کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


چارەنوسی حزبە بچوكەكان پاش هەڵبژاردنی پەرلەمان

Thursday, 17/10/2013, 12:00




هەموان لەوە ئاگادارن كە لە دونیادا زۆر حزبی بچوك هەن و كەس ناڵێت با نەبن لە سەرساحەی سیاسی وڵاتەكانیان، ئەو حزبانە بۆ ماوەیەكی دیاریكراو و لە قۆناغێكەوە بۆ ئەویتر زۆر گۆرانكاری لە سیاسەت و پێكهاتە و بیروبۆچونیان روودەدەن، بەڵام ئامانجەكانیان روون و ئاشكرایە، ئەوەی شایانی رێز و پێزانینە كە بە شێوەیەكی رەها پارێزگاری لە سەربەخۆیی لە باوەر و سیاسەت و هەڵوێستەكانیان دەكەن و بەهیچ شێوەیەك نابنە داردەستی ئەم و ئەو وخۆیان لە پاشكۆیەتی دەپارێزن لە هەموو لایەكەوە، لەلایەكی ترەوە خاوەنی بیر و بۆچون و بنەمای سەركی و سیاسەتی جیاوازن لەگەڵ ئەوانیتردا و، هەمیشە جەخت لە سەر رێكەی سەرەكی خۆیان دەكەنەوە و حزبی خەڵك و ئەندامانی خۆیانن بە گشتی و، حزبەكانیان چەند بچوك بن نایكەن بە قوربانى بەرژەوەندی هیچ كەس و لایەك، بەتایبەتی سەكردەكانیان، لە هەڵەیەكی بچوكی هیچ ئەندامێكیان نابورن لە هەر پلەوپایەیەكدا بێت بەتایبەتی سەركردایەتیان، بۆیە وازهێنان لە سەركردایەتی ئەو حزبانە زۆر ئاساییە ئەگەر لە سەر هەڵەیەكی بچوكیش بێت .
ئەمما لە كوردستانی لەمەر خۆمان و ئەو حزبانەی كە تا ئێستا بە قەوارە بچوك و بە مێژوو كۆنن، بە پێچەوانەوە، ئەوەی تا سەر ئێسقان نغرۆی پاشكۆیەتی نەبێت وجودی نەماوە و تەنها لەپێناو بەرژەوەندی ئەڵقەیەكی سەركردایەتی و دارودەستەكانیان نەبێت هیچ سەربەخۆییەكیان بۆ خۆیان نەهێشتۆتەوە، بەڵكو حزبە دەسەڵاتدارەكان هەوڵی مانەوەیان دەدەن لە پێناو قازانج پێگەیاندنیان لە كاتی پێویستدا، ئەمەش نەك ئێمە تەنانەت كادر و ئەندامانی ئەو حزبانە نكوڵی لێ ناكەن و بەڵكو سەركردایەتیەكانیشیان زۆرجار دانی پێدادەنێن. من بۆخۆم لە حزبێكی بچوكدا بووم و لەسەر ئەم بابەتە زۆر مشتومرم كرد، تەنانەت سكرتێری حزبی زەحمەتكێشان كە تازە جیابوینەوە لە كاك قادر عەزیز بە شێوەیەكی ئاشكرا وتی (ئەگەر هیچمان پێنەكرێت خۆ دەكرێت بزانین برە بودجەیەكە و خوا داویەتی با پێكەوە بیخۆین) كە چی دەركەوت تا ئێستاش وا من بۆ چەندین ساڵە وازم لێهێناون هەر ئەو سەكردایەتیە دەیخوات و كادرو ئەندامانی خوارەوە لێی بێبەشن و بیروباوەریش بوەتە قوربانی حزبی دەسەڵات. ئەمەش بۆ سەرجەم حزبە بچوكەكان راستە كە هەمووخۆشگوزەرانیان لەسەر حسابی بیروباوەر و سەربەخۆیی حزبەكانیانە .
ئەمرۆش پاش ئەو دەرئەنجامە شەرمەزاریەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەم حزبانە، تاكە هەڵوێستێكی مەردانەمان نەبینی لە لایەن هیچ سەركردەیەكیانەوە، بەڵكو شانازی بە پەنجا دەنگەوە دەكەن .ئەمە جگە لەوەی كە حزبە دەسترۆیشتوەكان بە هەموو شێوەیەكی ساختە و فرتوفێڵ هەوڵی دابینكردنی كورسیەكیان دا بۆ ئەم حزبە دەستەمۆیانە، و بەهەر شێوەیەك بێت بە سەر كۆمسیۆنە سەرۆك پارتیەكەشدا سەپاندیان .
سەرەرای هەموو شتێك لە یارمەتیدانی ئاغاكانیان بۆ چۆنێتی مانەوەی ئەم حزبانە، بەڵام ئەوەی زۆر روونە تا دێت زیاتر زەرەوتی نەمانیان بۆ خەڵك ئاشكرا تر دەبێت، ئەگەر بەم شێوەیە داردەستی ئەم و ئەو بن و بیر لە خۆقوتاركردن نەكەنەوە . لەم روانگەوە ئەگەر كادرانی خوارەوەشیان فشاری زیاتر نەكەن بۆ راستەرێكردنی سیاسەتی سەركردایەتی ئەم حزبانە، ئەوانیش هاوبەشی ئەوان دەبن و بەر نەعلەتی مێژوو دەكەون و جگە لە شكست هیچ بەرهەمێكیان نابێت . بۆیە پێویستە لەسەر زۆرێك لەو كادرە دڵسۆزانەی كە تائێستا بە پاك و خاوێنی ماونەتەوە و بونەتە قوربانی سەركردەكانیان، بیر لە رێگای رزگاری بكەنەوە و سەرەكردە بەرژەوەندخوازەكانیان ملكەچ كەن بە چارەسەری بنەرەتی، كە دەكرێت:
1-فشاری قورسی خۆیان بخەنەگەر بۆ تازەگەری لە حزبەكانیان و وازهێنانی ئەوانەی ئیكساپەیر بوون لە هەموو رویەكەوە .
2-هەوڵی یەگكرتن بدەن لەگەڵ یەكدا بۆ بەهێزبون و مانەوە بە شێوەیەكی زەروری لەسەر ساحەی سیاسی نەك بۆ خزمەتی حزبی دەسەڵاتدار .
3-سەركردەكانیان ناچاربكەن وازبێنن و خوێنی تازە لەو گەنجە پرتواناو سەردەمیانە جێگەیان بگرنەوە بۆ گونجاندن و نوێبونەوە و خوێندنەوەی سەردەمانەی چونێتی سیاسەتكردن لەم قۆناغەدا، نەك بەم عەقڵیەتە كۆنەی سەركردەكانی ئەمرۆیان .
4- هەوڵی دیاریكردنی بیروباوەر و جیاوازی خۆیان بدەن لەگەل ئەوانی تردا كە حەقی مانەوەیان دەپارێزێت . ئەمەش گەنجی ئەمرۆ دەیكات بەو سیفاتەی كە هەیانە نەك خەڵكە بیرو بۆچون كۆن و رەفتار بەسەرچوەكان .
بۆیە، ئەركی كادرانی ئەم حزبانە ئاسان نیە لەم كاتەدا، بەڵام ئەم دەرئەنجامەی سەرجەم حزبە بچوكەكان لە هەڵبژاردندا هەڵێكی زێرینە بۆ فشار و راستكردنەوە و گۆرینی رەوتی سیاسی حزبەكانیان و رزگاركدنیان لە پاشكۆیەتی و چەسپاندنی رێگەی سەربەخۆیی سیاسی خۆیان. ئەمەش بە هەوڵ و تەقەلای هەمو كادرە دڵسۆزەكانیان دەبێت، ئەوەی من لێی ئاگادار بم ئێستا لە نێو سەرجەم حزبە بچوكەكان بزاوتیێكی گۆرانكاری و فشاری باش لەئارادایە بۆ دەرچون لەو قەیرانەی كە حزبەكانیان تێیدان و لە پێناو زیاتر خوهەڵنەخەڵەتاندن و سیاسەتی راست و رەوا و قازانجبەخش بە خۆیان و گەلەكەیان .ئەركی كادرە گەنجەكانیانە كە:
1-لەو بزاوتەی گرتونیەتەبەر بەردەوامبن تاگەیشتن بە ئەنجام و فشاری زیاتر و كۆبونەوە و گردبونەوە و هەڵوێست وە رگرتنی جوانتر بنوێنن بۆ تۆماركردنی مێژووی پرشنگداریان .
2-حزبەكانیان لە مشەخۆری سەركردەكانیان رزگار بكەن كە چەندین ساڵە خۆیان سەپاندووە بەسەریاندا و، تاوابروات هەر ئەوان دەمێننەوە ئەگەر یەكگرتوویی و هەڵویست و كاری جدی ئەوان ناچاریان نەكات وازبێنن.
3- تەنها گەنجان دەتوانن فشار بكەن و تەنانەت كادرە ناوەراست و باڵا عەقڵ كۆنەكانیش لەبەر بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان كەوتونەتە ژێر ركێڤی سەركردەكانیان، گەنجان خۆیان دەتوانن عەقڵ و بیری ئەو كادرانەش هەڵسەنگێنن وئەوانەش دیاری بكەن كە دەتوانن كاریان لەگەڵ بكەن .
4-گفتوگۆیەكی چر دەست پێبكەن و راگەیاندن بە هەمو شێوەیەك بە قەد توانیاان بەكار بێنن بۆ فشار خستنە سەر سەركردە ئیكسپایەرەكانیان تا ناچاربن كورسیەكانیان چۆڵ كەن، هەرچەند بە خواستی ئەوان و حزبە دەسەڵاتدارەكان بێت، هەموو هەوڵێكی مانەوەیان بۆ دەدەن، بۆ ئەوەی ئەوانەی دەستەمۆن بمێننەوە ،بەڵام هێزی ئێوەی گەنج و مافەكانتان رێگەتان پێ دەدات و تواناتان پێدەبەخەشێت كە سەرمەشقی ئەو گۆرانكاریە بن .
5-بیر لە زەرورەتی بونی خۆتان بكەنەوە و مێژووی خۆتان بە گەندەڵ و وابەستە و عەقڵ پیروپەكەوتەوە مەبەستن .
بۆیە چارەنوس و دوارۆژی خۆتان و حزبەكانتان پەیوەستە بە هێزو توانا و فكر و هەوڵ و یەكگرتوویی ئێوەوە، ئەگینا بەم شێوەیە ژیانی خۆتان و بنەما سیاسی و فكریە جوانەكانتان دەكەنە قوربانی بەرژەوەندیە تەسكەكانی سەركردەكانتان. رێگەی راستیش هەوڵ و قوربانیدان و هیلاكبونێكی گەنجانەی ئێوەی پێویستە .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە