کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بەرپرسیارێتی لە بەغدا و پرسی كورد

Monday, 18/06/2012, 12:00






تێبینی کوردستانپۆست: ئه‌م نووسینه‌ بۆ هه‌ندێک شوێنی دیکه‌ نێردراوه‌، داواکارین کاکی نووسه‌ر ئه‌گه‌ر به‌ کوردستانپۆست رازی نییه‌ وه‌ک راگه‌یاندنێکی به‌رفراوان بۆ گه‌یاندنی په‌یامه‌که‌ی، ئێمه‌ ئاگادار بکاته‌وه‌، چونکه‌ ئێمه‌ هه‌موو نووسینێک له‌ سه‌ره‌وه‌ دانانێن ، به‌تایبه‌تی ئه‌و نووسینانه‌ی که‌ له‌ زۆر شوێنی دیکه‌ بڵاوده‌کرێته‌وه‌.

دیدی سیاسی هەر لایەكمان لەمەر برپرسیارێتی لە دەسەڵاتی سیاسی ناوەندی عیراق و لە روانگەی قازانجەكانی بۆ كورد و هەرێمی كوردستان، لە دوو ستراتیجیەتی سەرەكی دەرناچێت. یەكەمیان؛ راییكردنی كاری دەسەڵات لەسەر بنەمای یەك وڵات و چەند پێكهێنەرێكی هەمەجۆری گەلانی عیراق ، كاركردن بە عەقڵیەتێك كە بە فەراهەمكردنی چەسپاندنی چەمكی هاوڵاتیبونی راستەقینە پشتببەستێت ،ئەویش لە فەزایەكی ئازادی فراوان و دیموكراسیەكی راستەقینە،واتا؛ یەك وڵات،ئەمەش لامەركەزی بێت یان فیدرالی،یەك سیستمی سەرەكی بەرێوەبردنی وڵات، یەك سەروەری،یەك پەیوەندی دەرەكی، یەك دەسەڵاتی دارایی و پەروەردەیی و تەندروستی، كە ئەمەش لە مەحاڵ دەچێت لە وەزع و واقعێكی وەك ئەمرۆی عێراق و ناوچە و هەرێمەكانیدا . دوەمیان؛ تەنها بیركردنەوەی ستراتیجی دورمەودای كوردی بەشداربوی حوكمی ناوەند لە بەرەوپێشبردنی بارودۆخی هەرێمی كوردستان لەپێناو بنیاتنانی پێگە زەرەورەكانی پەیوەست بە پێویستی بونی زەمینەیەكی لەبار بو پراكتیزەكردنی هەنگاوە هەرە گرنگ و سەرەتاییەكانی سەرجەم بوارەكان، بە نیازی گەیشتن بە ئامانجی سەرەكی و خەونی كورد لە سەربەخۆیی كوردستاندا، ئەمەش ئەگەر بخرێتە پێش هەمووبەرژەوەندی و شتێكی تر . لێرەشدا دەبێت بیر لە چارەسەركدنی ئەو بیرو بۆچون جیاواز و یەكتربر و ناكۆكیانیانە بكرێتەوە تاوەكو بە شێوەیەكی گونجا و ئاشتیانە و بە سیاسەتێكی سەردەمانە،كە حەتمەن دێنە رێی چەسپاندنی هەر یەك لەو بۆچونانە لەسەر ئەرزی واقیعدا، چارەسەر بكرێت . یان هەر نەبێت كەمترین شت، دەبێت ئەو سلبیاتانە و كاریگەریەكانیان لەسەر وەزعی گشتی خەڵك كەم بكرێتەوە . كەوابێت لە قووڵایی بیروبۆچونی یەكەمدا، هەموو توانایەك دەخرێتەگەر بۆ بەرەوپێشبردنی رەوشی دەوڵەتی عیراق و،هەوڵ دەدرێت هاوڵاتی بگەیەنرێتە قەناعەتێك كە خۆی بە خاوەن وڵات و ماڵ بزانێت، كە ئەمەش زۆر قورسە، بەتایبەتی بۆ پێكهاتەیەكی وەك كوردی ستەمدیدەی دەستی ئەویتر . بەهەمان شێوە لە رێگە و بۆچونی یەكەمدا؛ هەمیشە هاوڵاتی ئەو هەستەی تێدایە كە كرێچی وڵاتێك بێت و نامۆبون بەسەریدا زاڵ دەبێت و بەردەوام ئاواتەخوازە لە ئایندەیەكدا خۆی ببینێتەوە كە گەیشتبێتە دوامەنزڵگە و چاوی لە بونی دەوڵەتی تایبەتی خۆیدایە . بەڵام لە بۆچونی دوەمدا،هاوڵاتی هەمیشە ئامادەباشی قوربانیدانە لە پێناو رزگاربونی یەكجارەكیدا.
دەسەڵاتی سیاسی كورد، بە هەموو لایەن و رەوتەكانیەوە، تا ئێستا لە هەڵبژاردنی یەكێك لەو دو ستراتیجە یەكلایی نەبونەتەوە، بەڵكو ناكۆكیەكی تەواو لە دید و بۆچونەكانیانەوە بە ئاشكرا دەردەكەوێت كە بە سەر هەردوو تێروانیندا دابەشبون. ئەمەش لە جێبەجێ كردنی رێكارە سیاسی و ئیداریەكانیاندا رەنگی داوەتەوە . هەوڵدان بۆ یەكخستنی ئەو بۆچونانە بەم بارودۆخە هەمەچەشنەی ئەمرۆمان ناكرێت، كە هەریەكە و لە پێناو بەرژەوەندی حزبی و مەجد دروستكردن و پێشبركێی خۆدەرخستن لە سەرخستنی ئەو ئەركانەی كە پەیوەستن بە رەهەندی نیشتمانیەوە بە پێوانەی تایبەتی خۆیان مامەڵە دەكەن و بەشێوەیەكی جیاواز هەنگاو دەنێن، نەك بە پێی بۆچونێكی نیشتمانی گشتی . بۆیە پرسیارە گرنگ و یەكلاییكەرەوەكە ئەوەیە؛ ئایا وەرگرتنی بەرپرسیارێتی هەستیار لە بەغدا لە پێناو بە جێگەیاندنی ئەركی گشتی دەوڵەتی عێراقە یان بەكارهێنانی ئەو دەسەڵاتانە بۆ بەدەستهێنانی مەزنەخەونی كورد .
بەردەوامبونی جیاوازی لە تێروانین زەرەر بە پرسی كورد و بەرژەوەندیەكانی دەگەیەنێت، بەڵكو، ئەو رەفتار و بۆچونە جیوازانەی لەمەر كاروباری سیاسی و رووداوە رۆژانەییەكان دێنە پێش لەدەرئەنجامی بونی ئەو دوو تێروانینە زۆر جیاوازەیە لە فكر و عەقڵیەتی سیاسی كوردا . بەڵێ پێویستە سەركردایەتی كورد پێش هەر بەرژەوەندیەكی كورت مەودا و حزبی و شەخسی تەسك خۆی لەو كێشەیە رزگار بكات و بە راشكاوی میلەتی لێ دڵنیا بكاتەوە، جا بەهەر لایەكدا بشكێتەوە خەڵك و رای گشتی رۆڵی خۆی دەبێت لەو كاتەدا،ئەم هەنگاوە ستراتیجیە زۆر گرنگە، دەبێت پاش دراسەتێكی قوڵ و توێژینەوەیەكی زانستیانەی هەمەجۆری سەرجەم بوارەكان لەمەر ئەم بابەتە هەستیارە بكرێت كە پەیوەستە بە ئامانجی گشتی گەلی كوردەوە و، بەرپرسیارێتیەكی میژووییە كەوتۆتە ئەستۆی هەمووان .
پاش هەر دەرئەنجامێكی ئەو پرسە گرنگە، ئەگەر متمانەی نێوان لایەنە سیاسیە سەرەكیەكان لە ئاستی بەرزدا بێت، دەتوانرێت هەماهەنگیەكی پتەو لە دارشتن و پیادەكردنی پلانە توكمە و پێویستەكاندا بكرێت و مانۆر و ململانێكان لەگەڵ لایەنە عیراقیەكان و ئەركەكان دابەش بكرێن،ئەگینا مەیسەر كردنی پێویستیەكانی هەنگاوی یەكەم و قۆتاغ برین لە كاتی گونجاوی خۆیدا پاش دابین كردنی پاڵپشتیەكانیش زۆر سەخت دەبێت و كەموكورتی و ئەگەری كاردانەوە هەمەچەشنە نەخوازراوەكان لە سەرجەم بوارەكانی سیاسی و دیپلوماسی و ئابوری پەیوەست بەم كارە گەورەیە زۆرتر دەبێت و، بەم پەرش و بڵاوی و ململانێ هەمەجۆرە نێخۆییەی كوردستان و كێربكێی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و جیاوازیە گەورانەی سەرجەم لایەنەكان لەمەر ستراتیجە گرنگەكانی پەیوەست بە ئایندەی كوردستان لە هەنگاوی یەكەمەوە شكست دەخوات . بەڵگەی بونی ئەو جیاوازیانەش لە بۆچون و رەفتاری سەركردە و هەڵویستی لایەنەكان لەمەر پرسی لێسەندنەوەی متمانە لە مالكی بە جوانی دەركەوت،كە لە بەراوردكردن نایەت لە بچوكیدا لە ئاست پرسی سەربەخۆیی كوردستان و داخوازیە پیرۆزەكانی گەلی كوردستان .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە