کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لە پێناو یەكسانی لە هەڵگرتنی قورسایی بەرپرسیارێتیدا

Tuesday, 10/07/2012, 12:00




ئەگەر ئامانجمان رزگاری یەكجارەكی كوردستان بێت و، وەك هەمیشە ئیدعای ئەوە دەكەین، لە پێناو بەدەستهێنانی خەونی دێرینی كورد لە سەربەخۆیی كوردستاندا ئامادەیی هەموو قوربانیەكین، بێگومان سەربەخۆیی لە خزمەت بەختەوەری خەڵكدایە نەك هیچ مەبەستێكی تر، بۆیە دەبێت خۆشبەختی وباشتركردنی ژیان و گوزەرانی خەلك و بەدەستهێنانی مافە سەرەتاییەكانیان لە ئەولەویاتی بیرو بۆچون و رەفتارماندا بێت. لەو رێگەیەشدا كۆمەڵێك ئەركی گرنگ دەكەوێتە ئەستۆی خەمخۆرانی میلەت و، لە پێشەوەشیاندا ؛ هەوڵی هاوشێوەبونی رەوشی سەرجەم دەڤەرەكانی كوردستان لە بارودۆخ و ئەرك و مافەكانی هاوڵاتیاندا تا ڕادەی یەكسانبون .
ئەگەر وردتر بدوێین، دەڵێین؛ نابێت لایەك بە تەنها ئەركەكان جێبەجێ بكات و لە مافەكان بێبەش بێت و لە دەستكەوتەكان بەهرەمەند نەبێت و، ئەویتر خێری زۆرتر بخوات و لەزەتی زیاتر ببینێت و،لەولاشەوە مافی گشتیش لە لایەن كۆمەڵێكەوە قۆرخ بكرێت .
بە چاوخشاندنێكی خێرا بەسەر سەرجەم دەڤەرەكانی كوردستانی باشوردا، بەو نیازەی بەراوردێكی زانستیانەی بێ مەبەستی سیاسی پێشوەخت و بە بێلایەنیەكی تەواو و، لە پێناو ئەوەی بارودۆخ و سروشتی هەمەلایەنی رۆشنبیری ، ئابوری، كۆمەڵایەتی، ئینجا سیاسی گەلی كوردستان زۆر بە دیقەتەوە هەڵسەنگێنین، كە بە پرۆسەیەكی خاوێن و دوور لە كاریگەریەكانی ئایدیۆلۆجیا و فكری جۆربەجۆر و ناوچەگەری و، بە كۆمەڵێك شارەزاو خاوەن پشتخانی دەوڵەمەندی هەمەچەشنی میژوویی جوگرافی و سۆسیۆلۆجی و فەلسەفی لە كوردستان و بە خەڵكانێكی قاڵبوی وردەكاری و ناوەخنی باری كۆمەلایەتی و بە ئاستێكی رۆشنبیری بەرزەوە، ئەنجام دەدرێت . دەكرێت بە بێ خۆلادان و سڵەمینەوە لەدەرخستنی راستیەكان و بە بەڵگە و ریگەیەكی دروست و بیركردنەوەیەكی لوجیكی و بە ئالیەتێكی مۆدیرن و بەپشت بەستن بە فاكتەرگەلێك، جیاوازی رەوشی دەڤەرەكان لە رابردوو و ئێستاشدا بە جوانی ئاشكرا بكەین و سنوری پێداویستی و ماف و ئەركەكانی هەموو لایەك دیاری بكەین و هۆكارە هەمەجۆرەكانی دروستبونی ئاڵۆزی و كاریگەریە سەلبیەكانی لەسەر كەمی رێژەی بەرچاو یان هەر نەبونی رادەیەكی پێویست لە یەكهەڵوێستی و یەكێتی نیشتمانی و نەتەوەیی بۆ هەموو لایەك دەربخەین، ئینجا دیسان دوور لە سیاسەت و پێویستیەكانی و دورایی و دەرهاویشتەكانی و بە فەرامۆشكردنی ململانێ هەمە جۆرەكان بیر لە پڕكردنەوەی كەلێنەكان و، چارەسەری كەموكورتیەكان بكەینەوە، ئەوسا دەبێت چاوەروانی دەرئەنجامێكی باش بین كە لە دەرخستنی حەقیقەتەكانماندا بۆ دەر كەوێت و، لەوە بە دواش، لە پێناو رزگاریی كوردستان فاكتەری بەهێزبون و یەكگرتویی میلەت و رێكار و رێنیشاندەری گەیشتنمان بە دوامەنزڵگە لە بەدەستهێنانی مافی چارەنوسی گەلی كوردستان دیاری بكەین .
مێژوی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و باری كۆمەڵایەتی و ئاستی رۆشنبیری خەڵك لەسەرجەم قۆناغەكاندا جیاوازیەكی ئەوتۆی وای تێدا بەدیدەكرێت كەوا فەرز دەكات بە پێویست بزانرێت ئیستێكی گەورەی لە ئاستیدا بكرێت و لە هەڵسەنگاندنیشیدا هۆكارە هەمەچەشنەكانی ئەو حاڵەتە ناجۆر و شازە ناتەندروستانەی ژیانی خەڵك لە رێرەوی مێژودا دەربخەین، كە زۆر دەگمەنە لە نێو یەك نەتەوەدا بەو شێوە دەربكەوێت، راستی ئەم بۆچونەش بە لیكۆڵینەوەی مەیدانی فراوان و فرەرەهەند لەسەر ناوچە جیاجیاكانی كوردستان و زانینی تایبەتمەندیەكانیان مەیسەر دەبێت . ئەگینا زۆر نامەعقوڵە كە توێژێك یان كۆمەڵێك یان بنەماڵەیەك بە تەنها بتوانن لە كوێرە دێیەكەوە بەری رەنج و قوربانیدانی سەرجەم هاوڵاتیان بخۆن و شانازی بە قۆرخكردنی دەسەڵات و زەوتكردنی سەروەت و سامانی میلەتەوە بكەن و چارەنوسی میلەتێك بە دوارۆژی خۆیانەوە ببەستنەوە و، رۆژ لەدوای رۆژ هەوڵی توندكردنی زیاتری دەست گرتنە كورسیە تەنانەت قاچ شكاوەكەی دەسەڵاتی ئەم هەرێمەوە بدەن و ، لە چارەنوسی دەسەڵاتدارانی تاكڕەو و دیكتاتۆر و تۆتالیتار و قۆرخكار ی ناوچەكە و جیهان پەند وەرنەگرن و، بیانەوێت ئەزمونی چەند ساڵەی حوكمی دەسەڵاتدارانی ناوچەكە دوبارە بكەنەوە . ئەگەر نا، لە هیچ وڵاتێكدا بوە، سەرجەم دەسەڵاتە جێبەجێكاریە باڵاكان بەدەست باوك و كور و برازاوە بێت. ئەگەر عەقڵی بەرێوەبردنیشیان لە ئاستی عەبقەریەكانیشدا بێت، نەك ئەوەی كە دەیبینین لە هەڵەو كەموكوری گەندەڵی بەردەوامن، ئەمەش لە دەسەلاتێكی پاشایی وەك سعودیە بەو لاوە،بەڵام بەناوی حوكمی بەرلەمانیەوە، هیچی تری لێدەرناچێت،ئەمە ئەگەر بتوانن وەك ئەوانیش بكەن .
زەمانی ناوەندگەرێتی و قۆرخكاری و حوكمی تاكڕەوی و پاشایەتی ئەگەر بنبرنەبوبێتیش بەڵام بەرەو لاوازی چووە، ئێمەش دەبێت بپرسین، خێرە لەم هەرێمەدا تا ئێستا باوی بنەماڵەیی مابێت و خەڵك لە ئازادی و دیموكراسی و یەكسانی و بەدەستهێنانی مافە سەرەتاییەكانیان بێ ئومێد بن و بێهودەیی باڵ بەسەر بیرو ژیانیاندا بكێشێت و باوەریان بە پرسە باڵا نەتەوەییەكەی كوردان لەق بوبێت .
بۆیە زۆر پێویست و چارەنوسسازە، كە خەڵك وریا بێت و بە هەموو شێوەیەك هەوڵ بدات، پێداچونەوەی خێرا بە رەوشی سیاسی و هەڵسەنگاندنی سیستمی سیاسی كوردستان بكرێت و كەلێن و كەلەبەرە سلبیەكان پر بكرێتەوە و خەڵك لەم نائومێدیە رزگاری بێت، بەپەیرەوكردنی هەنگاوی مۆدێرن و فەراهەم كردنی ئازادی و یەكسانیخوازی و حوكمی دیموكراسی راستەقینە و دابین كردنی مافەكانی گەل و دوركەوتنەوە لە دەسەڵاتی بنەماڵەیی. ئەگینا......... .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە