رەفتاریش شەرتە .....برام !!
Monday, 21/02/2011, 12:00
ئەو توندوتیژی و خوێنرشتنەی ئەم دواییەی لە كوردستاندا دەیبینین، لەدەرئەنجامی مامەڵەیەكی ناشارستانی و بەعەقڵێكی میلیشیایی و دوور لە هەموو لۆژیكێك هاتۆتە ئاراوە، كە جێگەی نیگەرانی هەمووان و دروستبونی دڵەراوكێیە لە نێو سەرجەم چین و توێژەكانی گەلی كوردستاندا.
كەس لەو بروایەدا نەبوو كە لە یەكەم رۆژی خۆپیشاندا بە گولە وەڵامی خەڵك بدرێتەوە و پەند لەسەرەتای دروستبونی نارەزاییەكانی ناوچەكە وەرنەگیرێت، كە مامەڵەی زبر هیچ قازانج و درەئەنجامێكی نابێت و زەرەر بە هەموو لایەك دەگەیەنێت. دەبێت هەموو لایەك بزانێت جگە لە ملكەچبون بۆ داخوازیە رەواكانی گەلی كوردستان و جێبەجێ كردنی ئەركە سروشتیەكان و بەرقەراربونی مافە رەواكان هیچ رێگەچارەیەك نیە و، زەبروزەنگ و ملهوری دادی هیچ لایەك نادات و تەنانەت كێشەكان بە ئاقارێكدا دەبات، ئەگەر وەزعەكەش بە گشتی هێوربونەوەیەك بە خۆیەوە ببینێت، بەڵام چارەسەری پرسەكان ناكات و لەهەر ئانوساتێكدا ئەگەری سەرهەڵدانی نارەزایی لە ئارادا دەبێت. بۆیە لێرەدا دەكرێت بڵێین، تەنها بە دایەلۆگ و گەڕان بە دوای دۆزینەوەی رێگەی راست بۆ بەدیهێنانی داخوازیەكانی گەل لەسەرجەم بوارەكانی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی، تاقە رێگەیە كە هەمووان قازانجی لێدەكەنـ، لە پێشەوەشیاندا گەلی كوردستان بە تایبەتی. واتە بە دۆزینەوەی رێگەچارەی ریشەیی بۆ سەرجەم كێشەكان دەبێت بێ پینەو پەرۆ كردنی ئەملاو ئەولا . سەقامگیریی هەمیشەیی لە دەرئەنجامی بەرقەراربونی ئازادی و دیموكراسی راستەقینە و عەدالەتی كۆمەڵایەتی و سەربەخۆیی قەزا و كارایی بەرلەمان و حوكمی سەردەمانەی پێشكەوتنخوازانەوە دێتەدی كە خۆی لە دەستاودەتكردنی دەسەلأات و سیستمی مەدەنی و وەكیەكی هەمولایەك لە ئاست ئەرك و مافەكان خۆی دەبینێتەوە و ،ئاشتی و ئارامی بەرجەستە دەكات نەك رژێمی بنەماڵەیی یان پاشایەتی .
دیارە ئەو هەموو كارە بە كردەوە و كرداری باش و چالاك و راستودروست مەیسەر دەبێت و ئاواتی گشتی خەڵك و خوشگوزەرانی هاولاتیان دێتەدی. بێگومان چەندین رێگە هەیە بۆ گەیشتن بە دوا وێستگەی ئامانجی گشتی وڵات، بەڵام ئەگەر شانبەشانی كردار رەفتاری جوان وگونجاو و مەدەنی و شارستانی جێگەی خۆی نەگرتبوو هەموو شێوە كارێك چەند شایستە بێت لەكەدار دەبێت و مەرج نیە پێشكەوتن بە خۆوە ببینێت، یان هەر هیچ نەبێت بەشێوەیەكی ئەبستراكت لە جێگەی خۆیدا چەقبەستو دەبێت و ئەگەری تێكچون و پاشگەزبونەوەی زۆر دەبێت .
لەو روانگەشەوە، پەنا بردن بۆ عەسكەرتاریەت و كاری میلیشیایی بۆ چارەسەركردنی كێشە نێوخۆییەكان گومان لەسەر هاوتەریبی رەفتار و كردار دروست دەكات و ئاراستەی رووداوەكان لە ژێر كۆنترۆڵدا ناهێڵێت. هەر لێرەشدا دەكرێت بڵێین هاتنی هێزی زێرەڤانی بۆ شاری سلێمانی لە یەكەم كاردانەوەی خۆپیشاندانەكەدا رەفتار و عەقڵیەتی عەسكەرتاریەتی بۆ دۆست و دوژمن دەرخست و، گومانێكی زۆری لە دڵسۆزی لایەنەكان بۆ پرسی گەلی كوردستان و بەرژەوەندیەكانی و دوارۆژی دروستكرد و، ئەو چركە ساتە دێنێتە پێش چاو كە لەچاوتروكانێكدا بەرهەمی چەندین ساڵەی قوربانیەكانی گەلی كوردستان خاپور بكات و چەندین قۆناغ بگەرێینە دواوە.
وەك هەموو لایەكیش بێشك دەزانن كە پشتگیری گەل و كۆمەڵانی خەڵك هێزی لە بننەهاتووی هەموو رەوت و لایەنیكە و هیچ هێزێك ناتوانێت خۆی لەشانی بدات و كێبركێی بكات و،پێویستە هەموو لایەك بۆ مسوگەركردنی ئەو هێزە ژیانی خەڵك و پێداویستیەكانی و بارودۆخەكەی و بەرژەوەندیەكانی بخوێنێتەوە ، نەك پشت بە ئامرازی سەركوتكردن ببەستێت. بۆیە لێرەدا دەكرێك جەخت لەسەر ئەوە بكەمەوە كە شانبەشانی كاری پێویستی هەمەلایەنەی دەسەڵات لە پێناو بەدیهێََنانی ئامانجە مادی و مەعنەوەیەكانی خەڵكدا پێویستە چۆنێتی رەفتاریش لەبەرچاوبگیرێت كەلەسەرووی هەموو بەدەستهێنانی پێداویستیەكانی ترەوەیە بۆ گەلێكی نیشتمانپەروەری وەك كورد و ئەو ململانێ سیاسیانەی كە تا ئێستا لە نێوان لایەنەكاندا لە ئارادایە و لە دەرئەنجامی خزمەتی گەل و كردار و رەفتاری باش یەكلایی دەبێتەوە و رەزامەندیان بەدەستدێت نەك بە هێزی عەسكەری .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست