کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خۆشباوەڕی سەرانی كورد لەئاست سیاسەتی زلهێزەكان!!

Sunday, 09/10/2011, 12:00






بۆ هەموو چاودێرێك ساغ بۆتەوە كە بارودۆخی هەمەچشنی مێژووی دوورودرێژی رەوتی ژیانی خەڵكی كوردستان و پاشماوەی دەردان و دووراییەكانی رووداوە فرەكانی قۆناغە یەك لەدوای یەكەكان و بەسەرهاتی ئەم گەلە، كاریگەریەكی راستەوخۆی خۆی هەبووە لەسەر عەقڵیەت و رەفتار و ئەخلاق و بیروبۆچونی تاكی كورد و، ئاستی هۆشیاریی ئێمەی لە سنورێكی دیاریكراودا پەكخستوە و، بەردەوامبون لە نالەباری ی وەزعەكە چەندین هەستی نەرێنی لە ناخ و گیانی ئەم گەلەدا چاندووە و، سەركردایەتیش وەك بەشێك لەم میلەتە بەدەست ئەم سیفەتە مەینەتهێنەرەوە ناڵاندویەتی . ئەگەر ئەم ئاكارەی لە پەیوەندیە كۆمەڵایەتیە هەمەجۆرەكاندا بە خاڵێكی ئیجابی و باش لەقەڵەم درابێت و بوبێتە هۆكاریی جێمتمانەی لایەنە نزیك و دوورەكانیشی بەڵام بۆ حاڵ و ژیان و بەرژەوەندیەكانی خۆی هیچ قازانجێكی لێ نەبینیوە و زۆر جار زەرەری لێكردوە . لەو سیفەتە دیارانەش خۆشباوەڕبونیەتی بە سادەترین قسەو پەیمان و گفتی بەرامبەرەكەی یان هاوڕی و دۆستەكانی یان بەهەر لایەنێكەوە ئەگەر پەیوەندی پتەویشی لە گەڵیدا نەبوبێتیش و، لەبارەی هەر بابەتێكیشەوە بوبێت بە تایبەتی لەمەر مەسەلە سیاسیە فرەرەهەندە هەمەجۆرەكان، ئەمەش تا ڕادەیەكی زۆر پاشكەوتوویی و بێدەرەتانیی بەسەر ئەم میلەتەدا سەپاندووە .
ئەم میراتیەش تا رۆژگاری ئەمرۆشمان بەزەقی لە رەوتی رووداوەكان و ئەو هاوكێشە نوێیانەی ئەمرۆ كە پەیوەندی بە كوردەوە هەبێت دیار و روونەو بۆتە مایەی دروستبونی زۆرترین گرفت لەبەردەم بەدیهێنانی ئامانجەكاندا .
وەك دەزانین، بەرژەوەندیەكانی دەوڵەتانی ناوچەكە بەتایبەتی (سەرەرای ناكۆكیە زۆرەكانیان تا ئەم ساتەوەختە) وا فەرز دەكات كە لە ئاست پرسە رەواكەی گەلی كورد دا تا رادەیەكی زۆر یەكدەنگ و هاوهەڵوێست بن و لە پێناو مانەوەی بندەستبونی ئەم نەتەوەیە سەرجەم تواناكانیان یەكخستووە و، لەم سەردەمەشدا لە رێگەی ئیعلام و دەزگا سیخوریەكانیانەوە كاری خۆیان جێبەجێ دەكەن و ئێمەش دەستەوەستان و لەوبەینەدا واقمان وڕماوە. دەزگا هەواڵگریەكانی ئەو دەوڵەتانە ، ئامرازەكانی راگەیاندنی پر توانای خۆیانیان بە راستەوخۆ و ناراستەوخۆ خستۆتە ژێر ركێفی خۆیانەوە جگە لە تواناكنی خۆیان و هەر مەسەلەیەك گرنگ و لە بەرژەوەندیاندا بێت لە كەناڵە هەمەجۆرەكانەوە دیوروژێنن و ، میدیا حزبیەكانی ئێمەش سەرقاڵی ململانێ نیوخۆییەكانن و لەو قوڕاوەدا چەقیان بەستووە .
لەم رۆژانەدا مەسەلەی دروستبونی دەوڵەتی كوردی بە شێوەیەك لە لایەن وڵاتانی دەوروبەر باسی لێوە دەكرێت، ئەگەر سەرەداوێكیشی هەبوبێت ، بەڵام مەبەستی ئەوان تەنها بەگەرخستنی ئەوپەری تواناكانیانە بۆ لەباربردنی هەر هەوڵدانێك بەو ئاراستە بێت. پرسیارەكەش لەوێدایە، بۆچی سەرانی كورد بەشێوەیەكی شەفاف و عاقڵانە مامەڵە لەگەل ئەم پرسەدا ناكەن تاوەكو هیچ نەبێت میدیای ئەهلی رۆڵی ئیجابی خۆی لەویدا بگێرێت. ئەگەر هێچ نەبوبێت لەئارادا و كورتە هەنگاوێكیش نەنرابێت بۆ دانانی بەردی بناغەی ئەو بابەتە و كارەكە زامن نەبوبێت و ببێتە بنێشتە خۆشەی دامودەزگا هەواڵگریەكانی ناوچەكە، زانیاریە قازانجبەخشەكان ناخرێنە بەردەستی دڵسۆزان ، بۆئەوەی بە شێوەیكی عاقڵانە بەپەرچ بدرێنەوە. لەوێدا ئەوەمان دەردەكەوێت ، ئەمرۆش سەرانمان كەوتونەتە ژێر كاریگەریی عوقدەی خۆشباوەڕیەوە و بەم متبونە ئامانجەكانی دەوربەر جێبەجێ دەكەن و هیچی تر، زۆر بە جوانیش دیارە كەئەم رەفتارانە لەبێ ئاگاییەوەیە زیاتر لەوەی كە لە زۆرزانیەوە بێت .
خەڵكی خۆمان ئەگەر بە وردی لە هەنگاوە نهێنی و ئاشكراكانی دروستبونی دەوڵەتە تازە دروستبووەكان بروانن و ئاگاداربن و لەكار و كاردانەوەی نەیەیارانیان بكۆڵنەوە، دەتوانن هەڵەكانیان دووبارەنەكەنەوە، بەتایبەتی كێشەی ئێمە لە هەموویان ئاڵۆزترەو عەقڵیەت و ژیریەكی بێپایانی دەوێت، بەڵام نەك رێگاكانی خۆمان پاك نەكردۆتەوە و تەنانەت لە بونی نیازێك لە لایەن دەسەڵاتدارانی دونیاوە لەمەر ئەم مەسەلەیە تا ئێستا جارێك هیچ نەبووە، توشی چەندین گیروگرفت و تەگەرەی نێوخۆیی و دەرەكیەكان بوینەتەوە، چ جای ئەو رۆژە بێت كە هەنگاوی عەمەلی بهاوێژرێت، چی دەكەین و چی روودەدات.
ئەگەر بەرژەوەندیەكانی زلهێزەكان بریاردەر بن و بۆ ئەوەی زامنی ئەو بەرژەوەندیانە بكرێت و نەخرێنە مەترسیەوە، ئەركی كوردە لەم ناوچەیە رووبەرێكی فراوان مەیسەر بكات بۆ ئەو مەسەلەیە و بەهەستیاری مامەڵە لەگەڵ رووداوەكاندا بكات و خوێندنەوەی بۆ پرسەكە لە سەرجەم گۆشەنیگاكانەوە بێت، ئایا تاچەند لەتوانایاندا دەبێت و سەركەوتو دەبن لەو ئەركە قورسە یان نا ئەوە قسەیەكی ترە.
لەو نێوەندەدا ، دەبێت بڵێین پتەوكردنی پەیوەندیە ئابووریە گرنگە هەمەچۆرەكانمان بە پلانێكی زانتسیانەی ورد بۆ بەدیهێنانی ئامانجە سیاسیەكانی خۆمان پێش ئەوەی لەقازانجی ئەویتردا بێت كارێكی قورسە و پێویستی بە لێكۆڵینەوەی زۆر هەیە، قوربانیدان بە ماڵ و دارایی گشتی و كەسیی لە پێناو مەیسەر كردنی رێگەی جێبەجێكردنی پلانی زلهیزەكان و لە نێوەندەشدا دروستكردنی لۆبیەكی فراوان بە ستافەی سەرانی كورد دەكرێت، كە لەوێشدا ناكرێت بە پەیمان و هەنگاوی تەكتیكی وڵاتانی فرەبەرژەوەندی وەك ئەمریكا خۆشباوەریمان بگاتە حاڵەتی گەشكە كردن و لە كەوچكێك ئاودا مەلمەلەبكەین .
ئێستا دونیای رێككەوتن و دیكۆمینتكاریە، بۆیە پێویستە هەر هەڵوێستێك لە بابەتی پرسە ستراتیجیەكان بی بەڵگە رەتنەبێت و لەهەر هەنگاوێكدا بواری پاشگەزبونەوە نەهێڵرێت و، بەرامبەر لە خەتەری كاردانەوەكان ئاگادار بكرێتەوە، ئەمەش بە پلان دەبێت كە بەرامبەر ناچاربكرێت لە قوولبونەوە لەمەر ئەو پرسە گرنگانە دوودڵ نەبێت.
بۆیە ، مەترسیدارترین سیفەتی لایەنی كوردی لە سیاسەت كردن لەمەر بەدیهێنانی پرسە ستراتیجیەكان، خۆشباوەڕی و باوەڕ بونە بە قسەی زارەكی و حساب نەكردن بۆ پاشگەزبونەوەی لایەنە پەیوەندیدارەكان و رەفتارە سلبیەكانیان .ئەوەی جێگەی باسە كە بۆ بەجێگەیاندنی ئەم كارانەوە جێبەجێ كردنی ئەم ئەركە قورسە و هەڵە نەكردن لەم مەهامە وردە، سەركردایەتیەكی زۆر عاقڵ و ژیر و عەقڵیەتێكی داهێنەرانەمان پێویستە كە خۆی لە كێشە نێوخۆییەكان رزگار كردبێت نەك رووبەرێكی فراوانی بیركردنەوەی لەسەر ململانێ حزبیەكان سەرف بكات ، كە بەداخەوە تاكو ئێستا گەلی كورد لە جۆرە سەركردایەتی پێرفێكتە بێبەشە و ، متمانە ناكرێت بە سەرانێك كە بۆ بەرژەوەندی خۆی و حزبەكەی هیچ كردەوەیەك لا ی قەدەغە نەبێت .
لەهەمان كاتدا ئەركێكی قورس و پیرۆزیش ئەكەوێتە سەر شانی میدیای ئەهلی و سەربەخۆ كە جگە لە بەیانكردنی حەقیقەتەكان هیچ بەرژەوەندیەك قۆڵبەستیان ناكات یان نایانجۆڵێنیت ، لەمەر ئەم ئامانجە سەرەكیە هەستیارەدا ، رۆڵی ئەوان كاریگەرترە و جێگای تایبەتی خۆی دەگرێت چونكە پر متمانەتر و باوەرپێكراوترن و دەتوانن بەرپەرچی هەنگاو و بۆچونە موخابەراتیەكانی وڵاتانی خاوەن بەرژەوەندی و نەیاری كورد لەمەر ئەم مەسەلەیە بدەنەەوە و، بەو كارەش زۆرێك لە كەلێنەكان پر دەكرێتەوە، بە سڕینەوەی كاریگەریە سلبیەكانی خۆشباوەڕیی سەرانی كوردیشەوە و، ئەو ئەركەش بە میدیای حزبی بەرێوەناچێت .

 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە