ماڵت نەشێوێ لەسەر لایكی بابەتێكت سزا درام
Wednesday, 01/07/2015, 16:46
بەهەڵەكە داوان لە دوورەوە هاواری دەكرد و بەرەو رووم هات و بە روویەكی گرژەوە سڵاوێكی كرد و، پاش چۆنی و چاكیەكی هەلپڕزكاو، وتم برای بەرێز زۆر هیلاك دیاری و دەموچاوت زۆر گرژ دەبینم ئەوە بۆ لەمن مۆنتری، بۆ وا بێزاری ، خوانەخواستە هیچ روویداوە، ئەگەر بە رۆژویت، بیشكێنە با لەمە زیاتر نەخۆش نەكەویت . وتی؛ نە برام نە نەخۆشم نەش هیچ كوێیەكم دێشی و، تۆ باش دەزانیت كە لە ژیانمدا رۆژێك بە رۆژو نەبوم و نابم . ئەی چی بووە برام، هیچ قەوماوە؟ ئەگەر پێت باش بێت بۆ ئەوەی باسی بكەیت هەمووم گیانم دەكەم بە گوێ . كەوتە باس كردن، برا تۆ باش دەزانی من بۆچی لەم حزبەدا خۆم مەڵاس داوە وچەند ئاوات و ئامانجم زۆرە و، بە راستی بە تەمای شتی زۆرم و بۆ ئەو مەبەستە هەزار و یەك پڵانم داناوە و لەگەڵ سەرجەم بەرپرسانی سەرووی خۆم، خۆم سازاندووە و كەسم لەخۆم عاجز نەكردووە و تەنانەت ئەوانەی زۆر پێویستن چەند جارێك دەعوەتیشم كردوون . ئێ باشە ماڵت ئاوا بێت خراپت نەكردووە و ئەوەی باوەرت پێیە كردوتە و پەنا بەخوا لەم نزیكانە لە بەرپرسیارێتیەكی باڵاشدا دەتبینم . زۆر خۆی كوور كردەوە و تا بۆی كرا وەك جلێكی تازە بە دەست شۆراو خۆی جیر كردەوە، بۆ ئەوەی ئاوەكەی لە خۆی داتكێنێت و، وتی ماڵی تۆ ئاوابێت زەربەیەكی وات لێ داوم باوەر ناكەم قەت ئەو ئاواتانەم بێتە دی، ئێ بۆ بابە چی بووە، خەتای من چیە ؟
كورە بابەتێكی..... و قۆرت نوسیبوو، بەخوا هەمویشم تەواو نەكرد، ها ئەو رۆژە، نەمزانی مەقسەدتت لایەنەكەی ئێمەیە، وتم ئێ چی بووە؟ نەتبینی لایكم كردبوو، بەخوا بۆ ئەوەی موجامەلەت بكەم ئەگینا باوەرم بە نوسین و موسین نیە وهیچ ناخوێنمەوە . ئەی بۆ لایكت كرد برا خۆ نەهاتم بۆ ماڵ و داوام لێنەكردویت نە بیخوێنیتەوە و نەش لایكی بكەیت، تۆ ئازادیت . كورە چوزانم سەرم لە قور گیرێت، وەختیك سڕیمەوە كارلەكار ترازا بوو . وەڵا هەر ئەو شەوە هاورێیەكی خۆم تەلەفۆنی بۆ كردم و وتی كوری باش ئەوە چیە، تۆش بووی بە ئۆپۆزسیۆن لەناو حزب، وتم بۆ؟ وتی لایكی قسەی نابەجێ ئەكەی . دواتر تێگەیشتم كە چی بووە، تا فەیسبوك و بابەتەكەتم كردەوە و لایكەكەم سریەوە قسە و باس گەیشتبووە شوێنی مەبەست . نەمزانی وای لێ دێت، بۆ رۆژی دواتر لە پاش دەوام كە رۆیشتم بۆ بارەگا بۆ زانینی قسەو باس بە دەموچاوی بەرپرسەكەمانەوە دیار بوو قسەی بیستوە، واش دەرچوو نەك خۆی بینیبێتی.
بەڵام ئەو رۆژە من پێشكەوتم، دوای سڵاو و چۆنی و چاكی یەكسەر وتم؛ ئەمشەو ئەكاونتەكەمیان هاككردبوو، بەناوی منەوە هەزار و یەك لایكیان بۆ بابەتی قۆر و خەڵكی سەگ و سەگباب بە لە فەیسبوكدا كرابوو . منیش یەكسەر وتم دەستت خۆش بێت برام، زۆر سوپاس . وتی، بەڵام لەوە ناچێت باوەری كردبێت و دەزانێت هاورێین و چەند جارێك وتویەتی وا بزانم جەنابت لە دوورەوە هاورێی فلانیت . منیش بە ئاشكرا وتم زۆرم بە دڵ نیە و خۆمی لێ لادەدەم و نوسینەكانی زۆر زەق و بێفەر و بێتامن و هەموو شتێك دەنوسێت .
وتم باشت كرد ئەی ئێستا چیت لەمن دەوێت برام . وەڵا ئەگەر مەرحەباكەش زەرەرە من زۆر مەمنونم مەیكە و لەدوریشەوە هەر هەواڵی یەكتر دەزانین .
وتی، وا دوێنی بۆم دەركەوت كە چەند باجی ئەو كارە دەدەم، پاش ئەو هەموو ماوەیە و لە كاتی كۆتاییهاتنی كاندیدكردن وپاش مەوقع دابەشكردنی حكومەتی و حزبی ، دوێنی وتیان ئیتر هیچ كاندیدێكمان بۆ هیچ شوێنیك لەم نزیكانە نابێت;كەچی من مرخم لێ خۆش كردبوو، نەك بەرێوەبەری گشتی وەڵا بەرێوەبەری تەنفیزیشم بەر نەكەوت و بە راستی لەچاوی تۆی دەبینم . منیش ئاهێكم هەڵكێشاو وتم ماڵت ئاوا بێت بۆ لایكێك ؟ ئەمە حاڵی ئایدیۆلۆجیا و حزبایەتیە لەكوردستاندا ... چارەسەر ؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست