کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شۆرشی میسر و دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی كوردستان

Saturday, 19/02/2011, 12:00




زۆر جار دەڵێین ئایدیۆلۆجیا شوێنی خۆی بزر كردووە، یان بە كردەیی لەسەر ئەرزی واقیع یان كاریگەری كزبووە یان لەگەڵ میژوودا بەجێماوە و ئێستا باوی نەماوە و لەنێو جەنجاڵی پێشكەوتنە تەكنیكیەكاندا زۆر كاڵبۆتەوە . شۆرشی میسر راستی ئەو بۆچونانەی دەرخست كە پێشكەوتنەكانی واقیع دەریدەخەن كە فكر و بیروبۆچون و ئایدیۆلۆجیا لە نێو پێداویستیەكانی رۆژانەدا وێڵ دەبن.
بۆ چەندین دەیە دەچێت كە حزبی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لە میسردا لە كێبركێدان و لەم كاتەشدا كە بڵێسەی گڕی توڕەبونی خەڵك كڵپەی گرتوە ئەوان جورئەتی ئەوەیان نەكرد كە هەڵوێستی راستودروستی خۆیان دەربرن و ئێستاش وەك هەمیشە لە خوێندنەوەی ئەگەرە سیاسیەكان دواكەوتن و كورتیان هێنا و نغرۆی ململانێ سیاسیەكان بوون، تا گەنجان رێگەیان بۆ پاككردنەوە وپێ پیشاندان و توانا وئازایەتی و خوێندنەوەی عەمەلی بارودۆخی وڵات لەلایەن گەنجانەوە هەموو كۆسپەكانی تێپەراند و شەپۆلی واقعبینی و پێویستیەكانی رۆژ شۆرشێكی مەزنی بەرپاكرد، كە دەكرێت تەنها لەم بوارەدا دەیان دەرس و پەندی بۆ هەموو لایەك تێدابێت و گرنگی زانست و تەنكۆلۆجیا و وزەی گەنجان و رووی گەشی شارستانیەتی نەوەی نوێ بۆ سەرجەم چین و توێژەكان دەربخات.
ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە لێی بدوێن كە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی كوردستان لە لایەن پاسەوانە كۆنەكانەوە سەركردایەتی دەكرێت و لە نەوەیەكدان لەنەوەی شۆرش و شاخن و رەفتارو بیركردنەوەیان وا بۆهەموو لایەك دەریدەخات كە بە شێوەیەكی رێژەیی نەبێت لە بیرو فكر و عەقڵیەت و بۆچون و رەفتار و ئاوات و ئامانج و كرداری نەوەی نوێ بەباشی تێناگەن و كاریگەریەكانی پەرەسەندنە جیهانیەكان لەسەر ئەخلاق و مامەڵەی گەنجان بە جوانی ناخوێننەوە. بۆیە دەكرێت بڵێین كە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بەیەك چاو تەماشای گەنجان و پێویستیەكانی ئەمرۆی كوردستان دەكەن و تەنها لە روانگەی ململانێی سیاسی و ئایدیۆلۆجی حساباتی خۆیانەوە رۆڵی نەوەی نوێ لێكدەدەنەوە .
ئەگەر ئەوە بزانن كە گەنجان بەم شۆرشە بێهاوتایەی میسر لە رووی سپێتی و شارستانێتی و رەفتاری سەردەمانە و ئاشتی و پشتبەستن بە ئامرازە زانستیەكان و بێ گوێدانە سەركردەی كاریزما لەشۆرشێكی بێوێنەدا سەرجەم چین و توێژ و پێكهاتە كۆمەڵایەتی و سیاسیەكانی تریان بۆ راستەرێی شۆرش پەلكێش كرد، دەبێت حزبە سیاسیەكانی دەسەڵات و ئۆپزسیۆنە تەقلیدیەكانیش ناوەرۆك و جەوهەری ئەم شۆرشە بە شێوەیەكی زانستی و بەدیقەت شیبكەنەوە و پەندی زۆری لێوەربگرن .
ئەوەی لەكوردستان بەدیدەكرێت حزبی دەسەلات و قۆرخكار و خۆسەپێن لەبەرامبەر ئۆپۆزسیۆنێكی تەقلیدی تازەپێگەیشتوو و نغرۆ لە زەلكاوی ململانێی سیاسی توند و رەنگرێژی زەمانی شاخ و شۆرشگێری و ئامرازی كۆن و ركابەری شەخسی و هەمیشە چاولەسەر هەڵەكان و لەبەرچاوگرتنی بەسەرهاتەكانی میژوو و بەباكردنی كای كۆن و نەخوێندنەوەی پێداویستیە سەرەكیەكانی ژیانی شارستانی ئەمرۆی گەنج و گەڕان بەدوای هەڵەی یەكتردا ، بۆ بەكارهێنانی وەك خاڵی سلبی بەرامبەر لە كاتی پێویستدا نەبێت شتێكی ئەوتۆی تێدا بەدیناكرێت، بۆیە دەكرێت بڵێین دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لەسەردەمێكی كۆندا دەژین، بەڵام بە بەرگێكی ئەمرۆوە دەجوڵێنەوە و خۆیان نمایش دەكەن، وا پێویست دەكات هەموو لایەك لەگەڵ كوردستان و ناوچەكەشدا لە ئاكارەكانی جیهانی نوێش تێبگەن و كاریگەریە گشتیەكانی جیهانگیریش بە وردی شیبكەنەوە و،لەپێناو حكومەتێكی مۆدێرن دەبێت پێویستیەكانی ئەمرۆی گەل بەگشتی و نەوەی نوێ بەتیبەتی و بەجوانی بخوێننەوە و واقعی ئەمرۆی كوردستان لێكبدەنەوە و هەنگاوی جدی و عەمەلی بنێن، نەك خەڵكی گیرۆدە و ئالودەی ململانێی سیاسی پوچكەرایی بكەن و بە رق و كینەی شەخسی نێوان سەركردەكان نەوەی نوێی پێی گۆشبكەن و هەوڵبدەن بەدوای خۆیاندا بۆ تونێڵە تاریكەكانی شەری ئایدیۆلۆجی و بەرژەوەندخوازیان بەرن. وەزعی كوردستان وادەخوازێت كە دڵسۆزانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیش بە وردی پاش وەلانانی ناكۆكیەكانى رابوردوو و دوور لە كۆنەقینی هەنگاو بنێن و، پێویستە بە هەردوولا چاكسازیە زەرووریەكان دەست پێبكەن و پێش هەر گرژیەك بكەون كە بارودۆخی بابەتی وخودی فەرزی دەكەن.
ئەگەر بەرژەوەندی باڵا لەپێش بەرژەوەندیە تەسكە شەخسی و حزبیەكە لەبەرچاو بگیرێت، دەكرێت بە چەند هەنگاوێكی عەمەلی قۆناغێك ببرین كە دەكرا لە زووەوە كارمان لەسەر بكردایە و، شورشەكەی میسر بەخێر بۆمان بیگێرێتەوە و هانی دابین كە بەخۆماندا چوبێتینەوە، كە ئەویش تەنها بە نیازی پاكی هەموو لایەك دەكرێت و، زامنی دورارۆژی میلەتیش دەكات و، دەبێت دوور لە خەیاڵ و فرتوفێڵی سیاسی هەموولایەك بێت و قەناعەتی پێ بكەین و گفتوگۆی راستەخۆ دەست پێبكات و خاڵە سلبی و ئیجابیەكان دیاری بكرێن و ، بە عەقڵ و زانست و مەعریفەتی هەموولایەك جارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە و، لەپێشەوەی هەموشیان دەستور و یاسا هەستیارە گرنكەكان و دامودەزگا مەدەنی و دیموكراسیە گرنگ و پیویستەكانی ئەمرۆی ژیانی مەدەنی كوردستان .
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە