کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


رەفتاری هەندێك گەشتیار دوێنێمان بیر دەخاتەوە

Friday, 14/09/2012, 12:00




بەڵگەی ناوێت بۆ ئەوەی بیسەلمێنین كە میلەتی كورد چەند لە رەگەزپەرستیەوە دوورە، سەرەرای ئەو ستەم و زۆرەی لێكراوە . مێژوو شاهیدە كە تەنانەت لە هەستیارترین و سەختترین قۆناغدا و لە ترۆپكی بەهێزیی خۆیدا چەند بە لێبوردەیی مامەڵەی لە گەڵ نەیار و دوژمنەكانیشی كردوە، ئەوە با باسی دۆستەكانی نەكەین . ئەگەر كردار و عەقڵیەتی كورد لە گەڵ رەفتار و مامەڵەی نەتەوەی سەردەست بەراورد بكرێت، بۆمان دەردەكەوێت كە بۆچون و عەقڵیەت و ناخپاكی تاكی كورد شوناسی رەگەزپەرستانە لەخۆناگرێت و تەنانەت لە كاردانەوەكانیشیدا مافی ئەویتری تا چ رادەیەك پاراستوە وتا چەند بنەما سەرەكیەكانی مرۆڤدۆستی لەبەرچاو گرتووە، بێ ئەوەی زۆرینەی خەڵكەكە بە شێوەیەكی عیملیانە و یاسایانە ئەو رەفتارانەی فێركرابێت و خوێندبێتەوە كە لە ژیانی دیموكراسی نەتەوە پێشكەوتوەكاندا لە قۆانغە سەرەتاییەكانەوە تاوەكو خوێندنی باڵایان جەخت لەسەر ئەو بنەما ئەخلاقیانە دەكەنەوە . بەڵام با ئەوەشمان لەبەرچاو بێت كە لە هیچ كاتێكدا ملكەچكردن بۆ دەستدرێژی و لەكەدار كردنی بەها پیرۆزەكانی ئەم گەلە بێ دەوڵەتەی قبوڵ نەكردووە، ئەمەش مافی خۆیەتی و ناچێتە خانەی رەگەزپەرستیەوە .
سیمای خودپەرستی و دوژمنكاری ئەویتر لە ناخی هەر كەس و نەتەوە و رەگەزێكدا بێت كە جەوهەری پێناسەی رەگەزپەرستیە، بەهیچ شێوەیەك لە ناخ و بیركردنەوەی گەلی كوردی ستەمدیدەدا نیە، بەڵام خۆشەویستی بۆ گەل و نیشتمان و نەتەوەی خۆت بگرە ئەركێكی پیرۆزی تاك و كۆمەڵی سەرجەم نەتەوەكانە، نەك بەشێك بێت لە رەگەزپەرستی . لەم بارەشوە، بەڵكو گلەیی ئەوەش هەیە كە تاكی كورد لە ئاست رێزگرتن و بەخشندەیی و خۆبەبچوكزانی لە ئەویتر سنوری تێپەراندوە و لە ئەركە پێویستیەكانی تایبەت بە نەتەوەكەی خۆی سنوری پساندوە و لە رووبەری مرۆڤبونیەوە بە شێوەیەكی لەرادەبەدەر لە پلەیەكی باڵادایە و، لەدەرئەنجامدا، لە زۆرێك لە قۆناغەكانی مێژوودا زیانی بە ئاستی گشتی ژیانی كۆمەڵگە گەیاندوە . بەڵام دەبێت ئەوەشمان لەبەرچاو بێت كە پابەندبون بە كەلتور و پاراستنی كەرامەت و رێزگرتن لە یاسای گشتی و مافی هاولاتیان ئەركی هەر تاكێكە لە هەر رەگەز و نەتەوەیەكدا بێت بۆ ئەو شوێنەی كە تێیدا دەژیت ، ئەگەر بۆ ساتێكیش بێت .
دوور لە بیركردنەوە و شرۆڤەكردنی فەلسەفی و روانینی دونیابینانە بۆ مرۆڤ و رەفتار و هەڵسوكەوت و بیكردنەوەی ، لێرەدا باسەكەمان لەسەر گەشتیارە كە بۆماوەیەكی دیاریكراو لە جێگایەكی دیاریكراو دەژێت كە سەفەری بۆدەكات، لەو روانگەیەشەوە وەك چۆن مامەڵەكردنی خانەخۆێ پێوەری ئەخلاقی و عەقڵانی و بیروبۆچونی مرۆڤانەی پێویستە بۆ ئەوتری گەشتیاریش دەبێت بەو پێوەرانە هەڵسەنگێنریت و مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت . ئەگەر بارودۆخ و مێژووی داگیركاری و زوڵم و زۆری و ستەمی نەتەوەی سەردەست و خۆ بەزلزانی و لەخۆباییبون و بەكەمتر تەماشاكردنی نەتەوەی بندەست، لەبەرچاونەگرین، ئەمە بۆچونەش ئەوە ناگەیەنێت كە دەست بخرێتە نێو تایبەتمەندیەكانی گەشتیارلە بیرو رەفتاریدا ئەگەر پێشیلكردنی ئازادیەكانی تاك و نەتەوەی خانەخوێی تێدا بەدینەكرێت و، پابەند بێت بە ئازادیە تاكەكەسیەكانی خۆیەوە لەسەرجەم بوارەكانی ژیانیدا بە تایبەتی لەلایەنی داب و نەریتی كۆمەڵایەتیەوە، كە لەكاتی گەشتەكەیدا دەردەكەوێت .
پابەندبون بە عەقڵیەتی كراوە و قەناعەتبون بە دیموكراسی واتای قبوڵكردنی سەرجەم رەفتارەكانی ئەویتر نایەت بەتایبەتی ئەگەر زەرەر بە پرسی گشتی و ئەزمونێكی تایبەتی وەك هەرێمی كوردستان بدات و، دەبێت هەموو لایەك باوەری بە بنەماكانی مافی مرۆڤ و یەكتر قبوڵكردن و ریزگرتن لە جیاوازی و فرەیی و تایبەتمەندیەكانی ئەویتر بێت نەك تاك لایەنانە حوكم بدرێت .
بەڵگەی یەكلاكەرەوەی بەرجەستەیی رەفتاری مرۆڤدۆستانە و رێزگرتن لە ئەویتر لە مامەڵەكردن لەگەڵ سەرجەم گەشتیارەكاندا دەردەكەوێت نەك لەگەل كۆمەڵێك یان لە روداوێكی بچوكەوە حوكم بدەین كە لە دەرئەنجامی رەفتاری تاكێكی سەركێشی نەتەوەیەكی چەندین ساڵەی سەردەست و داگیركەرەوە رویدابێت . پرسیارەكە لەوێدایە، ئایا گەشتیارێك بەو ناوەوە هەمان رەفتاری دكتاتۆریەت و بەرزروانین و خەڵكیتر بە بچوكزان لە مێشكیدا چەسپیبێت و تەنانەت ئەم خاك و ئاوە بە موڵكی خۆی بزانێت و لەسەر ئەو بۆچونانە پەروەردە كرابێت و تۆ بە میوان لەقەڵەم بدات و خۆی خانەخوێ ، تۆ چ مەجالێكت لەبەردەمدا دەمێنێتەوە كە رەفتارە هەڵەكانی (لەهەمان كاتدا سیاسی بێت پێش ئەوەی كۆمەڵایەتی بێت) هەڵسەنگێنیت و چۆن بۆت دەكرێت لە ماوەیەكی كورتدا كاردانەوەی تاكی كەم ئەزمونی ئەم نەتەوەیە كەمكەیتەوە و بۆچونەكانی كاكی گەشتیاریی سیاسی راست بكەیتەوە و، تەنانەت ئەگەر بتەوێت بەو بۆچونانەی ئەو كە لەسەر ئەرزی واقع رەفتاری پێدەكات مامەڵە بكەیت و، لەكاتێكدا گرنگی گەشتیاری و رەوشی سەقامگیری كوردستان لەبەرچاو بگریت و كاكی گەشتیاریش رازیبكەیت و راستەرێی بكەیت .
دەبێت ئەوەمان لەبەرچاو بێت كە هەرێمی كوردستان لەسەرجەم بوارەكانیدا لە قۆناغێكی گواستراوەدایە، بەتایبەتی لەلایەنی یاساییەوە تارادەیەك دەستگیراوە و ناتوانێت هەنگاوی پێویست بۆ زیاتر قوڵكردنەوەی رێنماییەكانی گەشتوگوزاری لە لایەنی یاسای نێودەوڵەتیەوە هەنكاو بنێت وەك چۆن لە باری سیاسیەوە لە نێوەندێكدا وەستاوە كە سەرگەردانە تا ئێستا . لە زۆر بواردا لە لایەن تاكی كوردەوە چاوپۆشی لە زۆر شت كراوە، كەهیچ هەڵەیەك نەكرێت بەزەرەر بۆ چەسپاندنی زەمینەی لەبار بۆ وەگەرخستنی یاسا و سیستمی گەشتیارگوزاری بكەڕێتەوە، ئەمەش ئاستیب اڵای بەرپرسیارێتی تاكی كوردمان لەم بوارەدا بۆ دەردەخات . ئەوەشمان لەبیر نەچێت كە یادەوەری تاڵی رژێمی دكتاتاۆری عیراقمان لەبیرە و زۆرێك لە رەفتاری ئەو گەشتیارانەی عیراق، دوێنێمان بیردەخەنەوە و زامەكانمان دەكولێننەوە، ئەمەش سەبرێكی درێژخایەن و دانبەخۆداگرتنی تاكی كوردی پێویستە، كە لە پێناو بەرژەوەندی باڵا و داهاتی پێویست و ناو و سومعەی كورد زۆرێك لەو كردەوانە تێپەرێنێت .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە