ئێران راهێنان بە یاریچیە ناوخۆییەكانی وڵاتانی ناوچەكە دەكات
Thursday, 20/11/2014, 12:00
بیگومان ئێران بە تەكتیك و یاریەكی هێمن و سەردەمانە، نەك تەنها ركابەریی وڵاتانی ناوچەكە بەڵكو هی جیهانیش دەكات . لە بەرێوەبردنی سیاسەتی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و زاڵبون بەسەر ناوچەكەدا، ئێران یاریچیەكی گرانبەها و یەكلاكەرەوەیە . لە بەرامبەردا، هەرچەند توركیا تا رادەیەك لە سیاسەتەكانی ئەم چەند ساڵەی دواییدا، لەم ناوچەیەدا شكستیهێناوە، بەڵام بە پلان و شێواز و رەنگێكی جیاوازی ترەوە یاریە ئیقلیمیەكە بەرێوە دەبات .
ئەوەی لەم دوو وڵاتە بەدیدەكرێت، كەوا خۆیان دەنوێنن بە پشت بەستن بە مێژووی پر ئاڵۆزی خۆیان و بوغرابون و شانازی بە رابوردووی ئیمبراتۆریەتی و فارس و عوسمانیەوە دەنازن، بێ ئەوەی تایبەتمەندی و پێشهاتە نوێكان و گۆڕانكاریەكانی قۆناغەكە و پێویستیی نوێی وڵاتان و روانینیان بۆ ناوچەكە و دەركەوتنی یاریچیە تازەكان بخوێننەوە، بە رەفتار و بۆچونی بەرزەفڕەوە مامەڵە لەگەڵ سەرجەم پرسەكانی ولاتانی ناوچەكە دەكەن و، وادەزانن سەدەی بیست و یەك بە عەقڵ و بۆچون و مامەڵەی سەدەكانی پێشترەوە بەرێوەدەچێت . لەوێشدا جیاوازیەكی دیار لە نێوان عەقڵیەتی ئێران و توركیادا دەبینرێت، هەرچەند هەمیشە لە دوو روانگەی جیاوازەوە ماەمەڵە لەگەڵ پرسە سەرەكیەكانی ناوچەكە دەكەن و، لە ململانێیەكدان كە هەمیشە لایەكیان سەركەوتو و لایەكیان دۆرا و دەبێت وبە دەگمەن نەبێت، لەهیچ دەرئەنجامێكدا هەردوو وڵات پێكەوە قازانجیان نەكردوە، جگە لە سیاسەتەكانیان لە دژی كورد نەبێت .
دەتوانین بڵێین، ستراتیژیەتی ئێران لەم كاتەدا وا دەردەكەوێت كە لەسەر دوو بنەما بەندە :
یەكەم : جەخت كردن لەسەر مامەڵە لەگەڵ یاریچیە ناوخۆییەكان وەك لە عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن و لەو نێوەندەشدا تارادەیەك لەگەڵ كوردیشدا پیادەی دەكات و، بە هەمان ئامانج پەیوەندیەكانی زیاتر لەگەڵ لایەنێكی دەسەڵاتی كوردا، ریكخستوە .
دووەم : بە پشتبەستن بە لامەركەزی لە حوكمی ئەو وڵاتانەی جیاوازیەكان تێیاندا زەقن و بەرژەوەندیی خۆی تێدایە، خاوەن فرە نەتەوە و مەزهەبن بۆ بەئاسانی جێبەجێ كردنی مەرامەكانی لەو رێگایەوە ئەركی راهێنانی یاریچیەك لەخۆ دەگرێت .
مامەڵەی ئێران لەگەڵ یاریچیە نێوخۆییەكان بە شێوەیەكە، بەو پێیەی وەلائیان بۆ دەسەڵاتی نێوخۆ و یان مەرجەعیتی تایبەتی خۆیان تا رادەیەك هەبێت و، لەهەمان كاتیشدا پابەندبن بە پاراستنی بەرژەوەندیەكانی ئێران لە وڵاتەكانیان . ئەمەش تا رادەیەكی باش كێرڤی قورسایی ئێرانی بەرزكردۆتەوە، بەڵام بێئاگایانە لەوەی كە لە نێوخۆی خۆیشیدا لەسەر پانتاییەكی كۆمَەڵایەتی و سیاسی و رۆشنبیری وادا یاری دەكات كە كەلەبەری زۆری تیدایە . بە شڵەژانێكی بچوك لە نێوخۆی ئێران، وەك ئاگر لە پوش بەردەیت داواكاری گۆرانكاڕی و نارەزایەتیەكان لەسەراسەری ئەو وڵاتەدا بڵاودەبێتەوە .
بەڵام دەتوانین بڵێین، ستراتیژیەتی توركیاش لەم كاتەدا وادەردەكەوێت كە لەسەر دوو بنەمای جیاواز بەند بێت:
یەكەم : جگە لە مرخ خۆشكردنی لەمەر موسڵ و كەركوك، دەیەوێت، ,وڵاتانی ناوچەكە ناوەندێتی توند پەیرەو بكەن و یەكگرتوو بن و لە ژێر ركێڤی ئەودا بن و كەمە نەتەوایەتیە توركمانەكان رازی بن ،و بەرژەوەنیە سیاسی و ئابوریەكانی توركیا لەبەرچاو بگرن .
دووەم: دەیەوێت پەیوەندیەكانی لەگەڵ ناوەندی ئەم وڵاتانە رێكبخات و وەك ئێران گرنگی بە یاریچیە ناوخۆییەكان نادات، دەیەوێت ناوەندی وڵاتانی انوچەكە سیاسەتەكانی پەیرەو بكەن و، خەتی سوری لەسەر زۆرێك لە پرسەكان هەیە، كە ترسی هەیە قۆناغەكە لە بەرژەوەندیاندا بێت و بە ئامانجی خۆیان بگەن، ئە مەش بەزەرەری خۆی دەزانێت، وەك بەدێهێنانی سەربەخۆیی كوردستان . دەزانێت ئەگەر هەمان یاری ئێران لە گەڵ یاریچیە ناوخییەكانی وڵاتان بكات لە زەرەریدا دەشكێتەوە، چونكە لایەنگرێكی ئەوتۆی نابێت .
لەوانەیە بە رێژەیەكی باش، ئێران و وڵاتانی كۆڵونیالی و ئەمریكاش لەسەر ئەوە یەكرابن كە سیستمی ناوەندگیری توند بەسەرچووە و ئەم ناوچەیە پێویستی بە دیموكراسیەتێكی راستەقینە و دەسەڵاتی بنكە فراوان هەیە، بێ ئاگا لەوەی كە خودی ئیران بە رەهایی سیاسەتی ناوەندێتی پەیرەو دەكات و لە نێوخۆی خۆیدا قین و نارەزایەتیەكی زۆر هەیە لەمەر سیاسەتەكانی ، هەرچەند تەنها پێویستی بە بریسكەیەك هەیە بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە بقلیشێتەوە . بەڵام بەرژەوەندی و ستراتیژی سیاسی و دیبلۆماسیەت و فەلسەفەی نوێی وڵاتانی جیهان لەمەر مامەڵە كردنیان لەگەل ئەم ناوچەیەدا لەگەڵ بۆچونەكانی ئیران زیاتر دێتەوە و یەك دەگرێتەوە نەك توركیا .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست