كوردستانی سەردەم چۆن سەركردایەتیەك دەخوازێت ؟
Friday, 02/03/2012, 12:00
ئەو گۆڕانە بنەڕەتیەی كوردستان بە خۆیەوە دەبینێت، لە دەرئەنجامی كاریگەریە گەورەكانی دەرهاویشتە جۆربەجۆرەكانی ئەم قۆناغەی جیهان و ناوچەكەن، لەسەرجەم بوارەكانی سیاسی و ئابووری و رۆشنبیری و كۆمەڵایەتیدا . بێگومان ئەم كارەش بێ هاوشانبونی هاوتەریبی لەگەڵ پێشكەوتنە گەورەكانی زانست و داهێنراوە تەكنولۆجیەكان و روودانی بازدانی گەورە لە جۆر و شێوە و ناوەخنی ژیانی خەڵك بە هەموو چین و توێژەكانیەوە، نایەتەدی . هەر ئەم گۆڕانانەش، دەبێت پاش چەسپاندن و كارپێكردنی بەرهەمەكانی ئەو كارلێكانەی لەدەرئەنجامی هاوكێشە هەمەجۆر و هەمە رەهەندە سیاسی و ئایدیولوجی و عەقیدیەكان و بەیەكداچونی بارودۆخە گۆڕاوەكانی ناوچە جیاوازەكانی جیهان، ببێت، كە كۆمەڵێك كارەكتەر و توخمی نوێ كۆڵەكەی سەرەكی بەیەكداچوونی بن لە هاتنەئارای قۆناغێكی نوێی ژیانی خەڵكدا .
كوردستان ، بە رێرەوێكی دوورو درێژی پر هەوراز و نشێوی بزوتنەوەیەكی چەكداری سیاسی رزگاریخوازی گەلە چەوساوەكەماندا گوزەری كردووە، تاوەكو خۆی گەیاندۆتە ئەم مەنزڵگەیەی كە تا ئێستا بێ شوورە و بێ رووبەری دیاریكراوەو، بە بەردەوامی لە ژێر كاریگەری گۆڕانكاریە هەمەلایەنەكاندایە .
پرسیارگەلێكی هەمەچەشن و ئاڵۆز لە مێشك و بیركردنەوەی نەوەی نوێ و كۆندا خۆیان مەڵاسداوە و، تا ئێستا زۆریكیان بێوەڵامن، لە پێشەوەشیاندا، ئەوانەی كە تایبەتن بە سەركردایەتی و، دەربارەی عەقڵیەت و چۆنێتی بیركردنەوە و رەفتار و كرداریان و، ئەوبنەما سەرەكیانەی لە پێكهاتنی بۆچوونیان و پاڵپشتیان لە بەرەنگاری و خۆراگری و بەهێزیی ویست و ئیرادەیان چۆن دروست بوون، كە تا چەند ئامانجە ستراتیجیەكان و بەرژەوەندیە باڵاكانیان لە بەرچاو بووە و تابەتمەندیەكانی خەڵك و بارودۆخی ژیانیان رێنوێنی و دیزاینەری خەبات و فاكتەری سەرەكی خۆبەختكردن و قوربانیدانیان بوون ، دوور لە بەرژەوەندیە تەسك و خۆویستی و نەرجسیەت و، بێ زاڵبونی پێویستیەكانی ژیانی تایبەت بەسەر رووبەری بیركردنەوەیاندا !.
هەموومان یەكراین كە نەوەی نوێ بە عەقڵێكی جیاواز و لە بارودۆخێكی زۆر جیاواز و لەسەر ئەرزێكی جیاواز و لە زەمەنێكی ئێجگارجیاوازدا ژیانیان بەسەردەبەن، هەر ئەم جیاوازیە زەقانە وافەرز دەكات كە لەم ژیانە جیاوازەدا بەسیستمێكی جیاواز و سەركردایەتی و عەقڵیەتێكی پێشكەوتوی جیاوازیشەوە بەرێوەببرێن و، لەو پێناوەشدا كە بە خۆیان هەوڵی زۆ ردەدەن و، بەڵگە و مەنتیق و فاكتەری قەناعەت پێهێنەری باشیان لایە و، وا خۆیان دەسەپێنن كە پێویستە ئاو بە شوێن جۆگەیاندا بروات و، نەوەی كۆن دان بەوحەقیەتەدا بنێت كە هیچ بەبەریوە نەماوە و، خوێندنەوەی واقعی ئەمرۆ بە پێوەری دوێنی نابێت و زۆر لە بیركردنەوە و رەفتارەكان و بینینی نەوەكانی پێشوو بەسەرچووە و، زۆر زەرووری و چارەنوسسازە كە بە هەمان عەقڵیەتی ئەم سەردەمە و بەفەراهەمبونی پێویستیەكانی ئەم رۆژگارە و، بە پلان و ئالیەتێكی زانستیانەی گونجاو خۆیان ریكخەنەوە و هەنگاوی عەمەلی دروست بنێن و ئیدارەی خۆیان بكەن، كە هەر خۆیان لە هەموو لایەكی تر دەتوانن كاری پێویست و راست لەو پێناوەدا بكەن و، ئەگەر پێویست بكات رێنوێنی بەخەڵكانێك بكەن كە هەڵگری ئالای تازەگەرین و لە تواناكنی رابردووش قازانج وەرگرن و، بە خۆیان بۆ ئەو مەبەستەچۆنێتی كاركردن لە پێناوەدا بكۆڵنەوە . واتە ئەم نەوەیە زۆر خولیاو تاسەی ئەوەن كە سەركردایەتیەك بەرێوەیان ببات كە هەڵقوڵاوی بارودۆخی بابەتی و خودی نێوخۆی ژیانی خۆیان بێت، نەك بە شێوەیەكی رەها هەڵگری سیفەتە بەسەرچووەكانی زەمەنی قۆناغ وچاخەكانی پێشوو بێت و،هەڵگری هەمان سلبیاتەكانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان بێت. واتە بە ناوەخن و بیركردنەوە و رەفتار و كردار و پلاندارشتن و جێبەجێكردن و عەقڵیەتی نەوەی نوێی بێگەرد كارەكانیان مەیسەربێت .
ئەم قۆناغ و سەردەمە پێویستی بە سەركردایەتیەك هەیە كە زەروورەتی مێژوویی خودی ئەم قۆناغەدروست و فەرزی بكات و، تایبەتمەندیەكانی سەردەم كۆڵەكە و ستونەكانی گونجانی لەگەل ئەم كات و زەمەنەدا بێت و سەركەوتنی بنیاتبنێت و، شایانی هەڵگرتنی ئەو بەرپرسیارێتیە بێت كە بەردەوامیی بە كاروانە پیرۆزەكەی خەڵك بدات بەرەو پێكانی ئامانجەكان، ئەمەش بە كاراكتەرێك دەبێت گریمانەی شكستهێنانی بە هیچ رێژەیەك تێدا بەدینەكرێت و هەموو فاكتەرە هەستیار و پێویستەكان و كات وشوێن، لەبەر چاوبگرێت و، خۆی بەئاڵاهەڵگری راستەقینەی خەباتی سەردەم بزانێت و، هۆكارەكانی هاندان و پاڵپشتی كردنی هەڵقوڵاوی بیرو عەقڵیەت و پێداویستیەكانی بارودۆخ و دەوروبەر و ژیانی خودی خۆی بێت، بێ ئاوردانەوە بۆ ئاڵۆزی و دەردانەكانی ململانێ كۆنەكانی نەوەی كۆن .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست