گەنجی كورد گرەو لە سەر چی دەكات ؟
Monday, 05/03/2012, 12:00
تایبەتمەندی ژیان و گوزەرانی نەوەی نوێی كوردستان بە جۆرێكی بەرچاو گۆڕانێكی باشی بەسەردا هاتووە، كە دەتوانین بڵێین بە شیوەیەكی رەها لە هەندێك بواردا لەوەی پێش خۆی دابڕاوە و پێشكەوتنێكی ئەوتۆی بەخۆیەوە بینیوە كە لە زۆر تەنگوچەڵەمەی بارودۆخی كۆمەڵایەتی نەگونجاو لەگەڵ پێویستیەكانی سەردەمدا، رزگاری بووە .
دیارە زۆر ئاساییە بڵێین، كە لەبەریەككەوتن و گەیشتنی زانیاریە هەمەجۆرە جیهانیەكان وای لە گەنجی ئێرەش كردووە كە بە جۆرو شێوازی بەرێوەچونی ژیانی نوێ و گۆڕانكاریە ریشەییەكانیەوە پەیوەست بێت، ئەگەر ئەم گۆڕانەش لە جێگایەكی تری جیهان بە قۆناغبەندی یەك لەدوای یەك بەرەوپێشچووبێت، بەڵام لەم وڵاتەی لەمەر خۆماندا وادەردەكەوێت كە بە بازدانێكی كتوپر خۆی بسەپێنێت و قۆناغە مامناوەندیەكان بە خۆوە نەبینێت، وەك ئەوەی لە هەموو قۆناغەكانی مێژوودا بە شێوەیەكی ئاسایی وسروشتی بەرێكەوتن و تێپەڕبونی زنجیرە یەك لە دوای یەكەكانی پێشكەوتنی كۆمەڵایەتی لە هەموو جیهاندا تار ادەیەكی باش وەك یەك بەرێوەدەچێت .
جیهانی ئەمرۆ لە شۆرشێكی مەزنی گواستنەوەی زانیاریدایە و، بەو هۆكار و تەكنیكە داهێنراوە نوێیانەوە بە ئاسانی و خێراییەكی لەرادەبەدەر دەگوێزرێتەوە و بەدەست دێت و، هیچ كلتور و تایبەتمەندی و رۆشنبیریەكی جیاواز لە سەرچاوەكەی ناتوانێت رێگری لێبكات و بەربەست بخاتە بەردەمیەوە، بۆیە هیچ تەگەرەیەك لە هەر روویەكەوە بێت ناتوانێت ئاستەنگ بۆ جۆڵانەوەی فكرو بیرو رۆشنبیری جیاواز دروست بكات و نەهێڵێت خۆی فەرز بكات لە جیهاندا، كوردستانیش لەو حاڵەتە بەدەر نیە ، ئەمەش وای كردووە كارلێك و كارتێكردنی نەوە جیاوازەكانی سەر رووی زەوی لەسەر یەكتر كاریگەریەكی بەرچاویان لەسەر یەكتر هەبێت، بۆیە لە جیهانێكی غەرقبوو تا بیناقاقا بە روانین و تێفكرین و رامان لە جۆری بیروبۆچونی میتافیزیكی و كاریگەریە قووڵەكانی مێژووی یۆتوبیای ئەم ناوچانە لەسەر گەنجان، وا چاوەڕوان دەكرا كە نەوەی نوێ بە پێوەری پێش نوێگەری رەفتارەكانی بپێورێت وجگە لە كاردانەوە بەرامبەر سیفەتە بۆماوەییە كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و فكریەكانی مێژووی ئەم ناوچەیە هیچ گۆڕانیكی لێ چاوەروان نەكرێت . بەڵام، واقعی ئەمڕۆ و رەفتار و عەقڵیەت و روانینی گەنجان جگە لە هەندێك شوێن كە تا ئێستا لە ژَێر چەتری خۆپارێزیدا خۆیان شاردۆتەوە، ئەگینا بە شێوەیەكی گشتی دەتوانین بە ژیانێكی تازە و تازەگەری لەقەڵەمی بدەین . لەو نێوەندەشدا،بە پێی ئەم بارودۆخە نوێیە ئەگەر بە وردبینێكی زانستی ژیانی گەنجی كورد هەڵسەنگێنین زۆر لایەنی رۆشن و ئەرێنیمان بۆ دەردەكەوێت .
لە كاتێكدا كە ژیانی پێشكەوتنخوازانەی ئەمڕۆی گەنج بەندە بە پابەندبون بە رەوتێك كە فاكتەرە چەسپاو و جێگیرە نێگەتیڤەكان راماڵێت و لەگەڵ ئەویتر لە واقعێكی تردا بەریەكنەكەوێت و یەكانگیر بێت، بێگومان كاری نوێگەری بەرهەم دینێت . بەروونی لەم كاتانەشدا باش دەبینین كە ئامرازەكانی بەدیهێنانی ئەو ئامانجە فەراهەم بوون وگۆڕانكاریەكانی سەردەم لە هەموو كونوقوشبنێكی دونیا خوڵقاندونی . بەم شێوە جێگۆركیەكی گەورە روودەدات و گوتارێكی نوێ دێنێتە ئاراوە كە بەهێچ شێوەیەك لەوەی پێش خۆی نەچێت و گرنگترین ئاكارەكانی بریتیبێت لە كاری دەستەجەمعی و دژ بە تاكگەرایی و نقومبون لە خەڵوەتگەی بیری میتافیزیكی و داخران و لاتەریكبون، ئەمەش گەنجی وریا و عەقڵانی بە رهەمدێنێت و دوور دەبێت لە خۆخەریك كردن بە گفتوگۆی سەفسەتی و بیزەنتی و فكری یۆتیوبیایی، خۆ سەرقاڵكردن بە كارو كردەوەی واقعیی دوور لە فرتوفێڵی زمانەوانی بۆ دژایەتیكردنی رەوتی پێشكەوتن و پاساو هێنانەوەی بێفەر .
بەمشێوەیەش ، لێرەدا ناكۆكیەك دروست دەبێت لە نێوان گەنجی چالاك و خاوەن وزەی گەورە و عەقڵانی و تێكەڵبوو بە رەهەندە جیهانیەكان لەگەڵ خەڵكی خاوەن بیری تەسكبین و هەڵگری فكری گوماناوی و دژ بە نوێگەری، سەرئەنجام ئاڵۆزیەك دروست دەبێت لەوبەینەدا و، لەونێوەندەشدا ناوەخنی چەند شارستانیەتیەك بەریەكدەكەون و بەهای كۆن و چەند ناوەندێكی نائاگا بە ئەخلاق وئاكاری نوێ هەڵدەتۆقێت ، هەرچەند زۆرێك لە بەها بێناوەرۆكەكان دادەرمێت و جەوهەرێكی بیری نوێگەری پەیدا دەبێت،بەڵام بە رواڵەتییش بێت سیفەتە كۆنەكان تا ماوەیەكی كورتیش بێت بەرگەی راماڵین دەگرن. لەم ناوچەیەی ئێمەش پێویستمان بە سەرپەرشتی و رێكخستنێك دەبێت بۆ ئاراستەكردنی گەنجانی سەرقاڵ بە بەها و فكر و ئەخلاق و عەقڵیەتی نوێ ، كە لەگەڵ بابەتی نوێ و رەهەند و دەردانە جیهانیەكان یەكانگیر بێت، ئەمەش قۆناغێكی نوێی جیاكردنەوەی مێژووی سەردەم لەگەڵ پێشتردا پێكدێنێت و، پێویستی بە تیۆریەكی زۆر جیاواز دەبێت كە راستودروستیی بە توێژینەوەیەكی فراوان یەكلا بكرێتەوە . لێرەش ، دەشێت بڵێین ، گەنجی نوێ بە واتای وشەكە دێتە ئاراوە كە جیاوازیەكی رەهای لەگەڵ نەوەی قۆناغە كانی پێشو تری ئەم ناوچەیە بچێت .
بۆیە، پێویستە جەخت لەسەر ئەوە بكەینەوە كە گەنجانی كوردستان گرەوەكەیان زۆر جیاواز دەبێت لەگەڵ نەوەكانی پێشوتری خۆیان، بەڵام جیاوازیەكی ئەوتۆی نابێت لەگەل هەمان نەوەكانی ئەمرۆی جیهان، لە رووی بیر و فكر و رێباز و ئامانج و ئاكار و رەفتار و ئامرازەكانی بەرێوەبردنی كاروباری ژیانیان. دەتوانین بڵێین، نەوەی نوێ سنوورەكانی لەگەڵ ئەوانی تردا بە یەكجاری دەسرێتەوە، بەڵام ئەگەر لە ماوەیەكی كورتدا بەربەستێك لێرەولەوێ لەبەردەمیدا هەڵبتۆقێت، ئەوە نیشانەی وەستانی رەوتەكە ناگەیەنێت و، تەنها كاریگەری لەسەر ماوە زەمەنیە پێویستەكە دەكات، بۆ گەیشتن بە دوا وێستگە .
گرەوی گەنجی كورد لەسەر پێشكەوتن و بەدەستهێنانی ئامرازەكانی پەرەسەندن و دابران لەگەڵ سیفەتە جێگیرە نالەبارەكانی دەستكردی مێژوو و خۆسازدان و دونیابینی و وەرگرتنی زانیاری نوێ و، پشتپبەستن بە تیۆر و خیتابی گونجاوی سەردەم، دەوەستێت .
بۆیە، ئەگەر رۆڵی ئایدیۆلۆجیا رووی لە كزی كردبێت و سیاسەتی سەردەمیش شێوازی تایبەتی خۆی وەرگرتبێت، دەبێت لەم قۆناغی گواستراوەدا، گەنجان، دوور لە خۆبەستنەوە بە نەوەی كۆن و كاریزما و دەسەڵاتە هەمە چەشنەكان، خۆیان تەیاركەن و بە پێی پێویستی و سیفەت و گۆڕانكاریەكانی سەردەمی ئەمرۆی خۆیان بژین و، ئەگەر دابڕانی فكری لە گەڵ شتە نەرێنیەكان خۆی بچەسپێنێت، پێویستە لە رووی سیاسیشەوە خۆیان بریاردەر و جیبەجێكاری كاروبار و پلاندانەری قۆناغەكەی خۆیان بن و رێگە نەدەن خەڵكی خۆ سەپێن و كۆنەپارێز ئەو مافەیان لێ زەوت بكات .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست