کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خەفەكردنی دیموكراسی بە لاسایی كردنەوەی پەیرەوكردنی لیبرالیزم لە كوردستاندا

Saturday, 13/08/2011, 12:00






زۆرێكمان بۆ چەندین جار بەرگوێمان كەوتوە كە خەڵكانێكی رۆشنبیر و لە نێویشیاندا هەیە خۆی بە تیۆریستمانی كورددستان دەزانێت، بەهەمان شێوەی ساڵانی سەرەتاكانی سەدەی پیشوو و قۆناغی شەری سارد و لاساییكردنەوەی فكری سۆشیالیزم، دەیەوێت ئەمرۆش بە بیرو ناو و ئاراستەیەكی ترەوە بەودەردەمان بەرێت كەئەوكات هیچ تایبەتمەندیەكی ئەم گەلەمان لە بوارەكانی رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی و ئابووریەوە نەخوێندەوە . ئێستاش بە ناوی لیبرالزم و بنەماكانی بەشان و باڵیدا هەدێین بێ ئەوەی بە وردی و دیقەت لە ناوەخن و دەلالاتەكانی تێگەیشتبین گوایە فەلسەفە و بیرێكی مۆدیرن و گونجاوە و، تەنانەت بە رزگاركەری چین و توێژەكانی سەرجەم گەلانی دونیای لەقەڵەم دەدەین بە كوردیشەوە. لەو نێوەندەشدا نیولیبرالیزمەكان لە دەربرینی راوبۆچونیان ئەوەندە توندرەویان پێوە دیارە كە دەیانەوێت بە خێرایی لەو بوارەدا هەنگاو بنێن و هەمومان ملكەچی پێداویستی پەیرەكردنی ئەو چەمكە بین و بێ یەك و دوو پشتكیریی لێبكەین . لە پیاهەڵدانیشیاندا بە هاوتا و هاوتەریبی دیموكراسی دەریدەخەن كە گوایە هەردوكیان یەكن و هیچ جیاوازیەك لە نێوانیاندا نیە، بێ یەكتر جێبەجێ ناكرێن و لەیەكتر نابنەوە، تەنانەت ئیدعای ئەوە دەكەن كەكتومت لەیەكدەچن،ئەمەش هەڵەیەكی زەقی ئەم سەردەمەمانە و ئێمەیش بەهەمو لایەكمانەوە گیرۆدەی بوین .

ئێمەی بیر كورت و مێژوو لەبیرچوو، هەر سەردەمێك بە بیرو فەلسەفەیەكەوە دەلكێین و هەر جارەو بە ناو و ناورۆكێك كە هاوردە بێت و هەڵقوڵاوی نێوخۆ و زەمینەی خودی نەبێت گرفتی درێژخایەن بۆ خۆمان دروست دەكەین و شانازیشی پێوە دەكەین وئەوەندەش بوغرا دەبین گوایە هەر ئێمە راستین شاش بە سەپان نازانین. ئا بەو سۆز و ساویلكەییەوە هەمیشە ناگەینە ئامانجە بنەرەتیەكانی خۆمان و هەر جارێك مەسەلەكەمان بە دەردێك دەبەین . ئەوانەی ئەم چەمكە بە چارەسەریی پرسەكەمانی دەزانن دەیانەوێت پر بەبەری گەلەكەمان بیدروون بێ ئەوەی سەلبیاتەكانی بخوێننەوە .

لای خۆمان چەمكی دیموكراسی و لیبرالیزم لێكجیناكەینەوە، پێكەوە لكاون ، كە لە بنەرەتدا نەك هەر یەك نین بەڵكو زۆر لەیەك جیوازن و زۆرجار یەكتر دەبرن و لە ئەجامدا دەشێت یەكتر لەناو ببەن . ئەگەر دیموكراسیەت بە سیستم و ئالیەتی بەرێوەبردنی دەوڵەت بزانین كە لە فەزایەكی ئازادی رەهادا جێبەجێ دەكرێت و ناوەخنێكی هەمەچەشن لەخۆ دەگرێت، كە دەتوانرێت لەگەڵ تایبەتمەندی و سیفەتە گشتیەكان و پاشخانی رۆشنبیری و ئابووری و كۆمەلایەتی كۆمەڵگەدا بگونجێنرێت و، لەو رێگەیەوە گەل سەرچاوەی حوكم بێت و بەشداریەكی كاریگەری لە دیاریكردنی چارەنوسی خۆی هەبێت، تاوەكو بنەما سەرەكیە پێویستەكانی فەراهەم بكرێت وسەركەوتنی مسۆگەرتر دەبێت، دەبێت لە چەمك و فەلسەفەكانی تری جیابكەینەوە و بەراوردی بكەین لەگەڵیاندا .هەرچەند هەموو لایەك لەگەڵ پەیرەوكردن و چەسپاندنی دیموكراسیداین، بەڵام لەسەر ئەرزی واقع بە هەزار و یەك بیانو گرفتی بۆ دروست دەكەین و لەمپەر لەبەردەم مومارەسەكردنیدا دادەنێین و، زۆر جاریش بە ئاشكرا باس لە سەلبیاتەكانی دەكەین كە ئەوەش بەناراستەوخوش بێت نارازیبونمان دەگەیەنێت، گوایە هەندێك لە بەها مرۆییەكانمان پێشێل دەكات و بەشێك لەدابو نەریتەكانمان لەناو دەبات، بەڵام ئەگەر لەگەل لیبرالیزمدا بەراورد بكرێت كە زۆر جار بەیەكەوە دەبەسترێنەوە، دەشَیت دیموكراسی وەك فەلسەفە و سیستم لەگەڵ زەمینە و واقعی كوردەواریدا زیاتر بێتەوە و خۆی لەگەڵ گۆرانكاریەكانی سەردەمدا زیاتر بگونجێنێت، نەك هیچ فەلسەفەیەكی تر. ئەوەی لە كوردستاندا دەیبین ریژەیەكی دیاریكراوە لەدیموكراسی كە پێی لەسەر دادەگرین و ئەوەی لەگەڵ بەرژەوەندی گروپەكاندا نەیەتەوە نەك جێبەجێی ناكرێت بەڵكو بە هیچ شێوەیەك باسیشی ناكرێت .

ئەوەی گرنگە بوترێت كە چەمكی دیموكراسیی راستەقینە(جا هەر ناوێكی پاشكری لەگەڵدا بێت) لەگەڵ خواست و ئاكاری گەلدا بێتەوە، دەكرێت بوترێت فەلسەفەیەكە پێویستی بە ئازادی و یەكسانی و عەدالەتی كۆمەڵایەتی هەیە بۆ ئەوەی وەك خۆی جێبەجێ بكرێت و سەكەوتو و بێ كەموكورتی بێت، جا چ دیموكراسی سۆشیالیزمی بێت یان كۆمەڵایەتی یان ئاینی. ئەمەش ئازادیەكی تاكەكەسی و كۆمەلگەی پێویستە كە لە بەها مرۆییەكان رانەماڵێنرابێت و، ئاستێكی باشی عەدالەت و هەلی یەكسان بو هەموو لایەك فەراهەم كرابێت و یەكسانی بەهەموو شێوە و واتەیەك لە ئارادابێت .

ئەوەی دیارە كە لیبرالیزم لەم ناوچەیەدا بەچەندین شێوە و بە هۆكاری جۆراوجۆر پێداگیریی لەسەر دەكرێت، كە لەگەڵ كۆمەڵێك بەرژەوەندیدا دێتەوە و لەپێناو سیاسەتێكی دیاریكراودا جەختی لەسەر دەكرێت كە دەسەڵات و لایەنە موحافزكارەكان باوەریان پێەتی و لەگەڵ فكر و بۆچونەكانیاندا یەكدەگرێتەوە، وەك لە واقعدا بەروونی دیارە (باس لە لایەنە میانرەوەكان دەكەم)، لەو روانگەوە كە لە گەڵ ئاینی ئیسلامدا ناكۆك نیە و لەگەل كۆمەڵگەیەكی داخراویشدا خۆی دەگونجێنیت، تەنها پێویستی بە بازاری ئازاد و ئازادی رەهای تاكە كەسە ئەگینا شك لەوە دەكرێت كە ئیشكالیەتێكی بۆ هەندێك لایەن تێدا بێت كە لەگەڵ لە قازانجی ئەواندا نەبێت، بێ ئەوەی بەرژەوەندی گشتی و ئازادی كۆ لەبەرچاو بگیرێت . جیاوازیەكی سەرەكی نێوان دیموكراسی و لیبرالیزم ئەوەیە كە بەرژەوەندی باڵای گەل دەكرێتە قوربانی ئازادی تاكە كەس لە فەلسەفەی لیبرالدا و، دەستی سەرجەم لایەنەكان لەبەرامبەر رەفتاری تاكە كەس واڵا دەكات ئەكەر لەزەرەری گشتیش بكەوێتەوە، ئەمەش وا دەكات كە یەكسانی و عەدالەت مەحاڵ بێت و سەروەت و سامان لای كۆمەڵێك كۆبێتەوە و زۆرینەخەڵك گیرۆدەی دەستی كەمینە بن و لە پەروایزدا بن، لە سەرجەم بوارەكانی سیاسی و ئابووریشدا،جگە لەدەنگدان و ئالیەتی هەڵبژاردن هیچ بوارێك بۆ دیموكراسی نامێنێتەوە وەك فەلسەفەیكی گشتگیر و، لەوێشدا كاربەدەستان و فەرمانرەوایان لە لایەن كۆمەڵێك خەڵكی سەروەت و سامان بەدەستەوە دیاری دەكرێن كە لەگەل بەرزەوەندیەكانیاندا یەكبگرنەوە . واتە، لە سیستمی لیبرالیزمدا (بە تایبەتی ئەوەی لیبرالە نوێكان ئیدعای دەكەن) دیموكراسی لەناودەچێت بەو بەڵگەیەی كە گەل حوكمی خۆی ناكات و، كاربەدەستان لەلایەن ئەو گروپانەوە دیاریدەكرێن كە باوەریان بە لیبرالیزمە وەك بیرو فكر و فەلسەفەو تەنها لە قازانجی خودی خۆیاندایە و بەس و، ئازادی تاكە كەس هەماهەنگی ئازادی كۆی لێًناكەوێتەوە وەك لیبرالەكان پروپاگەندەی بۆ دەكەن . ئەمەش ناعەدالەتی و متبون وخەمۆكی و زوڵم و زۆری لێدەكەوێتەوە و، تەنانەت نەك هەر هاوتەریبی و لێكچونی نێوان لیبرالیزم و دیموكراسی بە درۆدەخاتەوە بەڵكو خودی ناوەرۆكە راستەقینەكەی دیموكراسیش پێشێل و خەفە دەكات و، چینی ناوەراست كەم دەبێتەوە و هەژاری زۆرتر و هەلی كار كەمتر و نایەكسانی جێگیر دەبێت و عەدالەتی كۆمەڵایەتی بە رەهایی نابینرێت و، وا لە خەڵك دەكات بە ئاسانی پەنا بەرنە بەر توندوتیژی و كاری نابەجێ .

ئێستاش لە كوردستاندا، وەك چۆن لە گەرمەی ململانێ هەمەجۆرەكانی بلۆكی رۆژهەلات و رۆژئاوا، بێ توێژینەوە و لێوردبونەوە و تەنانەت خوێندنەوەی و واقعی كۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و پاشخانەكانمان و، بێ هیچ خویندنەوەیەكی بنەمای زانستیی ناوەرۆكی فەلسەفەی سۆشیالیزم، كویرانە ئیدعامان دەكرد ، ئەمرۆش لە گەمە زەبەلاحەكانی فكر و ململانێی رۆشنبیری و ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسیەكانی جیهاندا وادەردەكەوێت بە شێوە و ناوێكی تر هەڵەكانی پێشوومان دووبارە بكەینەوە . بێ متمانەیی و چاولێكەری هەمەچەشن و بێ بنەما و لاسایی كتومتی ئەویتر بێ لەبەر چاوگرتنی سیفەت و تایبەتمەندی و مێژووی خۆمان، رۆژ لەدوای رۆژ بەرەو قەیرانی زۆرترمان دەبات. ئەگینا لەم چەند ساڵەدا، ئەو داهاتەی كە دێتە كوردستانەوە بێ نمونەیە لە مێژووماندا، ئەگەر بە رێكوپێكی و زانستیانە بەكاربهێنرایە پشت بە فكر و فەلسەفەیكی گونجاو و تایبەتی خۆمان ببەستایە، ئەم هەموو نا یەكسانی و هەژارییەی و جیاوازویەی نێوان پێكهاتەكانی كۆمەڵگەكەمان لە ئارادا نەدەبوو كە پارەوپولی زۆرینەی رەهای خەڵك بە دەست جەند مشەخۆرێكەوە بێت و، ئەمەش ئەمرۆ بێت یان سبەی بە ئاكامەكەی بە باشی ناكەوێتەوە و زەرەر لە گەلی كوردستان دەدات و لە ئامانجە پیرۆزەكانی دووری دەخاتەوە .

بۆیە،ئەركێكی نیشتمانیە كە بەهەموو لایەك لەم قەیرانە بكۆڵینەوە كە لە بارودۆخە سیاسی و ئابووریەكەی هەرێمدا زەق بۆتەوە و، وەزعی گشتی میلەت بەرەو داتەپان دەبات . پێویستە وەك چۆن لەسەر فەراهەم كردنی ئازادی تاكە كەسدا پێداگری دەكەین (كە ئەگەر بەو شێوەیەی كە لیبرالیزمە نوێیەكان لێی دەدوێن كارەساتی لێ دەكەویتەوە) پێویستە بیر لە دوا رۆژی میلەتیش بكرێتەوە و، دەرئەنجامی پەیرەكردنی ئەم سیاسەتە ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری یەی دەسەلاتی ئەمرۆی كوردستانیش لێكبدرێتەوە كە كەمترین ئاستی یەكسانی و عەدالەتی كۆمەڵایەتی تێیدا بەدیناكرێت .

ئەم بەناو لیبرالیزمەی كە زۆر كەس شانازی پێوە دەكەن و ئێمەش بە ساویلكەیی لێی دەروانین، لەدایكبونێكی ناسروشتیە و جیاوازیەكانی میلەت زۆرتر دەكات و، تەنانەت نیمچە دیموكراسیەتەكەشمان بە و لیبرالیزمە نوێیەی كە ئیدعای دەكەین لەناودەچێت و ئەو بەها و بنەما سەرەكیە مۆرڤایەتیانەش لەدەست دەدەین كە لە قازانجی زۆرینەی خەڵك دایە و لە قەیرانێكەوە روو دەكینە قەیرانێكی تر .

 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە