خانەقین گیرۆدەی ململانێی باڵەكانی (یەكێتی) یە
Tuesday, 17/02/2015, 12:00
هەركەسێك بۆ یەكەمجار بچێتە نێو شاری خانەقینەوە، قەت باوەر ناكات ئەم شارە ئەو مێژووە پرشنگدارەی هەبێت و، جێگەی ئەو رووداوانە بێت كە مێژوونوسانی بێلایەن بە شانازیەوە تۆماریان كردووە . ئێستا، شارەدێیەكی خەرابەیە، بێ خزمەتگوزاری، بەسەدان تەن خۆڵ و خاشاكی گردبوەوە و خەڵكەكەی مات و كز و داماون . ئەگەر ئەم شارە تا ئێستا نمونەی پیكەوە ژیانی نەتەوە و ئاین و مەزهەبەكان بوبێت و ، خەڵكەكەی هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆرشەكانی باشوری كوردستانەوە بەشداریەكی كاریگەری تێدا كردبێت ،كەچی هەمیشە لە كاتی ئاسایی و ئاشتیشدا لە خزمەتگوزاریەكانی عیراق و دەسكەوتەكانی شۆرش بێبەش كراوە . تا بەعس مابوو درێغی نەكرد لە خاپور كردن و تەسفیر و كۆچپێكردن و بەكۆمەڵ كوشتن و گرتن و راوەدونانی گەنجان و دەربەدەر كردنی سەرجەم پێكهاتەكانی و، هەوڵدانی بۆ كەمكردنەوەی رێژەی كورد تێیدا، بەڵام بە هیمەت و دڵسۆزی خەڵكەكەی، مەرامی بەعس نەهاتەدی . جگە لەوەش وەك شارێكی سنوری زەرەرمەندی گەورەی شەری ئێران عێراق باجێكی گەورەی دا . بەڵام ئەوەی دڵخۆشكەر بووە، هەمیشە تەبایی و پێكەوەژیان و یەكگرتوویی و زاڵبونی بیر و هۆش و هەستی نەتەوەیی سیفەتی سەرەكی خەڵكەكەی بووە .
ئەمرۆ، پاش رزگار بون لەبەعس و، یەكلایی نەبونەوەی لەنێوان ناوەندی عیراق و هەرێمی كوردستان، ئەگەرچی بەدیفاكتۆ دەسەڵاتی خانەقین سەربە هەرێمی كوردستانە، بەڵام لە چەندین لاوە بۆتە قوربانی ململانێكان . بەغدا لە پێشێلكردنی مافەكانی درێغی نەكردووە و كەس نازانێت ئەركەكان لەسەر كێیە و مافی خەڵكەكەی لەكوێ بزربووە و، هەرێمیش لە دەرئەنجامی ململانێیە هەمەجۆرەكان و ركابەری حزبی و باڵباڵێن، بەقەد قوربانیدانەكەی بۆ نەكردووە .
ئەوەی خانەقین لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی كوردستان بە گشتی و بە تایبەتی ناوچە دابرێنراوەكان جیادەكاتەوە، بونی پلۆرالیزمی نەتەوەیی و مەزهەبیە، بە پێچەوانەی شوێنەكانی تر،تا ئەم ماوەیەی پێشوش، هاوشان لەگەڵ ئاشتەوایی دوومەزهەبی سونە و شیعەدا كە لە نێو كورادنی ئەو شارەدا جێگەی خۆی گرتووە و خەڵكەكەی ژیان بەسەر دەبەن . لە مێژووی خانەقیندا، نەتەوە و مەزهەبەكان بە بێ جیاوازی و دوور لە دەستێوەردانی مەبەستداری نهێنی تایبەتمەند بە مەزهەب، گەلی ستەمدیدەی خانەقین بە ئاشتی و بێ جیاوازی ژیانی ئاسایی خۆیان بە رێوەبردووە . هاوكات ئەوەی جێگەی تێرامان و لە هەمان كاتیشدا دڵخۆشیە كە ئاستی بژێوی ژیانی خەڵكی خانەقین بەرادیەك لەیەكەوە نزیكە دەتوانین بڵێین لە یەك ئاستدایە و هەموان هەست بە جیاوازیەكی ئەوتۆی چیانەیەتی ناكەن و ژیانێكی سادە و ئاسایی و بە بیرو فكرێكی پێشكەوتنخوازانەی تا رادەیەك یەكسانیخوازانە ژیان بەر ێوە دەبەن .
وەك دەزانین پاش رزگار بونی عیراق بەگشتی لە رژێمی بەعس ، لەرووی جەماوەریەوە، لە شاری خانەقین یەكێتی زاڵە و سەرجەم پێگە ئیداریەكانی بەدەستەوەیە، بەڵام ! ئەگەر هەندێك جار تاك حزبی قازانجێكی هەبوبێت لە شوێنەكانی تر ی كوردستان و خەڵك لە كێبركێی سەلبی حزبی قوتاربوبن ، لە خانەقین ئەگەر یەكێتی وەك تاك حزب دەسەڵاتی بەدەستەوەیە، بەڵام ئەوەی كاریگەری سەلبی بەجێهێشتوە ململانێی باڵەكانی یەكێتیە و ئەو ركابەرییەی دابەشبونی باڵەكانە لە نێوان كەلار و خانەقیندا، كە بە شێوەیەكی گشتی گەیشتۆتە ترۆپكی ركابەری . نمونەیەكی زۆر زەقی ئەم رۆژانە باس بكەین؛ بۆ بەڵگەی ئەم بۆچونە؛ لەم ماوەیەدا سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆمەڵیك كەرەسەی شارەوانی (شۆفڵ و سەیارە)ی بۆ شارەوانی خانەقین ناردووە، لەبەر ئەوەی شارەوانیەكانی گەرمیان سەر بەباڵێكە و ئیدارەی خانەقین سەر بە باڵەكەی تر، ئیدارەی گەرمیان كەرەسەكانی لای خۆی دەستبەسەر كردووە و، چش لە خەڵكەكەی، با خۆڵ و خاشاكیش خانەقین بخوات .
لە لایەكی ترەوە، ئەگەر زۆر بە راشكاوانە قسە بكەین، كە نیشانەكانی دەركەوتون و جێگەی مەترسیە بۆ دوا رۆژی شارەكە و، حزبەكان بە گشتی و باڵەكانی یەكێتی كەمتەرخەمن لە ئاستیدا، دەستێوەردانی سیاسی و مەزهەبی لایەنی عیراقی و دەرەكیە لەم شارەدا، ململانێ لە رووی مەزهەبیەوە رۆژ لە دوای رۆژ تەشەنە دەكات و وای لێهاتوە تەنانەت كێبركێی بەرژەوەندی تەسكی مەزهەبی، لە مەراسیمی ناشتنی شەهیدە كان و فیستیفاڵەكانی عاشورا و بۆنەكانی تر بۆ مەبەستی حزبی بەكار دێت و، ململانێی نێوخۆی یەكێتی وای كردووە رۆژ نیە بیری بە كوردستانی بوونی خانەقین لە مێشكی خەڵكی شارەكە هەلنەوەرێت . لەوێشدا خەڵكی تری ناوەكی و دەرەكیش ئیستغلالی ئەو ململانێ یە نا تەندروست و خۆخۆریە دەكەن و رەوشی شارەكە دەقۆزنەوە و، بێگومان لەو پێناوەشدا حزبە ئیسلامیە مەزهەبگەراكان چی لە توانایاندا بێت درێغی ناكەن، خەڵكی خەمخۆر و دڵسۆزی شارەكەش لەترسی گۆرینی دیموگرافی شارەكەدان، بە هۆی دەردانەكانی ئەو مململانێ و ركابەریە حزبی و باڵباڵێنەی، كە هیچ قازانجێكی بۆ دانیشتوانی شارەكە نیە و دوارۆژ و ئاسۆی لیڵتر دەكات و، رۆژێك دێت فریای چارەسەری ئەو پرسە گشتیە گرنگانە ناكەون .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست