کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كە تووشی ریش بوویت دەبێت .........؟

Wednesday, 30/05/2012, 12:00




دەستپێك
ئەگەر بە بێ هیچ مەبەستێكی پێشوەختیش بێت و، لە فەزایەكی ئاڵۆزكاوی وەك ئەمرۆی كوردستان، راییكردنی ئەركە باڵاكان دوور بن لە هەر پلانێكی زانستی بۆ رێكخستنی ململانێ و ركابەریەكان، دەبێت چاوەرێی ئەوەبین كە لە كۆتایی هاوكێشەكاندا زۆرجار دەرئەنجامی نەخوازراومان دەست بكەوێت، جا لە قازانجی هەرلایەكدا بكەوێتەوە ئەوە قسەیەكی ترە . تێكەڵكردنی ویست وسۆزی شەخسی بە سیاسەت و كێبركێی گرنگی پەیوەست بە چارەنوسی میلەت و لە پێناو ئامانجی ستراتیجی گەل، شێمانەی كارەساتباری تێدا بەدیدەكرێت . خۆشبەختانە تا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت دروستبونی گرژی و ناكۆكیەكانی لایەنەكانی عێراق لە چوارچێوەی بەرژەوەندیە تایبەتیەكانی سەرجەم پێكهاتەكانی دەرەوەی هەرێمدا بووە، ئەگەر پڕیشكی ئاگرەكەش جارناجارێك بەر هەرێمیش كەوتبێت، بەڵام ئەمرۆ كاروانەكە گەیشتۆتە ئاستێك و رێگەیەك بە تایبەتی كورد پێویستیەكی لە رادەبەدەری بە عەقڵیەتێكی ژیرانەیە بۆ مانۆر و، یاریچی سیاسیی زیرەكی دەوێت كە بە عەقڵیەتی سەردەم و دووربینیەوە لە پێشهاتەكە بروانێت و توانای بەرەنگاربونەوە و بەرگریكاریی لە ئاست رزگاربونی یەكجاریماندا بێت لەم گۆمەی ئێستا دا و،ئەوەی گرنگە لەدواجاردا بە قازانج بۆمان بشكێتەوە، ئەگینا ئێستا پرسی كورد لە دووریانێكی یەكلاكەرەوەی زۆر چارەنوسسازدایە و دەبێت هەنگاوەكان زۆر بە هەستیاری بنرێن، كە وادیارە سەرئەنجامی خەباتی چەندین ساڵەی گەلەكەمان لەم قۆناغەدا دەردەكەوێت .
خۆشمان بێت و ترشمان بێت، ئێستا پرسەكە لەنێوان مالیكی و بەرزانی دەرچووە، بە شێوەیەكی رەمەكی و خۆرسكیش بێت وەزعی گشتی عیراقیان گەیاندۆتە ئەو شوێنەی هاوكێشەكان لە نێوان كورد و عەرەبدا قەتیس بكەن، كە ئەمەش لە لای زۆرینەی سیاسەتمەداران نەخوازراو بوو لەم كاتەدا . بە رای زۆربەی چاودێران جارێك زووبو بۆ ئەم جۆرە ململانێیە،دەبێت چاوەرێ بووایەین، چونكە واقعی سیاسی و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ئابووری عێراق لە هەر رۆژیكدا بێت بە خۆی ئەم رێگەیەی فەرز دەكرد ئێمەش لە وەزعێكی باش دەبووین،ئەگینا لەم كاتەدا باشترین مەیدان بۆ پەرەسەندنی پرسەكەمان یاری كردنی ژیرانە بوو لەنێوان پێكهاتەكانی تری عێراقدا.
بۆیە هەر نەبێت ئەمەی ئێستا تسَیداین لەم رۆژەدا ریشێكە و بووە بە توشمانەوە، دەبێت سیاسەتمەدارانی كورد بە وردی لەم روانگەیەوە مامەڵە لەگەڵ هاوكێشەكانی ئەمرۆی عیراقدا بكەن و، ئەگەریش ستونە گرنگ و سەرەكی و پێگە پێویستەكانی ئەو ململانێیەمان بە پتەوی بنیات نەناوە، بەڵام دەبێت هەموو لایەك دەرهاویشتەكانی ئەگەری شكستخواردنمان لەبەرچاو بێت كە بە رەهایی زەرەر لە چەندین ساڵەی خەباتی هەموو لایەكمان دەدات و، زۆر پێویستە لە هەموو گۆشەنیگاكانیەوە بیخوێنینەوە . زۆر پێویستە لەم كاتەدا خۆ بەدوور بگرین لە كێشە نێوخۆییەكان و چمكی مەردایەتیی ململانێی سیاسی ئەمرۆی ئەم میلەتە لێ هەڵكەین و بە هەموو توانایەكەوە بەشدار بین . ئەم داواكاریە گشتیانەش رێخۆشكەرن و ئاسانكاری دەكەن بۆ دەرچوون لەم تونێلەی لە سەرەتایداین و زۆردارەكیش بێت، دەبێت پێیدا برۆین:
1 هەرچەند ململانێكە لە سەرەتاوە بەشێوەی شەخسی دەرگای لەسەر كرایەوە و وا كەوتەوە ،بۆیە پێویستە و بەرژەوەندیە باڵاكان وادەخوازن بیر لە حزبایەتی و ئەمجادی شەخسی و تۆماركردنی خاڵ لەسەر حسابی ئەویتر نەكرێتەوە .
2 _ سەرجەم ئەگەرەكان بخوێنرێتەوە و هەموو لایەك، دەسەڵات، ئۆپۆزسیۆن، میدیا، خەڵكی پسپۆر و ئەكادیمی و سیا سەتمەداران بە گشتی، راوبۆچونی خۆیان دەربرن و لەم كاتەدا پێویستە لە چارەسەرەكان بدوێن و هەمووان رابەر و رێنیشاندەر بن .
3 _ لە گفتوگۆكاندا گرنگی بە دیكۆمینت و ریكۆرد بدرێت بۆ هەر بیرو بۆچون و هەڵوێست و پەیمان و رێككەوتنێك، بە تایبەتی قسەو گفتی ئەوانیتر لە سەر ئامانجە ستراتیجیەكانمان و بە راشكاوی لەمەر ئامانجەكانمان بدوێین و لە كاتی پێویست هەموو شتێك بۆ خەڵك رابگەیەنرێت .
4 _ دوانەخستنی هیچ خاڵ و برگەیەكی پەیوەست بە چارەنوسی خەڵكی كوردستانەوە لە هەر رێككەوتنێكدا .

رۆڵی لایەنە سیاسیەكان
ئەمرۆ وا دەبینرێت، ئەركێكی نیشتمانی هەرە گرنگە كە سەرجەم لایەنەكان بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە هەماهەنگی و هاوكاری بێ سنووری یەكتربن و، لەم پرسە یەكجار گرنگەی گەلی كورددا پێویستە زۆر ئامانجیتر ئەگەر بۆ ماوەیەكی كاتیش بێت دوابخرێت و، حساباتی وردی ناوخۆیی بخرێتەلاوە. بەهەموو توانایەك و بە راوبۆچون و پێشنیار و پرس بەیەك كردن وبە كارامەیی خەڵكی قاڵبوی كۆری خەباتی كوردایەتی و عەقڵە كوردستانیەكان ئەم قۆناغە تێپەرێنن. ئەگەر تەنها بەرژەوەندی تەسكی لایەنێكیش ئەم بارودۆخەی هێنابێتە كایەوە بەڵام ئێستا كاروانەكە لەسەر سكەیەكی نوێیە و تازە لە ناوەخنی ململانێیەكی سەختدا خۆمان بینیەوە، بۆیە كارامەیی سەركردە دەسترۆیشتووەكانی كوردستان و عەقڵە دووربین و شارەزاكان لەم كاتەدا پێویستن . دەبێت دەسەڵات باش بزانێت ،تەنها بە ئەو ناگەینە وێستگەكانی داهاتوو . پێویستە ئەوەش بزانین كە دەستە یان دامەزراوەیەكی ستراتیجی كوردستانی بۆ پرسە ستراتیجیەكان و توێژینەوە سیاسیەكان بوونی نیە و هیچ نیەتێكیش لە ئارادانیە بۆ پێكهێنانی، كە لە شیكردنەوە و هەڵسەنگاندندا سەرجەم لایەنە پەیوەستەكانی ئەم قۆناغە بخەنە بەردەستی سەركردایەتی دەسەڵاتی كوردستان،بۆیە لەم كاتەدا ئەو ئەركە قورسە لەسەر سركردەكان خۆیانە جێبەجێی بكەن ، لەم بەینەشدا ئەگەری هەڵەكردن و نادروستی بۆچونەكان زۆر دەبن و، لەم حاڵەتەشدا، گیانی دەستەجەمعی و هاوكاری و بریاری راست بە زەحمەت لەدایك دەبن .

دابەشكردنی ئەركی سەرجەم لایەنەكان
لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیە باڵاكان و لەبەرچاوگرتنی ئەگەرو پێشهاتەكان كە شیمانەی هەموو ئەگەرەكان لەبەرچاو بگرێت لە پێناو خۆ دوورخستنەوە لە نسكۆ و هەڵدێران و هەرەس، ، پێویستە ئەركی نەتەوەیی و نیشتمانیەكان بەسەرماندا زاڵبن و یەك بە یەكی لایەنەكان بە رۆڵی خۆی هەڵسێت ، هەر دابەشكردنی ئەركەكان و دانەبران و یەكترنەبرین كورد بە یەكگرتووی دەهێڵێتەوە و، بە هیچ شێوەیەك لەبەرەیەكی هەڵەی ناوچەیی نێوخۆییدا بە هەڵە خۆی نابینێتەوە و، ئەوەی راستیشە كە تا بۆی بكرێت خۆی لەخستنە هیچ بەرەیەك یەكلایی ناكاتەوە، بۆ ئەوەی هەمیشە هەنگاوەكان لەبەردەمیدا فەراهەم بێت و هەموو دەرگاكان كراوەبن و هیچ كردارێكی لە قازانج بۆ هیچ بەرەیەك و زەرەر بۆ خۆی نەگەرێتەوە، بۆیە پێویستە لەو بەینەدا كار لەسەر مانەوەی رۆڵی تایبەتی و گەورە و یەكلاییكەرەوەی خۆی بكات و نەبێتە یاریچی لاوەكی یان یەدەگ لە یاریەكەدا .
دەبێت لەم ململانێیەی ئەم چەند رۆژەدا ئەوەمان لەبەرچاو بێت، كە لە مللملانێیەكەی ئەم دوو بەرەیەدا ئەو لایەن و سەركردانەی لەبەرەی دژەی مالیكین، تا ئەمرۆش هیچ هەڵوێستیكی راشكاویان لە ئاست داواكاریە چارەنوسسازەكانی كوردەوە نیە و، دوورن لە هەر بۆچونێك كە بتوانێت دڵەراوكێی خەڵكی كوردستان كەم بكاتەوە ، بەڵكو زۆرجار داواكاریە گرنگەكانی كوردیان فەرامۆش كردووە و هیچ هەنگاوێكی ئەم خەڵكەی كوردستانیان پەسەند نەكردووە، بۆیە تەنها مەبەستیان لەم نزیكبونەوە و هاوپەیمانیە زارەكی و مەبەستدارە كاتیەدا لابردنی مالیكی یە نەك جێبەجێكردنی ئامانجە سەرەكیەكانی گەلی كورد. بێ ئیرادە و ویستی هیچ كەسێك و لە دەرئەنجامی بەر یەككەوتنی بەرژەوەندیە هەمەچەشنەكان كە نازانرێت بەرژەوەندیە باڵاكانی كوردستان لە كوێیاندایە،لێرەشدا ناكۆكی حزبی و شەخسیەئێمەی گەیاندۆتە ئێرە و، سەرئەنجامی هاوكێشەكانیش وای خواستووە كە مالیكی بكەوێتە بەرەی دژەوە، ئەگینا دۆستانی ئەمرۆمان كە وا خۆیان دەردەخەن لەگەڵ بەدیهێنانی ئامانجەكانی كورددان تا دوێنی نەك هیچیان نەكردووە كە متمانەی كورد مەیسەر بكەن بەڵكو لە دژە سەرسەختەكانی كورد بوون لە سەرجەم بوراەكاندا .

رۆڵی میدیا
میدیا، بەسەرجەم جۆرەكانیە، بەحزبی و ئەهلیشەوە، ئەمرۆ و لەم قۆناغەدا دەتوانێت بەشێوەیەكی كارا یارمەتیدەربێت، تەنانەت دەتوانێت هەڵەی سەركردەكان كەم بكاتەوە و زانیاری زیارتیان بۆ پەیدا بكات و، رێنیشاندەریش بێت بو باڵادەستیان لە ململانێكەدا و حەقیقەت و ئامانج و مەبەستی ركەبەرەكان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان روون بكاتەوە و خاڵە شاراوەكان دەربخات و ئارەزووی بەرامەبەر بدۆزێتەوە كە لە قازانجی پرسی كورد بە گشتی بشكێتەوە (تا ئێستا میدیا ئەو رۆڵەی نەبینیوە و زۆریش بە عەكسەوە لەوانەیە بە بێ مەبەستیش بێت تۆپی نەیارانی هێناوەتە مەیدانی كوردەوە بۆ یاریكردن، بەڵكو هەندێك جار هەر میدیا بۆتە هۆكاری درزخستنە نێو ماڵی كورد كە مەبەست و ئامانجی سەرجەم نەیارەكانی گەلی كوردە لە عیراق و ناوچەكەشدا) . بۆیە دەكرێت میدیا بە گشتی تا رادەیەكی باش رۆڵی پەیمانگەی توێژینەوەی زانستی سیاسی و كۆكردنەوەی زانیاریەكان بگێرێت ،ئەم ئەركەش لەم كاتەدا بە پێویستیەكی ژیانی بۆ كورد لەقەڵەم دەدرێت. دیارە هۆكاری نزمیی ئاستی میدیای كوردستانیش لەم بوارەدا بۆ كەم ئەزمونی و هەڵوێستی لایەنە سیاسیەكان بە تایبەتی دەسەڵات لەمەر میدیا و مامەڵە كردنیان دەگەرێتەوە نەك بەتەنها خودی میدیا بە تایبەتی .
دەشێت لێرەدا بە راشكاوی بڵێین، ئەم شەڕە سیاسی و ململانێ نەخوازراوە كە بەردەرگای گرتووین لە كاتی خۆیدا نیە و ماڵی كورد بە تەواوی تواناوە ئامادەباشی نەكردووە و پێداویستیە هەمەجۆرە سەرەكیەكان دابین نەكراون، بەڵام مەودای گەڕانەوە لەم یاری و شەڕەدا نەماوە و، دەبێت بەهەر شێوەیەك بێت بەرێوە ببرێت و، لە دوای زۆرترین قازانجدا بگەرێین و بە پاكیزەیی و خاوێنی لێی دەربچین ، ئەگینا ، لە هەموو بوراەكاندا لەم بارودۆخەدا دەگەرێینەوە سەر خاڵی سفر.
ئەوەی راست بێت ،كورد پێویست بوو خۆی زیاتر قایم بكات و چاوەرێی هەلومەرجێكی لەبار و هەلێكی گونجاو بوایە، كە دەیتوانی لە ماوەیەكی كورتدا دەیان قات زیاتر لەم شێوە و جۆرە ململانێ و گفتوگۆیەدا مافەكانی بەدەست بێنێت و قازانج بكات . بۆیە هەر تێكچرژان و شڵەژان و لێكهەڵزنانی لایەنەكانی تری عیراق بێ بەشداری كورد لە قازانجی ئێمەدا دەبوو، ئەگینا بەم عەقڵیەتەی پێكهاتە عیراقیەكان لە رێگەی دیموكراسی و گفتوگۆوە دەیان ساڵە گیرمان بەستووە هیچمان بەدەست نەهێناوە و بەدەستیش ناهێنین .
ئەگەر راوبۆچونی تایبەتی خۆم دەربرم،وای دەبینم لە رووی سایكۆلۆجی و سیاسی وخاڵە هابەشەكان و رووداوە مێژووییەكانیشەوە بێت ،هاوپەیمانی ستراتیجی كورد و شیعە زیاتر خۆی فەرز دەكات وەك ئەوەی تازەبەتازە كورد و سنەی ئەمرۆ دەستیان پێكردووە. لەو نێوەندەشدا رێگەی زۆرتر هەبوو بۆ رێگرتن لە ملهوڕی و زیادەرەویەكانی مالیكی لەم قۆناغەدا .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە