کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لەفەزای ناهۆشیاری گەلانی عیراقدا دیموكراسیش دادیان نادات

Tuesday, 04/12/2012, 12:00







زۆرێك لە چاودێران رەشبین بون لە رەوتی سیاسی عیراق و بە تایبەتی بیركردنەوە لە دوارۆژی پرسی كورد لە عیراقی پاش دیكتاتۆردا، هاواریان كرد كە دیموكراسی بێ هۆشیاری كۆمەڵگە و بنەما سەرەكیەكانی بۆی هەیە سیستم و فەرمانرەوایەك بەرهەمبێنێت كە لە ماوەیەكی كورتدا ئەو دیموكراسیە روكەشە و تەنانەت سیستمەكەش بە گشتی لەناوبەرێت و دەشێت دكتاتۆرێك لە دەرئەنجامدا لەدایكبێت وزاڵ بێت و تاكرەوی پیادەبكات و هەوڵ بۆ سیستمێكی توتالیتاری بدات، هیتلەر بە نمونەی زەقی ئەم بۆچونە دەهێنرایەوە كە بە ئالیەتێكی دیموكراسیانە حوكمرانی گرتە دەست و دونیای هەژاند .
ئەم رودا و و پێشهاتانەی ئەمرۆی عیراق و ناكۆكی و روبەروبونەوانە كۆمەڵێك پرسیار دەوروژێنێت كە پێویستە سەركردایەتی كورد وەڵامی بدەنەوە . هەڵبژاردنی شیعاری دیموكراسی لەم فەزا و رۆشنبیریە گشتیەی گەلانی عیراقدا و لەنەبونی ئاستی پێویستی بیركردنەوەی عەقڵانی و لە واقعێكی دواكوتویی و نەزانی ئەمرۆیان تا چەند دەتوانرێت دیموكراسیەتی راستەقینە پیادە بكرێت كە مافی هەموو لایەك پارێزراو بێت . چەند سەدەی تری پێویستە كە بنەماسەرەكیەكانی ژیانی دیموكراسی لەم وڵاتەدا فەراهەم بێت . ئەو شیعار و بۆچونانەی هەلتانگرتبوو تا چ رێژەیەك هەلی بەئەنجام گەیاندنی لەبەر دەستدایە . پاش لە دەستدانی ئەم هەموو هەلە زێرینانە پێویست نەبوو گۆڕانی ریشەیی لە بۆچون و فكر و پێكهاتەی سەركردایەتیەكانتاندا بكرابایە .
بۆ هەموو لایەك دەركەوت كە سەركردایەتی كورد ئەوەندە بە دوای نرخەوەیە بۆ ئەو رێگە سیاسیە بازرگانیەی گرتۆتیەبەر ئەوەندە گرنگی بە بەها گشتیەكان و بەرژەوەندیە باڵاكانیان نەداوە و، تەنانەت قسەشیان لەسەر نەكردوە، جگە لەو كاتانەی كە شكستیان هێناوە و بە مەسەلە و پێشهاتێكەوە گیریان خواردبێت و كەوتبنە چاڵێكی قوڵەوە، بەڵام دان بە هیچ هەڵەیەكدا نانێن و بە ئاشكرا باس لەوە ناكەن كە دەرس و پەندیان لە مێژو وەرنەگرتوە .
ئەگەر سازانی بەرژەوەندخوازانەی لایەنە عیراقیەكان لەسەر بناغەی خودپەرستی و تاكتیك و دور لە هۆشیاریەكی دیموكراسی قوڵ و بێ پشتبەستن بە بناغەی دابینكردنی مافی ئەوی تر و ئازادی گشتی و شەفافیەت، عیراقیان بەم حاڵەی ئەمرۆمان گەیاندبێت، ئەم قەیرانە و بە تایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە پرسی كوردەوە بە چ رێگایەك چارەسەر دەكرێت بێ عەمەلیاتی قەیسەری و پیادە كردنی چارەسەری ریشەیی .
بۆیە بۆ گەلانی عیراق پێویستە بزانن ، ئەم فەرمانرەواییەی كە بە نەوەی كۆن و عەقڵیەتی بەسەرچو و بە ئالیەتی كارتۆنی و دور لە بیركردنەوەو فكری زانستی و وەلاخستنی نەوەی نوێ لە هەموو بریارەكان حوكم دەكەن، جگە لە گەرانەوە بۆ دواوە هیچ بەرهەمێكی نابێت .
بۆ كورد و پرسەكەشی، دەبێت خەڵك لەوە دڵنیا بێت كە تا ئەمە بارودۆخی گشتیی رۆشنبیری و سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و هۆشیاری عیراق بێت چاوەرێی لەمە باشتر نەكات و هەر سەرەكردەیەكیش كوری كۆمەڵگەی خۆیەتی و بۆی ناكرێت عەسای سیحری بەكار بێنێت . بەڵام لێرەشدا دەشێت لەم بارودۆخە گشتیەی ناوچەكەدا بڵێین ریگەیەكی كورت لەبەردەم كوردا هەیە بە زۆرێك سەرئێشەوە كە پێویستی بە عەقڵ و كات و بریاری پێویست كاتی پێویستە، هەرچەند سەركردایەتی كورد بە خۆی ئەم ئامانجەی قورسی كردۆتەوە لەبەر ئەوەی ؛پێش هەموو شتێك پێگە پێویستەكانی لە یەكبون و توندوتۆڵی و یەكێتی تا ئەم كاتەش بنیات نەناوە بە هۆی خودپەرستی و بەرژەوەندی شەخسی و حزبی و زاڵبونی گەندەڵیەوە . لێرەشدا دەبێت چاوەرێی ئەگەری شكستهێنانی بكرێت ، بەڵام بە تەنازولێكی گەورە بۆ لایەنێكی پرسەكە لە ناوچەكەدا كۆسپێكی سەرەكی دەتوێتەوە و هەنگاوێك پێش دەكەوین،ئەمەش پاش زامنكردنی پشتگیری یان بێ لایەنی زلهێزەكان . دەكرێت سەركەوتن لە پاش شكستهێنانی كاتی بەدەست بێت . ئەوەی شایانی باسە بوترێت ئەمەش سەركێشیەكی گەورەیە بەڵام چارەسەرێكی كۆتاییە ئەگەر سەركەوێت، ئەگینا دەبێت چاوەرێی وەزعێكی لەمە باشتر نەكەین كە تێیداین و بەڵكو چاوەروانی ئەوەش بین كە دەستكەوتەكان لە دەست بدەین .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە