سەرەتاییترین مەرجەكانی كاری دیبلۆماسیە و، كێ بە عەقڵ و رەفتار زۆر دیبلۆماسیە لە نێو كورددا .
وەك دەزانین خەڵكی دیبلۆماسی بە واتا لاتینیەكەی بە پیاوی دوو روو دادەنرێت، لەناو كورددا كێ دوفاقیانە و دوو رووە بۆ قازانجی گەلی كورد، ئەگینا لە نێوخۆ ولە دژ یەكتر و بۆ زەرەری ئەزمونەكە سەركردەی دوورومان گەلێك زۆرە .
گەورەترین كێشەو وبەربەست لە رووی پەیوەدیەكانی كورد هەر وەك سەرجەم پرسەكانی تر، رۆڵ و زاڵبونی حزب و قۆرخكردنی سەرجەم كایەكانی هەرێمی كوردستانە، سەرەرای بونی بەناو حكومەتێك كە ئەویش حزب زاڵە بەسەریدا و تا ئێستا شەلەلە و هەر نوێنەر و سەرانی حزبە دەسترۆیشتوەكانە بەناو پەیوەندیەكان بەرێوە دەبەن . پەیوەندی دبلۆماسی ئەو كارە هەستیار و گرنگەی كە پێویستی بە عەقڵ و توانا و لێزانین و بیركردنەوەی زانستی هەیە، تا ئێستا هەرێمی كوردستان لێی بێ بەشە .
كێ بەرپرسیارە جگە لە حزبە قۆرخكارەكان و سەركردە نەرجسی و لەخۆبایی و هیچ لەبارانەبووەكان و، وەزعی تێكچووی نێوخۆی خودی گەلی كوردستان و، نەزانین و بێ مەعریفەتی و بێ سەلیقەیی و ناشارەزایی و بێ ئەزمونی و، لەئارا نەبونی عەقڵی لێهاتوو و لێزان و مێژووناس و بلیمەت و پرزانیاری و تایبەتمەند بە پەیوەندی نێودەوڵەتیەوە .
بە لێكدانەوەی ئەم واقعەی كوردستان كە لە سەرجەم بوارەكاندا، لە ژوورە داخراوەكانی حزبەكانەوە هەنگاوی بۆ دەنرێت، چاورەێی لەمە زیاتری لێ ناكرێت. وەزیری پەروەردە حزبیەكی نیمچە خوێندەوارە ، بەرپرسی فەرمانگەی دەرەوە حزبیەكی ئینگلیزیزانە، وەزیری خوێنی بالآ حزبیەكی خاوەن دوكتۆرای فەلی كوردیە ، وەزیری دارایی حزبیەكی سەرمایەدارە، هەر ئاوها بۆ سەرجەم وەزارەتەكان و لەو نێوەندەدا فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە لە سەرووی هەموویانەوە كاریگەری سەلبی لەسەر كۆی گشتی پرسی كورد هەیە، ئەوەی دەبینرێت جگە لە پەیوەندی شەخسی و حزبی و خێڵەكی هیچ پەیوەندیەكی بە كاری دیبلۆماسی و زانستی پەیوەندیەكانەوە نیە .
پەیوەندی ستراتیجی كورد رێگە پێدراوە یان ئەمەش چالاكی حزبی و ئیجتهادی تاكەكانی حزبە . دەكرێت پەیوەندیەكان لەسەر بنەمای زانستی مۆدرێن رێكبخرێن، یان وەك سەرجەم پرسە نێوخۆیی و دەرەكیەكانی تر گیرۆدەی دەستی حزب و بەرژەوەندیە تەسكەكان بن . تا ئێستا هیچ وێنەیەكی پەیوەندیە دیبلۆماسیەكان لا ی هیچ كەسێك روون نیە و تەنها وەك پەیوەندی گەورە و بچوك و ئاغا و شێخ و مسكێن رەنگیداوەتەوە وەك چۆن لە نێوخۆی حزب و گەلی كوردستانیشدا وا دەروات، خەڵك لەسەری راهاتووە و لەسەریان فەرز كراوە . ملكەچ بون بۆ ئەم ولآت و ئەو هیچ دادی كوردستان نادات،، لە كاتی تەنگانەدا بەقەدەر ئەوەی بە رێكۆپێكی و زانستیانە و دروستی بەرژەوەندی و پێویستیەكانی بەرامبەر بخوێنیتەوە، ئەمەش وەك كورد زۆر دوورە لەم لایەنەوە، ئەوەی پەیرەو دەكرێت بەخێوكردنە لە لایەن ولآتە زلهێزەكان و پێزانینە وەك چاكە دانەوەیەك لە عورفی كۆمەلآیەتیدا نەك كاری دیلۆماسیدا، ئەمەش دەرئەنجامی ملكەچ بونە بۆ ئەویتر بە شێوەیەكی عاتفی و بە پشتخانی خێڵەكی دوور لە هەموو پێویستیەكی كاری پەیوەندی دیبلۆماسی .
وەك دەبینرێت پەیوەندیەكانی سەرجەم ولآتانی جیهان بەشێوەیەكی هەمیشەیی لە گۆرانێكی بەردەوامدایە و بە پێی پێویستی قۆناغ كێرظی پەیوەندیەكان هەڵبەز ودابەز دەكات و تا رادەیەك هیچ لایەك بە جێگیری لەسەر یەك ریتم پەیوەندی خۆی نابەستێتەوە و تەكتیك و مانۆر و ستراتیج بونی هەیە و، بە موو لانادرێت لە رێنمایە گرنگەكانی ناوەندەكانی ژووری توێژینەوەی ستراتیجی دیبلۆماسی، كەچی لای ئێمە مەكتەب سیاسیەكان بە پێی روانینی خۆیان ئەم پرسە بەرێوەدەبەن و بەرژەوەندیە تەسكەكان هەنگاوەكان دیاری دەكەن . لەمەشدا ئەگەر كارەكان بۆ ولآتێكی سەربەخۆ و خاوەن مێژوو تا رادەیەك سروشتی و ئاسان بێت دەدرانەكانی كەم بن بۆ هەرێمی نیمچە سەربەخۆی وەك كوردستان زۆر سەختە و پێویستی بە عەقڵی داهێنەر و بە توانا و دڵسۆز و گەل پەرست هەیە نەك شەخس و حزب پەرست .
لەو رۆژەوە كە هەرێمی كوردستان چۆتە نێو ململانێی ناوچەكە وە تا رادەیەك بۆتە رەقەمێكی دیار، كەچی كەس نازانێت لەژووری پەیوەندیە حزبیەكان كە جێگەی پەیوەندیە دیبلۆماسیەكانی هەرێمی كرودستانی گرتۆتەوە چی دەگوزەرێت . كەس نەیبینیوە، لەكاتی سەردانیكردنی بەرپرسێكی بالآی كاریگەری نێودەوڵەتی لەگەل كۆمەڵێك خەڵكی پر مەعریفەت و زانین و خاوەن پشتخانی زانیاری دەوڵەمەند كۆببێتەوە و راوبۆچونیان وەربگرێت و حسابیان بۆ بكات، تەنها بۆ ماوەیەكی كورت لەگەڵ تاكە كەس و بەشێوەیەكی هەرەمەكی كۆ دەبێتەوە و كەس نازانێت چ وەعد و قسەیەك دەكرێت و تەنانەت بەشێوەیەكی دیبلۆماسی تۆمار ناكرێت و بۆی هەیە پاش نیو سەعات لای هەر لایەكیانەوە بێت پاشگەز ببنەوە و كەسیش نەزانێت ، لەلایەكی ترەوە دەكرێت لایەنە دەرەكیەكان كاری خۆیان رایی بكەن و لەسەر حسابی كورد سەرجەم ئامانجەكانیان بپێكن و دواتر وەك بەرزكی بانان لێوەی دەربچن و كەسیش نەتوانێت لە نەبردنەسەری پەیمانەكانیان گلەییان لێبكات، هەر ئەوانیش دەتوانن كورد بۆ مەرامی خۆیان بەكاربێنن و هەر كاتێك بیانەوێت پشتگوێی بخەن و بۆ هیچ كەسیش نەبێت رەخنەشیان لێ بگرێت، لەبەر ئەوەی تا ئێستا ئەوان فەرمان دەكەن و خەڵكی خۆ ویست و حزب پەرست ملكەچە بۆ سەرجەم داواكاریەكانیان كە لەبەرژەوەندی حزبی زیاتر هیچ قازانجێكی بۆ باری گشتی پی نیە، بۆیە ئەگەری ئاشبەتاڵ هەمیشە زاڵە بەسەر پەیوەندیەكان و كاری سیاسی كوردستانەوە .
تا ئێستا لە هەرێمی كوردستان پەیوەندیە نێوخۆییەكان لەسەر ئەو هێڵە بەندە كە ركابەریان لەسەر ئەوەیە كێ زاڵبێت لەسەرجەم بوارەكاندا و لەو رێرەوەشدا پەیوەندیە دیبلۆماسیەكان زەرەرمەندن .
ئەوەی زۆر گرنگە لە بواری سیاسەت و بەتایبەتی كاری دیبلۆماسی ولآتاندا كە هاوكاریەكی تەواو لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارە دبلۆماسیەكان و راگەیانداندا هەیە و هیچ ئامرازێكی راگەیاندنی گرنگی ولآتان نابینرێت لەخەتی سوری بەرژەوەندی گشتی ولآتەكەیان لابدات و تەنانەت یارمەتیدەری راستەوخۆیە بۆ خستنە بازاری هەندێك راوبۆچون و مەبەستی دیاركیراوی لایەنی پێویست بە سەركەوتنی ولآتان لە كاری دیبلۆماسیدا، لە سەرجەم گفتوگۆكان بە ئاماژەدانی راگەیاندن بۆ بابەتێك چەندین قازانجیان بە گفتوگۆكارانی ولآتانیان گەیاندووە، بێ ئەوەی لایەنی بەرامبەر بزانێت و ئەوەی پێویست بووە بخرێتە بازارەوە و لە ژوورە تاریكەكانی گفتوگۆ پێداگریان لەسەر كردووە و رای بەرامبەریان لێ هەلهێنجاوە . تا ئێستا حكومەتی هەرێم لە هیچ كاتێكدا و بەهیچ شێوەیەك كاری لەم سەر ئەم بابەتە نەكردووە و تەنانەت لە تا هاتنی كەسانی دیبلۆماسی لە ساتەوەخت و كاتی گفتوگۆكانندا نەبێت، كەس نازانێت چی لە هەگبەی میواناندایە و تا ئەو ساتەوەختەش هیچ دراسەتێكیان بۆ پەیوەندیە دیبلۆماسیەكانیان لەگەڵ لایەنە جیاوازەكانی جیهاندا نەكردووە و رۆڵی راگەیاندنیان بەهیچ شێوەیەك لەبەرچاو نەگرتووە و، تەنانەت لە هەوڵی بەردەوامی ئەوەدان كە ئەم حزب بەخۆی بەتاق و تەنهایی كارەكان بەرێوە ببات و چەند زەرەری هەبێت بۆ كۆی گشتی پرسی كورد لای ئەو هیچ مەسەلەیەك نیە . دابەشبونی پەیوەندیە دیبلۆماسیەكان هەمیشە كارە باشەكانیش سفردەكاتەوە . لێرەدا دەپرسم، ولآت هەیە لە جیهاندا پەیوەندیەكانی لەسەر دوو تەوەر رێكبخات و هیچ لایەك بەوی تر نەزانێت كە لە پەیوەندیەكانیدا چی دەگوزەرێت . یا لە ململانێی نێودەوڵەتی حساب بۆ ئەگەرە نەخوازراوەكان نەكەیت و، تەنها لەسەر یەك رێچكە برۆیت و دوارۆژ بخەیتە دەستی قەدەر و قەجەر ئاسا تەنها ملی رێگە بگریتەبەر و بەتەمای دۆزینەوەی لەوەرگایەكی لەناكاو بكەیت .
دەكرێت تۆ لە وەزعی ناوخۆدا شكستت هێنابێت و حسابت بۆ هیچ شتێك و ئەگەرێكی پاشەرۆژ نەكردبێت، لە كارید دیبلۆماسیشدا هەمان رەفتار بكەیت و جەختیش لەسەر مانەوە لەسەر كورسی بكەیتەوە . ئەگەر خەڵكی كوردستان لەسەر نائارامی و نەبونی دڵنیایی نێوخۆ ئارامیان گرتبێت لە ئاستی پەیوەندی پرسەكە پەیوەستە بە سەركردایەتیەوە و هیچ پەیوەندیەكی بە خەڵكەوە نیە، بۆیە شكستی پەیوەندیەكان و بێ ئەنجامبونی بە شێوەیكی رەها لەسەر سەركردایەتی كورد دەژمێدرێت نەك بارودۆخە خودی و بابەتیەكەی كوردستان .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست