تكایە گەنجان كوردستان جێمەهێڵن
Thursday, 09/07/2015, 23:29
پاش چەند ساڵێكی كەم و تا رادەیەك ئارامی و رێژەیەك سەرفرازی و هەناسەیەكی ئاسودەیی دایكی شەهیدان و گەیشتن بە هەندێك لە ئامانجەكان و گونجاندنی لایەنەكان و نەمانی شەری ناوخۆ، وا دووبارە دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان ریسەكەیان كردەوە بە خوری و هیچ بوارێكیان نەهێشتۆتەوە بۆ بەدیهێنانی ئاواتی گەنجان و هەوڵدانیان بۆ خۆشگوزەرانی لە وڵاتی خۆیاندا و بە سیاسەتی هەڵە و خودپەرستی ئەڵقەیەكی چاوچنۆك و گەندەڵ بیهودەییان لە دڵی گەنجاندا چاندەوە .
دوا هەل بۆ دۆزینەوەی روبەرێك كە بەشێك لە هیواكانی گەنجان تێیدا بێتە دی خۆی لە كۆچ كردنیاندا دەبیننەوە و، لە زۆر لاوە حەقی خۆیانە كە لە ژیاندا بە خۆشی بژین، باوەریان بەوە بێت یەكجار دەژین و نایانەوێت بەو شێوەیە بژین كە ناعەدالەتی باڵی بەسەر كوردستاندا كێشاوە و بێكاری تەشەنەی كردووە و خەم و خەفەت سەرجەم گەنجانی داگرتووە .
بەڵێ لە زۆر رووەوە گەنجان حەقی خۆیانە كە رێگە و شوێنی گونجاو بگرنە بەر بۆ خۆشگوزەرانی و ئاسودەیی خۆیان، بەڵام .
* ئەم كوردستانە بۆ كێ بەجێدەهێڵن و كێ زیاتر خۆی فەرز بكات و كێ كردویەتی و كێ دەیخوات
* كوردستان و خوێنی شەهیدانی براو كەسو كاری ئێوە بەفیرۆ مەدەن و بۆ ماوەیەكیش بێت بەرگەی ئەم بارودۆخە بگرن و رەنگ و دەنگی ئێوەیە دەتوانێت گۆرانكاری بكات و هەریەكە و بە وشەیەكیش بێت كاریگەری خۆی دەبیت لەسەر سەرجەم بوارەكاندا بە تایبەتی لە رووی سیاسیەوە و بەرەنگاری گەندەڵكاران و خودپەرستان بكەن .
* دەبێت ئەوەتان لەبەرچاو بێت كە دەسەڵاتی كوردستانی پیرو خۆ بە شایستەزان و پاشماوەی سەلبیاتەكانی پێشوو زۆری پێ خۆشە ئێوە روو بكەنە هەندەران و وزە و توانای ئێوە بۆ رێگە گرتن لە گەندەڵیەكانی ئەوان نەگرێت و بە ئازادیەوە هەرچیەكیان بوێت بیكەن .
* ئەم حوكمرانیەی ئێستا تەنها بیر لە خۆی دەكاتەوە و ئەگەر لەو رێگایەشەوە پریشكی زەرەیك خێری بەردەستی بەر ئێوەی گەنج بكەوێت منەتتان بەسەرەوە دەكات، بەڵام تەنها رێگر و بزوێنەری پرۆسەی گۆرانكاری هەمەلایەن ئێوەن و بە رۆیشتنتان خۆشحاڵ دەبن .
* ئەم جۆرە دەسەڵاتە دەیانەوێت حوكمی كۆمەڵگەیەكی نەزۆك و پیر بكەن بۆ ئەوەی خۆیان ئاسودە و بێ رێگری بژین، بۆیە بە مانەوە و چالاكی فرەجۆر بە توانا و وزەی لە بن نەهاتووی ئێوە دەتۆقێن .
بۆیە تكایە مەرۆن و بیر لە شتی تر و كاری ئەرێنی تر بكەنەوە كە قازانجی بۆ خۆتان وەك نەوەی نوێ و كوردستان و دوارۆژی گەلەكەی هەبێت . یەكگرن و دەنگی زۆڵاڵی خۆتان هەڵبرن و هاوار بكەن و مەهێڵن گەندەڵی هەتاهەتایی و ناعەدالەتی و خۆویستی حوكمی وڵات بكات .
بەڵێ سەرجەم لایەنەكانی كوردستان هاوشێوەی یەكن و كەس متمانەی بە تەنها لایەنێك نەماوە بەڵام ئێوەن رێكخراو و حزب و كۆمەڵە و هاوخەباتی یەكگرتوو دروست دەكەن و دەتوانن بە هێزی نەبراوەی خۆتان لە سەرجەم بوارەكانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری ئەم گەندەڵانە وەدەر نێن، بەڵێ بە ئێوە و یەكگرتوویی ئێوە و وزە و هێزی لە بن نەهاتووی ئێوە ئەم لایەنە بێ فەڕانەی كوردستان هەڵماڵن و هەر بە ئێوە ژیانی نوێ دروست دەكرێت و بمێننەوە قۆڵتان هەڵكەن بۆ راماڵینیان لە كاتی پێویستدا، هێز و بازوی گەنجانی وەك ئێوە
بوو بەعسیان بەزاند و شاربەدەریان كرد كەچی حازر خۆران دەستیان بەسەر كوردستاندا گرت و بوون بە خاوەنی كوردستانی شەهیدان .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست