کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


داهێنەران و كەمتەرخەمی دەسەڵاتی كوردستان

Sunday, 13/05/2012, 12:00




زۆرن ئەوانەی لە ژیاندا بە رێرەوێكی تایبەتی وادا دەرۆن و رێبازێكی وا پەیرەو دەكەن كە تایبەتمەندیەكی زۆریان پێوە دیارە، تا ئەو رادەیەی جیاوازی خۆیان لەگەڵ خەڵكی ئاساییدا بە رۆژی نیوەرۆ دیارە و لە زۆر لاوە جێ پەنجەیان ئاماژە بۆ داهێنانەكانیان دەكەن لەو بوارەی كە پێوەی سەرقاڵن و زۆرترینیان خوویان پێوە گرتووە و، لە كردار و رەفتاردا لە خەڵكی ئاسایی ناچن ،بێ ئەوەی رۆژێك یەكێ لێیان بپرسێتەوە نەك پشتگیریان لێ بكات . لە بەرامبەردا زۆرن ئەو وڵاتانەی رێزی تایبەتیان بۆ بچوكترین داهێنانی خەڵكی خۆیان هەیە و رۆڵی یەكجار گەورە دەبینن لە پەرەپێدان و بە جیهانیكردنی بەرهەمە هەمەجۆرەكانی داهێنانی عەقڵە پرتواناكانیان، كە لە زۆرلاوە هاوشێوەیان زۆرە لە كوردستانەی خۆماندا،بەڵام كەس بە قەدریان نازانێت . كەس هەیە لەئێمە لەو كەڵە نوسەرانەی وەك مەریوان وریا قانع و بەختیار عەلی و ئەو شاعیرانەی وەك بێكەس و ئەو هونەرمەندانەی وەك پەیكەرتاش بەیان مانی و كەڵە مۆسیقاژەنانەی وەك ئەنوەر قەرەداغی و ئەكتەرانەی وەك عەبدولی حەمە جوان و بەدیعە دارتاش و.. تد ، لەبەر چاو نەبێت كە تا ئێستا لە چوارچێوەی كوردستان بترازێت لە دەرەوەی سنوور هیچ گرنگیەكیان پێ نەدراوە كە نەك بۆ ژیانی تایبەتی ئەوان بەڵكو بۆ ناوبانگ و قورسایی و رۆڵ و رێزی خودی كوردستان لەسەرجەم بوراەكاندا قازانجی تایبەتی ببێت، بەتایبەتی لە رووی سیاسیەوە كەهەر ئەمانەن لە قورسایی و رەسیدی وڵاتان زیاد دەكان و لە پەیوەندیەكاندا ناو و ناوبانگ و قوراسی جیهانی بونیان جێگەی خۆی دەگرێت .
زۆر ئاسایی بوو كە لە زەمەنی دیكتاتۆریەتدا خەڵكانی داهێنەر لە قاڵب و ئابڵوقە دەدران و پشتگوێ دەخران و زۆریكیش لە ناودەبرا، جگە لە دژایەتیكردنی رۆژانەیان و چاودێری كردنی وردیان لە لایەن دەزگا داپڵۆسێنەرەكانەوە، لە لایەكی ترەوە لە پێناو كاری سیاسی زۆرێكیان لە خشتە دەبران و بە ئامانجی تەسكی حزبی ئیستیغلال دەكران و ئەوانەی ملیان نەدا لەناودەبران یان بەزۆری ملكەچ دەكران و سوك و قێزەون دەكران لە ناوخەڵكدا ،لە رووی سایكۆلۆجیەوە ئەوەندە كاریگەریان دەكرایە سەر تا دەگەیشتە رادەیەك لە داهێنان دەكەوتن یان تێكدەچوون یان توشی شۆك دەهاتن و شێت دەبوون . بەڵام كە بیر لەم رۆژگارە دەكەیتەوە كە ئازادی بەرقەرارە و حكومەتی خۆماڵیمان هەیە، جێگەی سەرسورهێنانە كە لایەنی پەیوەندیدار نەك لە خزمەتكردنی داهێنەراندا كەمتەرخەمە بەڵكو لە پێناو بەهێزكردنی پێگە و سومعە و ناو و ناوبانگی خۆی لەناوە و دەرەوەش كارێكی ئەوتۆی نەكردووە كەئاماژەی پێ بكرێت و لە بوارە دیبلوۆماسیەكاندا پشتی پێ ببەستێت و بە نمونە بیهێنێتەوە لە گفتوگۆكاندا .
لەو داهێنەرانەی كە دەیانانسم زۆرێكیان بە توانای تاكەكەسی خۆی نەبێت لە بارودۆخێكی یەكجار نالەباریشدا كە بەرەنگاری بارودۆخی ئابووری و كۆمەلایەتیش بۆتەوە كەم پاڵپشتی كراوە كە شایانی ئەو توانایەی نیە كەلە گیانی داهێنانیدا هەیەتی، بەنمونە پەیكەرتاشی بەتوانا(بەیان مانی)بڵێین،لە خێزانێكی هەژار و دوور لە هونەر كە سەرەتا لە خۆیەوە دەست پێدەكات بێ پاڵپشتی باوك یان كەس و كار یان بە بۆماوەیی بۆی مابێتەوە و بە وەزعێكدا كە لەگەڵ خۆشەویستی بە هونەرەكەی و داهێنانەكانی قورسترین كاری كرێكاری كردووە و داستانێك لە موعاناتی هەبووە، لە بارودۆخێكی كۆمەڵایەتی وادا ژیاوە كە پەیكەرتاشین بە بدعە لەقەڵەم دراوە و لەو نەریتانەدا ژیاوە كە پێی وتراوە یان دەبێت روح بكات بە گیانی پەیكەرەكانیدا یان روح لە خۆی بسەنرێتەوە،لەگەڵ ئەوەشدا لە هەڵوێستی سیاسیشدا جێگەی دیارە لە گەرمیان بە تایبەتی و لەكوردستان بەگشتی و، قوربانیەكی زۆری بۆ داوە و چەندین ساڵی تەمەنی لەو پێناوەدا رۆیشتووە، سەرەرای ئەو بەربەستانە بە سەدان پەیكەری داتاشیوە و داهێنان و نوێكاری وای كردووە كە تا ئێستا جێگەی خۆی نەگرتووە و گرنگیەكی ئەوتۆی پێ نەدراوە، كە شایانی ئەوەیە لە ناوچەكەو جیهانیش كاری لەسەر بكرێت. مانی بە مەلەكردنی دژ بە تەوژم و ئاراستەی رەشەبای كلتوری و سیاسی و كۆمەڵایەتی بە رادەیەك سەركەوتو بووە توانیویەتی لە دونیای پەیكەرتاشیدا نمونەی هەڵقوڵای كۆمەڵگەیەك بێت كە پەیكەرتاشین تێیدا حەرام بێت و سزای قورسی لەسەر بێت، بەڵام تەحەدای ئەم كەڵە پەیكەرتاشە بووە بەنمونە بۆ خوێدكاران وهاورییانی لە كوردستاندا . ئەمەش مشتێكە لە خەروارێك لەو داهێنەرانەی تا ئێستا نەخوێنراونەتەوە و بۆ خزمەتكردنی دۆزی ئەم میلەتە بەكارنەهێنراون نەخراونەتە بوارو شوێنی شایستەی خۆیان .
ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە، ئەگەر بەشێوەیەكی ناراستەوخۆش بێت پێویستە لایەنی پەیوەندیداری دەسەلاتی كوردستان سەرەتا لە هەوڵی ناساندن و بەرزكردنەوەی ئەم داهێنەرانەدا بێت لە وڵاتانی ناوچەكە بەتایبەتی و ئینجا رووە بەجیهانیكردنیان بەو ئامرازانەی كە لەبەردەستدایە بەمەبەستی ناوبانگ دەركردنیان كە بە ئیجابی بۆ ناوبانگی كوردستان دەگەرێتەوە و دەبێتە پێگەیەكی بەهێز و گرنگ بۆ هەنگاونان بەرەو دامەزراندنی كیانێكی سەربەخۆی تایبەت ، ئەمەش رۆڵی سەرەكیخۆی دەبینێت لە هەنگاوی كۆتایی بەرەو دوا ئامانجی گەلی كوردستان ، هەر ئەمەش وەك هەنگاوێك لە بواری رۆشنبیریدا هیچ لەو هەنگاوە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتیانە كەمتر نابێت كە لە رێگەی رزگاریبونی كوردستان پێویستن، بەڵكو ئەڵقەی پەیوەندی نێوانیان دەبێت و رووی گەشی میلەتەكەمان بۆ دونیا دەردەخات، بە نیشاندانی بەرهەمی ئەم داهێنەرانە لە دونیای ئەمرۆی پێشكەوتودا، دەتوانرێت لەگەڵ داهێنانەكانی جیهان موتوربە بكرێت و لە دروستبونی پەیوەندیە پیویستەكاندا جێگەی خۆی بگرێت و سەركەوتنی هەوڵی نەیاران بۆ لەناوبردنی ئەزمونی كوردستان مەحاڵ بكات. ئەگەر لە سەرجەم بوراەكاندا بە پەیوەندیەكی هەمەچەشن بە دونیای دەروەدا خۆمان ببەستینەوە، ئەوا رێگای بەرهەمی داهێنەران سەركیترین و ئاسانترین رێگایە بۆ ئەو مەبەستە ، هەر بەم رێكەشەوە دەتوانرێت بەردی بناغەی ناساندنی جەوهەری خەسڵەتە سەرەكیەكانی نەتەوە و میلەتەكەمان بۆ جیهان پێناسە بكەین و شوناسی راستەقینەی خۆمان بە روونی دەرخەین .بەڵام تاوەكو ئەمرۆ بێباكی و كەمتەرخەمی دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان لەمەر ئەم پرسە سەرەكیە جێگای تێڕامانە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە