کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دیسان دەڵێین پێشمەركە میلیشیا نیە

Tuesday, 03/02/2015, 12:00




بۆ چەند رۆژێكە هەندێك لایەنی توندرەوی توركمان و عەرەبی عیراقی ناوی پێشمەرگە بە میلیشیا دەهێنن و بە چەكداری حزب و مشەخۆری ناوزەد دەكەن و چەندبارەی دەكەنەوە، بەتایبەتی پاش بەرگریكردنی قارەمانانەی پێشمەرگە لە كەركوك و پاراستنی یەكێك لە شارە پیرۆز و زۆر گرنگەكانی كوردستان . داوا دەكەن لە كەركوك و ناوچە دابراوەكان دەربركرێن و هێزی ناوەندی عێراق واتە سوپای عێراق جیگەیان بگرێتەوە كە بەرگەی چەند سەعاتێكی داعشی نەگرت . بەڵام ئێستا وا دەبینرێت كە حەشدی شەعبی (ئەم پێكهاتە عەسكەریە كتومت پێناسەی میلیشیای بۆ دەگونجێت) دەهێنرێت و لەوەش دەچێت لەدوارۆژدا كێشەگەلێك بۆ دەسەڵاتی كوردستان لە ناوچەدابراوەكان و پێشمەرگەش دروست بكات .
میلیشیا: كۆمەڵیكی چەكدارن كە وەك هێزی نا نیزامی لەپاڵ هێزی نیزامی دەوڵەت یان حزب یان پێكهاتەیەك وەك هێزی یەدەك، واتە لەپاڵ سوپای نیزامی لە لایەن خەڵكانێك یان لایەنێك یان بۆ مەرامی نهێنی دەسەڵاتێك یان حزبێك یان كەسێكی دەسترۆیشتو بۆ مەرامی تایبەتی، دروست دەكرێت، ئەگەر هەڵگری هیچ بیروباوەر و فكرێكیش نەبێت و، تەنها بۆ جەنگ بەكار دێت،واتە شەركردن بە نرخ و بە بەرامبەر . بەڵام ئەوەی هەموو لایەك ئاگادارە پێشمەرگە وەك خەباتگێری هەڵگری چەكی بەرگری و پاراستنی شەرف و خاكی كوردستان، هەر لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆرشەكان بێ چاوبرین لە بەرامبەر بێ هیچ بەرژەوەندیەكی تایبەتی مادی دروستبون و، بە شێوەیەكی گشتی جیاواز لە میلیشیا هیچ كەس و لایەنێك بۆ مەرامی تایبەتی لەپاڵ هێزی تر بە كارینەهێناون و بەڵكو هێزێكی عەقیدی پر لە بیروباوەر و دوور لە كرێگرتەیی و پاك و خاوەن ویست و ئیرادەی تایبەت و پابەند بە خۆشەویستی وڵات لە پێناو پاراستنی خاك و نیشتمانی كوردستان گیانی خۆیان بەخت كردووە، لە سەرجەم چین و توێژەكانی تر بۆ كورد رێزلێگیراوتر بووە _ رێزی مەعنەوی نەك مادی _ .
ئەمرۆش پاش ئەو نەبەردیەی لە بەرەكانی شەر نواندی و ئەوەی بۆ سەرجەم كۆمەڵانی خەڵك سەلماند كە پێشمەرگە كۆنی و تازەیی نیە، بەڵكو پابەندبون بە عەقیدە و خۆشەویستی خاك و نەتەوە ئازایەتی و هێز دروست دەكات لە هەموو قۆناغەكاندا، پاش ئەو دەنگە دەنگ و قیرە قیرەی لایەنە توند رەوەكانی عیراق كە بێگومان لایەنی دەرەكیان لە پشتەوەیە، پێویستە سنورێك بۆ دەم درێژیان دابنرێت و بە هەموو شێوەیەك رێگە لە بێ رێزیەكانیان بگیرێت و قودسیەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بپارێزرێت .ٍ لای خۆشمانەوە زۆر پێویستە ئەو پێگە پیرۆزەی پێشمەرگە لە هەموو كات و ئان وساتێكدا زیاتر بپارێزین و هەوڵی یەكگرتنیان بدەین و نەیان كەینە قوربانی ململانێی حزبی و،ئەوەش وا دەكات كە لە ململانێیەكی لاوەكی حزبیدا بێ نرخ سەیر نەكرێن و بە میلیشیا ناونەبرێن و، پاش شەر و جەنگە سەپێنراوەكان پشتگوێ نەخرێن . بەڵام ئەوەی زۆر گرنگە نەهێڵرێت هەر هێز و لایەنێك لە هەر شوێن و پێگەیەك بێت دەمدرێژی بكاتە سەر پێشمەرگە، چونكە بێگومانین ناتوانێت دەستدرێژی بكات و پێشمەرگە وەك بە داعشی كرد دەرسێكی باشی دەدات و لە شوێن خۆی رادەگیرێت .
ئێستا و لەم كاتەدا ئەوەی ئەركی بەرپرس و پەرلەمانتارەكانی كوردە بەتایبەتی لە بەغدا، كە لە كاتی خۆیدا بەرپەرچی هەر دەمدرێژیەكی ئەو كەس و لایەنانە بە توندی بداتەوە و كاری پێویستی وا بكرێت كە جارێكی تر كەس جورئەتی ئەوە نەكات قسەی نابەجێ بكات و بەڵكو دەرسی لێ وەربگرێت، بەڵام ئەوەی دەیبینین، تا ئێستا هیچ كاردانەوەیك لەلایەن نوینەارنی كورد لە بەغدا نەبینراوە كە وەڵامی توند و پێویستی ئەو دەمدرێژیانە لە كات و شوێنی خۆیدا بداتەوە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە