ئەو گەمەیەی حكومەتی هەرێم سەری خۆی ناخوات ؟
Thursday, 19/02/2015, 12:00
دیارە حكومەتی هەرێم لە دیاریكردنی رێگەی ستراتیجی دوا رۆژی پرسە سەرەكیەكەی خۆی، تا ئێستا لە نێوان بەغدا و ئەنقەرە یەكلایی نەبۆتەوە، تەنانەت پاش ئەوەی بۆی دەركەوت توركیا لە هیچ كاتێكی تەنگانەدا بە هانایەوە نەهاتوە، جگە لە شەری ناوخۆ نەبێت، كە ئەوەش بەهاناوەهاتن نیە و خۆخۆریە، بەڵام هەر كاتێك هەستی بەوە كردبێت بەغدا بێمنەتە لە مامەڵە كردنەكانی لەگەل هەرێمدا، رووە و ئەنقەرە هەنگاو دەنێت، بێ ئەوەی ئەگەرەكان بخوێنێتەوە .
كە تۆ لەگەل هاوڵاتیاندا راستگۆ نەبیت، ئەوانیش متمانەت پێ ناكەن، خەڵك لەوە ئاگادارە كە حكومەتی هەرێم لە دیاریكردنی ستراتیجی خۆی شلەژاوە و نازانێت ئامانجەكانی چیە و چی دەوێت، كەسە حزبیە بەرپرسە سیاسیەكان پارەو پولی ئەم وڵاتەیان رەوانەی بانقەكانی ئۆروپا كردووە و رۆژێك نەهاتونەتە سەر شاشە ئەو دوو دڵیەی خەڵك برەوێننەوە كە داهاتی خەڵك بۆ بەرژەوەندی تاكە كەسی بەكار ناهێنن و، داهاتی ئەم وڵاتە بۆ مەرامی حزبی خۆیان نەخستۆتەگەر، بۆیە ئەگەر حكومەتی هەرێم موفلسیش بێت كەس باوەری پێناكات. ئەمە لە بواری پارە و پوڵدا، لە بواری ئیدارە و سیاسەتی ناوە و دەرەوشدا لەو باشتر نین .
ئەوەی تا ئێستا لای خەڵكی بە لێڵی و نارۆشنی ماوەتەوە ئەوەیە، ئایا ئەو بێ متمانیەی لە نێوان هەرێم و بەغدا دروست بووە خەتای كامیانە، كە باس لە رەگەزپەرستیش نەكەین، بەڵام دوفاقیزم لە مامەڵە كردنی سەركردایەتی كورد لەگەڵ بەغدا لە بواری نەوت وگاز لە لایەك و پشت بەستن بە توركیا لە لایەكی ترەوە وای لە هەمووان كردوە، لەو باوەرەدا بن كە حكومەتی هەرێم توشی سەرلێشێوان هاتبێت و تا ئێستا لە دوریانێكی خەتەرناكدا گیری خواردبێت، كە دەرچونی زۆر سەخت بێت . ئەو گەشتە ئاسمانیەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە نێوان بەغدا و ئەنقەرە، لە كاتێكدایە، كە خەڵك باش دەزانێت، شكستی گفتوگۆكانە رێكی دەخات و دەیەوێت هەڵە بە هەڵە چارەسەر بكات، نەك سەردانی دیبلۆماسی بێت . دەكرێت لە مامەڵەی نەوت و گاز و دراویش لە نیوان توركیا عیراق خۆی یەكلایی بكاتەوە . كورد بە شێوەیەك خۆی یەكلایی بكاتەوە پشت بە هەڵبژاردنی رێگەیەكی ستراتیجی ببسەتێت كە دوارۆژی خۆی دیاری بكات و قازانجی خۆی تێدا بێت نەك هەمیشە بە سیاسەتێكی پشتبەستو بە پشتێنەیەكی هەڵپەسێردراو بێت و لەسەر دەریایەك ساختە و فرتو فێل مەلە بكات و ، وای لێبێت لە هاوكێشەكان نغرۆ بێت و سەری لە قوشبنێكەوە دربكات، كە پاشگەزبونەوە بێت لە سەرجەم هەنگاوەكانی ئەم چەند ساڵە .
ئەوەی روونە، حكومەتی هەرێم گەمەیەكی سیاسی خەتەرناك دەكات، كە نەك خەڵك دڵنیا ناكاتاوە، بەڵكو بە خۆی باوەری بە سەركەوتنی هەنگاوەكانی نیە . لەم قۆناغەدا، كە بەغدا بەو شێوە لاوازەی تێیدایە یاری بە عەقڵی ئێمە بكات و منەتی بە هیچ كەس نەبێت، دەبێت حكومەتی هەرێم خۆی لە چ ئاستێكدا بێت و هەڵوێستی چۆن بێت و چ توانایەكی هەبێت كە بریاری یەكلایی بدات و رێگەی خۆی دیاری بكات و یەك لا هەڵبژێرێت كە لەسەر بنەمایەكی كۆنكریتی بنیات نرابێت، نەك بە پەیمان و فرتوفێڵی سیاسی وڵاتانی ناوچەكە، كە لە درەئەنجامدا دەستمان لە بن هەنابانەكەوە دەربچێت . لە نێوان بەغدا و ئەنقەرە، یەك ئەگەر هەیە ئەویش یان چارەسەری یەكجاریە یان گەرانەوەی یەكجارەكی بۆ رۆژانی رەش، بەڵام باش خوێندنەوەی هاوكێشەكان و بەرژەوەندیەكان و هەنگاوەكانی توركیا و عیراق و ئیران رێ رۆشنكەری رێگەی كوردە لە دراسەت كردنی هەڵبژاردنی راستە ر ێكانی مامەڵە لەگەل دەوروبەر و ناوەندی عیراقدا .
پێش هەموو شتێك، لەم كاتەدا دەبێت دەسەڵاتی كورد لەگەڵ میلەتی خۆیدا بە كراوەیی قسە بكات كێشە و تەگەرەو پرسەكانی بۆ باس بكات و ئەگەرەكان بخاتە بەردەمی . پرس بە خەڵك كردن رێژەی سەركەوتن لە هەنگاوی رێی چارەنوسساز زیاد دەكات . ئەگەر خەڵك لە وەزعی دەسەڵات ئاگادار بێت لەهەر هەنگاو و پرسێكی چارەنوسسازدا پشتی دەگرێت و بۆ سەركەوتنی قوربانی دەدات، بەڵام بێ متمانەیی رێژەی سەركەوتنی زۆر كەم دەكاتەوە .
لەم كاتەدا، ئێمە لە هەستیارترین كات و ئانو ساتی یەكلاییكردنەوەی پرسی كورداین، هیچ هەلێكی ترمان لەبەردەمدا نەماوە، ئەگەر باس لە شكستەكانی پێشومان نەكەین، دەبێت، گەمەی سیاسی ئەمرۆمان زۆر روون و ئاشكرا بێت و خەڵك خۆی لە دیاریكدرنی هەنگاوەكان بریاری خۆیان بدەن، نەك دەسەڵات بە تەنها و نهێنی كە هەمیشە شكستخواردو بووە ئەگەرەكان هەلبژێرێت . ئەگەر بوارێك مابێت بۆ ئەوەی ئەم دەسەڵاتە سەر خۆی نەخوات، ئەویش بە ئاشكراكاری و روونی و شەفافانە لەم دووریانەدا دەرفەت بداتە گەلی كرودستان رێگەیەك هەڵبژێرن . لەم گەمەیەدا دوو رێگە مان لەبەردەمدایە؛ یان ئەوەتا بریاری یەكلاكەروەی برانەوەی پەیوەندی لەگەل بەغدا بدەین و نازانم لەگەڵ توركیا تا چەند پێشدەكەوین، یان ئەوەتا بەغدا هەموو پەیوەندیەكانمان رێبكخات و خۆمان بەبەشێكی نەبراوەی عیراق بزانین و چاوەرێی فرسەتێكی باشتر بكەین . بەڵام لە هەردوو رێگاكە، لەبەر ئەوەی ناو ماڵی كورد یەكنەخراوە و لەو ئاستە دڵخۆشكەرە نیە كە پشتی پێ ببەستیت و قوربانی بۆ بدەیت، بە نیسبەت كوردەوە شكست یەكێكە لە ئەگەرە گەورەكان .
دەشێت بپرسین، پاش شسكتی گفتگۆكانی بەغدا، لە ئەنقەرە چ باسە، ئایا هەمیشە حكومەتی هەرێم لەم رەوەدا بێت، یان لە گەرانەوەیدا، كە ئەمە دوا فرسەتە، لەگەڵ خەڵك قسە بكات و وەزعەكەی بۆ رون بكاتەوە و داوای هەڵوێستی لێ بكات، با خەڵك خۆی هەڵوێست وەر بگرێت كە خۆی باجەكەی دەدات، نەك بریاری حكومەت بێت بە تەنها، با پێكەوە بپرسین چی بكەین باشە خەڵكینە و، هەر خەڵكیش وەڵامی راستی پێیە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست