سەرم سورماوە لە هەندێك فەیلەسوفی كوردستان !!
Thursday, 08/01/2015, 12:00
پێش هەموو شتێك دەپرسم ئەمە پیشەی حزبە یان زانكۆ و ئەكادیمیاكان . دەكرێت خۆت بە زانای دونیا و مرۆڤدۆستی و كۆمەڵناسی لەقەڵم بدەیت و، بەرگری لە ئایدیولۆجیایەكی تەسكی حزبی بكەیت كە لەگەڵ بۆچونەكانی خۆتدا نەیەتەوە. خۆت بە داهێنەری دونیای مەدەنیەت بزانیت و تەنانەت بە راست و رەوا قسە لەسەر ئەرێنێتی كاروكردەوەی خەڵكی بێلایەن و پێشكەوتوخواز بكەیت لەپێناو خزمەتكردنی خەڵك، كەچی لەپاڵ حزبێكدا جنێو بە ئەویتر بدەیت . پێم سەیرە بە كۆمەڵێك چەمكی مۆدێرنە و پێناسەی زارەكی وشك و بە مەبەستی تەنها حزبایەتی بە ناوی فەلسەفە و زانستەوە قسە بكەیت و، لەپەنا حزبدا بتەوێت بەرژەوەندیە تەسكەكانت فەراهەم بكەیت و خۆت بە پرۆفیسۆری بواری فەلسەفە و فەیلەسوفیش بزانیت . لە هەمووی سەیرتر، ئەوەی مرۆڤدۆست بێت خۆی لە قەرەی رقوكینە نادات و هەمیشە خۆشەویستی لێدەبارێت، كەچی تۆ بە ناوی دەرونی بیمارەوە تەنها خۆت لە ململانێ حزبیەكان هەڵبقورتێنێ و توندترین وشە و دەستەواژە بەكاربێنیت .
ئەوەی ئاشكرایە لە مێژووی زانست و مەعریفە و فەلسەفەدا، هەمیشە پسپۆرانی ئەو بوارانە نەرم ونیان بون و لەگەڵ رەوتی پێشكەوتنخوازیدا مامەڵەیان كردوە و خۆیان لە قەرەی ركابەری سەلبیانەی حزبی نەداوە و، بەردەوام ئەوان قوربانی دەستی سیاسەت و دەسەڵات بوون ، هەموو هەوڵێكیان لە پێناو گۆڕانی راستەقینەی وەزعی خەڵك بووە و چیان لە توانادا بێت تەنانەت بە قوربانیدان بە گیانی خۆشیانەوە كردویانە و، بەردەوام جەختیان لەسەر داهێنانی پێشكەوتنخوازانەی خۆیان كردۆتەوە، كەچی لە كوردستان وا زۆرێك جار لەگەڵ روداوگەلێكدا روبەرو دەبینەوە كە زۆرێك لەوانەی خۆیان لەقەرەی فەلسفە و پەیبردن بە نهێنیەكانی ژیان دەدەن وەك خۆیان هەمیشە رایدەگەیەنن، لەولاوە پەنا بۆ حزبایەتی تەسك دەبەن و تەنانەت دەبن بە زمانحاڵی حزبێكی محافزكار. تۆ بڵێی حزبەكانی كوردستان ئەوەندە هەژار و كەم توانابن و كەسیان نەبێت بەرگریان لێ بكات جگە لەم جۆرە فەیلەسوفە تایبەتانە .
لەكوردستان رێگەی تێدەچێت، ئەگەر بەرگریكار قسە لە سەر هەندێك بابەت بكات كەقازانجی بۆ حزبەكەی هەبێت و لەپەنایدا قازانجی تایبەتی بەرخۆیشی بكەوێت و، لە بوارێكی تایبەتدا قسە بكات بەچاكەدانەوەی حزبی لەقەڵەم بدات، كە شەهادەی پسپۆریەكەی كە توانای هەرچەند بێت! لەرێگەی ئەوەوە بەدەستهێنابێت، ئەمە لەوانەیە رێگەی تێبچێت و كەس گلەیی نەكات، بەڵام تۆ شانازی بەپسپۆریەكەی خۆتەوە بكەیت و لەولاوە پابەند نەبیت پێوەی، ئەمە چ سەرلێشێوانێكە، تەنها سیاسەت بە پیشەی خۆت بزانیت و خۆت لە كاوباری سیاسیی رووتدا هەڵقورتێنی و بەردەوام ببیتە كەواسوری بەرلەشكری حزبێك كە لەزنجیرەی پێشكەتنخوازیدا لە دواوەی سەرجەم حزبەكانی كوردستان بێت و، تەنانەت باوەری بەبوارەكەی كاكی فەیلەسوفیشەوە نەبێت، ئەمە كارەساتی فەلسەفی نیە كە كاكی فەیلەسوف دەیكات . دەكرێت بپرسین، بۆچی هەر لە بنەرەتدا لە فەلسەفە و ئەو بوارە ئەكادیمیانە نزیكبویتەوە . كەچی لەولاوە باس لە پسپۆرێتی و دوركەوتنەوە لەگشتگیری و پەرشوبڵاوی دەكەیت زانستی دەكەیت لە كوردستاندا .
خۆ لەقەردانی بوارێكی فەلسەفە و لەولاشەوە رۆچون بە نێو زانینی ئەنسرۆپۆلوجی و وردەكاری ژیانزانی، كوڕی خۆی دەوێت نەك خەڵكێك بەناوی فەلسەفەوە لە پشت پەردەوە پیشەی سیاسەت بێت . كەس رێگر نیە لەوەی هەر كەسێك لە كوردستاندا سیاسەت بكات، هەموان ئازادن لەهەڵبژاردنی هەر بوارێكدا كە تێیدا سەرقاڵبن، بەڵام بە ناوی كاروبار و وردەكاری زانستێك دوربێت لە سیاسەتەوەـ بەپێچەوانەشەوە سەرجەم ئامانجەكانت سیاسی بێت، ئەوە چەواشەكاریە و فێڵە لە زانست و فەلسەفە بەتایبەتی وەك زانستێكی سەردەم و وهەڵخەڵەتاندنی بێ ئەملاوئەولای سەرجەم پێكهاتەكانی خەڵكیشە .
بۆیە زۆر پێویستە بڵێین، لەكوردستاندا پاش ئاوەژوكردنەوەی هەموو بوارەكانی زانست و ئاڵوگۆركردنی بە سیاسەت و نەهێشتنی تایبەتمەندی هیچ پسپۆریەك، دەبێت هەموو ئەگەرەكانمان لەبەرچاو بێت. لەوەدەچێت رۆژێك سەركردەیەكی نەخوێندەواری حزبێكیش لە بواری ئەتۆمدا موحازەرەیەك بە شێوە سیاسیەكەی لە زانكۆكانی كوردستان بڵێتەوەو جێگۆركێ لەگەڵ كاكی زانا و دانا و فەیلەسوفدا بكات .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست