کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تەنها بەرزانی و مالكی لەم قەیرانەدا قازانج دەكەن

Monday, 06/08/2012, 12:00






لەسەروبەندی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراقدا بوو، لەیەكێك لە تەلەفزیۆنە ئاسمانیە عەرەبیەكاندا؛دوو پاڵێوراو (عەرەب و كوردێك) لە بەرنامەیەكی روبەروبونەەدا، زۆر بە توندی وەڵامی یەكتریان دەدایەوە، تا ئەو ئاستەی یەكتریان تۆمەتبار دەكرد و، تەنانەت یەكتریان بە عەقڵیەت و رەفتاری بەعسی و رەگەزپەرستی لەقەڵەمدا و هەریەكەیان سۆز و دەنگ و لایەنگرێكی باشیان بۆ خۆیان راكێشا و، لەو كاتە هەستیارەی هەڵبژرادندا و ئێستاش ئەندام پەرلەمانی عێراقن . ئەوەی قسەو سەرنجی ئێمەیەو دەبێت خەڵك و چاودێران ئاگاداری بن، كە پاشان بۆ ماوەیەكی كورتی دوای هەڵبژاردن دەنگۆی ئەوە بڵاو بوەوە و وادەركەوت كە ئەو دوو برادەرە پێش ئەوەی بچنە بەرنامەكەوە، وا رێككەوتون كە بە توندترین شێوە و زمان وەڵامی یەكتر بدەنەوە و هیچ نەمێنێت بەیەكی نەكەن زۆر بە توندی بەرەنگاری یەكتربنەوە، ئەمیش لە پێناو زیاتر جەماوەریبون و بەدەستهێنانی دەنگی زیاتر و وروژاندنی سۆزی خەڵك هەرلایەك بۆ نەتەوە و هاورەگەز و هاوكوفی خۆی،لەوبارەشەوە سەركەوتوو بون و دەنگێكی باشیان بەدەست هێنا .
ئەمرۆش قەیرانێكی گەورە لە ئارادایەو پەیوەستە بە چارەنوسی میلەتانی ناوچەكەوە، بەتایبەتی گەلی كوردستان، پاڵەوانە نێوخۆییەكەی ئەم قەیرانی ناوچەكەهەردوو سەرۆك بەرزانی و سەرۆك وەزیران مالكیە، جگە لە كاریگەری دەستێوەردانە دەرەكیەكان لە رەوتی ئەم ململانێیە و لەسەر شێوە و ئاراستە و كارلێكی هاوكێشەكان، بۆ گەلی كورد قۆناغێكی چارەنوسسازە، بۆ ئەو ئامانجانەی كە دەیان ساڵە خەباتی بۆ دەكات . بە قوڵبونەوە و ئاڵۆزبونی زیاتری كێشەو قەیرانەكان،جگە لە گەلی كورد بە فراوانی و عەرەبی عێراق بە شێوەیەك لە شێوەكان هیچ لایەك زەرەر ناكات و، لەو بەینەشدا ئەگەر ململانێی بەرزانی و مالكی دووریش بێت لە هەر هەماهەنگیەكیش و شكی هیچ رێككەوتنێكی تێدا نەكریت و لە دەرئەنجامی كەڵەكەبونی كێشەكان و پرسی نەوت بەتایبەتی هاتبێتە ئاراوە، ئەمانیش بەدەردی دوو پەرلەمانتارەكە، تەنها مالكی و بەرزانی تێیدا قازانج دەكەن و لەسەر حسابی گەلانی كورد و عەرەبی عێراق دەبێت . تەنها ئەمان خۆیان لەژێر باری قورسی ئاڵۆزی و كێشە بنەرەتیەكانی هەرێم و عێراق و گەندیەڵیەكان و نارازیبونی زۆرینەی خەڵك بەشێوەیەكی كاتی،خۆیان رزگار دەكەن و، لەم نێوەندەشدا، دەتوانن ئەجێندای تایبەتی خۆیان و سیاسەتی حزبیانەی تەسك پراكتیزە بكەن و بەرژەوەندی شەخسی تەسك بەدەست بێنن .
هەر كەسێك بە وردی لە كار و مێژووی ژیان و سیاسەت و رەفتاری ئەم دوو سەركردەیە كوڵیبێتەوە، بۆی دەردەكەوێت كە بە رێژەیەكی زۆر لەیەك دەچن، چ لە سیاسەتی تاكرەوی بێت یان سازش كردن لەسەر زۆر شت تەنانەت چارەنوسسازیش، یان لە رووی بەرێوەبردنی حزبەكانیانیان و مامەڵە كردنیان لەگەل كەیس و كێشە و قەیرانەكان و رایی كردنی كاروبار و سەپاندنی بیرو بۆچونیان. بۆ هەموو چاودێریك دەردەكەوێت كە هەر یەكەیان لە واقعێكدا دەژین و بە عەقڵیەتێك رەفتار دەكەن كە خوێندنەوەیان بۆ چۆنێتی سەركردایەتی و ململانێ و بەكارهێنانی ئەو رێگایانەی كە هەست و سۆزی خەڵك بۆ لای خۆیان راكێشن قسور ناكەن و، لەو بوارەشدا بۆ بەرژەوەندی خۆیان بە جۆرێك هەستی نەتەوایەتی و مەزهەبی دەوروژێنن كە دەتوانن خەڵك والێبكەن و وا ناوزەد بكرێن كە خەمخۆری گەل و نیشتمانن . وەك ئەوەی مالكی بەتایبەتی پێشتر لە لایەنی مەزهەبیەوە كردی و ئێستاش لە بواری نەتەوایەتیدا خەریكە و، بە هەمان شێوە بەرزانیش بە رێگەی سۆزی نەتەوایەتیەوە، ئامنجەكانی خۆیان جێبەجێ دەكەن .
لێرەدا دەبێت ئەوە بۆ هەموو لایەك بە روونی دەربخرێت، كە تەنها رۆڵی خەڵكە لە ئاراستەكردن و راستەرێكردنی ململانێكان پێویستیەكی سەردەمانەیە و بە وریایی و هۆشیاری گشتی ئەوان رەش و سپی جیادەكرێتەوە و، هەر ئەوانن دەتوانن هاوكێشە و دەرئەنجامی ململانێكان بە قازانجی خۆیان بشكێننەوە .
لەم پرسەدا فاكتەرگەلێك گرنگ و پێویستن و هۆكاری بنەرەتین بۆ زاڵكردنی رای خەڵك بەگشتی بۆ فشارهێنان بە رێگەی مەدەنی و پێشكەوتنخوازانەی خۆیان لە پێناو ملدانی سەركردەكان بەو شێوە و رێگەیەی كە لە قازانجی گشتی خەڵكدا بكەوێتەوە .
لەم نێوەندەشدا، دەبێت رۆڵی نوخبەی میلەت بە جوانی هەڵبسەنگێنرێت كە چەند كاریگەری گەورەی خۆی هەیە لە ئاگادار كردنەوە و هۆشداریی خەڵك بەگشتی لە سەرجەم لایەن و بوارەكانی ململانێ و قەیرانە سەختەكاندا و، ئەركێكی نیشتمانی و نەتەوەییشە كە نوخبە بە روونی وردەكاریەكان و شتە تاریكەكانی پشت پەردە و دەردانە سلبیەكانی پشت وروژاندنی سۆزی گشتی و بەكارهێانی لە جێگەی خۆیدا بۆ سەرجەم چین و توێژەكان دەربخات و، هەموو لایەك لێی ئاگادار بكاتەوە .
لەو بارەوە زۆر پێویستە ئەوەش دووبارە بكەینەوە و بڵێن كە لە مێژووی میلەتاندا زۆرجار نوخبە و بژاردەی عەقڵانی گەلانن كە پاڵپێوەنەر و دەستپێشخەر و رابەرن و رۆڵی كاریگەریان هەبووە لەسەر دروستبون و پێشخستنی وڵاتەكانیان، هەرچەند لە زۆر وڵاتدا، گەل و جادە رۆڵی یەكلاییكەرەوەی خۆیان گێراوە لە زۆر بواردا، بەتایبەتی لایەنی سیاسی .
بۆیە لای خۆمان و بۆ میلەتی كورد و ناوچەكە بە گشتی، ئەگەر بە شێوەیەكی زانستیانە سیفەت و ئاستی رۆشنبیری و هۆشیاری گشتی خەڵك دیاری بكەین و رێژەی وریایی هەمووان بخوێنینەوە، دەگەینە قەناعەتێك و وا پێشبینی دەكەین كە لە كوردستاندا نوخبەیە بتوانێت خاڵی ئیجابی هاوكێشەكە بێت و پاڵپشت و یارمەتیدەربێت و راستەرێ كردنی كاروانەكە بخاتە ئەستۆی خۆی و گرنگی و قورسایی خۆی لە پێشخستنی پرسی كورد و كوردستان دەربخات و لە هەڵەكان كەم بكاتەوە كاریگەری سەلبی كەموكورتیەكان نەهێلێت .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە