گۆڕان لەبەردەم دوریانێكی سەختدایە
Tuesday, 20/05/2014, 12:00
جارێك،هەرلەسەرەتای دەستبەكاربونی پەرلەمان و تێپەراندنی یەكەمین پرۆژەیەوە، گۆڕان كەوتە نێو پرسیار گەلێكی هەستیارەوە، كە بە سەرەتایەكی خراپ لەقەڵەم دەدرێت و حەقی خەڵكە گەر گومان لە شتی نهێنی و رەفتاری خراپتر بكەن . دەكرا خۆی لەقەرەی هیچ كارێك نەدات كە مایەی ئیحراجبونی بێت، پێش هەر كار و كردەوەیەك، پێویست بوو بە وردی چاو بە هەڵوێستەكانی پێشووی خۆیدا بخشێنێتەوە و تیشك بخاتە سەر ئەو بۆچونانەی پێشووی خۆی، ئینجا دەیتوانی كاری خۆی بە سەرەتا و دەستپێكێكی جوانەوە رایی بكات، كە ناكرێت و لەزەرەری خۆیدا دەشكێتەوە ئەگەر دژ بەهەڵوێستەكانی دوێنێی بجوڵێتەوە . لەو بەینەشدا دەكرێت بڵێین، پێش دانپێدانان بە شەرعیەتی سەرۆكایەتی هەرێم ئەگەر بە ناراستەوخۆش بێت، دەبوایە هۆكاری سەرەكی ئەو رەفتارەی بۆ خەڵك روون بكردایەتەوە، كە یان دەبێت هیچ پرۆژەیەك لەپەرلەمان دەرنەچێت كە پێویستی بە رەزامەندی سەرۆكی هەرێم بێت تاوەكو سەرۆكایەتی نوێ بۆ هەرێم هەڵدەبژێردرێت، ئەمەش كارێكی ئەستەم وقورسی نەكردەیە لەم كاتەدا، یان دەبوایە باس لەناچاری ئەم رەفتارەی بكات و روونی بكاتەوە كە تا ئێستا سەرۆكی هەرێم بەماوەبۆدرێژكراو دەزانێت، بەڵام لەبەرژەوەندی هیچ كەس و لایەنێك نیە ئەو پرۆژە كۆن و نوێیانەی لە خزمەتكردنی خەڵكدان لەسەر رەفەی پەرلەمان بمێننەوە و نوێنەرانی خەڵك دەستەوەستان و بێكار دانیشن و لەچاوەروانیدا بن .
دیارە كاركردن وەك دەسەڵات جیاوازە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن بوندا، ئێستا فەرزە لەسەر گۆران پێش خەڵكی تر ئەولەویاتی خۆی ئاشكرا بكات و بەو جۆر و رێرەوەدا كاربكات كە لەچەند ساڵی ئۆپۆزسیۆن بونیدا وەعدی بەخەڵك دابوو، پێش هەموو شتێك بۆ خەڵك بیسەلمێنێت كە ئامانجی سەرەكی ئەو گۆڕینی سیستمی سیاسی و راستەرێكردنی دەسەڵات و دوبارە نەكردنەوەی هەڵەكان و نەهێشتنی گەندەڵی و پاشاگەردانیە لەم هەرێمەدا، نەك خۆی ببێت بە بەشێك لەو سیستمە و لە پێناو ئامانجێكی كورتخایەنی دیاریكراو چوبێتە دەسەڵاتەوە .
پاش ئەو چەند ساڵەی ئۆپۆزسیۆنبونی گۆڕان، كۆمەڵێك پەیمان و وەعدی بە خەڵك داوە، كە ئەو وەك ئەو دەسەڵاتە نابێت و بە فیعلی و لە جەوهەردا نەك تەنها بە زارەكی و لە رواڵەتدا وەعدەكانی بباتە سەر و پەیمانەكانی جێبەجێبكات .
بۆ سەلماندنی ئەو بۆچونانەی دەبێت گۆڕان وەڵامی پرسیار گەلێكی پیویست بداتەوەو خەڵك دڵنیابكاتەوە:
1-پێی دەكرێت، لەكاتی راییكردنی سیاسەتەكانی لە دەسەلاتدا، سازش لەسەر ئامانجە گەورەكان نەكات لەم كوردستانەی كەلەهەموو بوارەكاندا لەسەر سازش بەرێوەدەچێت .
2-بەرگری ئەوەی دەبێت كە نەچێتە ژێر ركێفی لایەنی بەهێزی دەسەڵاتەوە و نوێنەرانی لە حكومەت و پەرلەمان دڵسۆز بن، خەڵكیش نمونەی لایە كە تەنانەت لە كاتی ئۆپۆزسیۆنبونیدا و تا ئێستا چەندین نوێنەری رێگەیەكی تریان گرتۆ تەبەر .
3-بەرگەی لەزەتی دەسەڵات دەگرن و وەك لایەنی تر دەستەمۆ نابن .
4-پەیوەندیە ناوخۆ و دەرەكیەكانیان لە ئاست بنەمای پاراستنی بەرژەوەندیە باڵاكانی میلەت دەبن یان بۆ كاتێك و ناوچەیەكی دیاریكراو رێكدەخرێن.
5-ستراتیجی سیاسەت و كاكردنیان لە مەر پرسی نەتەوەیی و نیشتمانی تاوەكو كوێ بردەكات و لەئاست روبەرێكی دیاریكراو خولناخواتەوە .
6-لەنێو كارلێكە ناوچەیی و جیهانیەكەدا چ هەڵوێستێكیان دەبێت و لەگەڵ بەغدادا چۆن رەفتار دەكەن .
7-هەڵوێستیان لەمەر پرسی ناوچە دابرێنراوەكان چۆن دەبێت و ئەو بێ متمانەییەی خەڵكی ئەو ناوچەیە بە گۆڕان لە جێی خۆی دەبێت و بۆچونەكانیان راست دەردەچێت .
8-دیاریكردنی نوێنەرەكانی لە بواری جیبەجێكردن و تەشریعیشدا لەئاست متمانەی خەڵكدا دەبن وسیفەتی نابەجێیان لێ دەرناكەوێت، كە بەسەرەتایەكی خراپەوە دەستیان پێكردووە .
9-پشت بە سەركردەی كاریزما دەبەستێت وەك مەرجەعیەت لە ساغ كردنەوەی بریارەكانیدا كە تا ئێستا وا دەردەكەوێت، یان سیاسەتی زانستیانە پەیرەو دەكات .
ئەمە و چەندین پرسیاری گرنگ و پێویستی تر لە مێشكی چاودیران و خەڵكدا خولدەخواتەوە، دەبێت گۆڕان وەڵامی قەناعەتپێكەری پێبێت، ئەگینا ئەویش وەكو هێزیتر لە بازنەیەكدا خولدەخواتەوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست