کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەشتی ئایار چیی بۆ دەرخستین

Sunday, 13/05/2012, 12:00






گەر بابەتیانە و دوور لە هەر پاشخانێكی فكری و عەقیدی و كاریگەریی كەلتور و فكرێكی تایبەت بدوێین و، خۆمان لە هەموو پابەندبونێكی بیرو باوەر و ئایدیۆلۆجیا و فەلسەفەكان بەتاڵ كەینەوە، لە روانگەی بەراوردكاریەكی ساكاری هەمەلایەن ، بۆ هەڵسەنگاندنی خۆپیشاندانەكانی پار و ئەمساڵی كوردستان ، وا باشترە لە كۆمەڵێك پەنجەرەوە لە واقع و شێوە و ناوەخن و ئامانج و چۆنێتی بەشداریكردنی لایەنە پەیوەندیدارەكان و جەماوەر و كارەكتەرە سەرەكیەكان و رەفتاریان قووڵ بینەوە و، لە پاڵنەری سەرەكی نارەزایەتی هەر لایەنێكیان بڕوانین، تاوەكو زانستیانە ناوەرۆكی بیركردنەوە و ئامانجی هەر یەك لەلایەن بەشداربووەكانی خۆپیشاندانەكانمان بۆ دەركەوێت و، دەرئەنجامی دروستترمان لە هەڵسەنگاندنەكەدا دەستكەوێت .
سەرەتا، هەر بە چاوپێداخشانێك بە شێوە و رەفتار و ئاراستەكانی هەردوو خۆپیشاندانەكەدا جیاوازیەكی یەكجار گەورە لە هەموو لایەكیەوە دەبینین و، بە ئاسانی ئاستی بیركرنەوە و رۆشنبیری و رێژەی هۆشیاریی گشتی و ژیانی دەڤەرەكانی كوردستان دەستینیشان دەكەین، لەو نێوەندەشدا جیاوازی ئامانجی لایەنە سیاسیەكانی كوردستانیش لەمەر خۆپیشاندانەكانی ئەمسال َ و پاریشمان بۆ دەردەكەوێت .
ئەگەر تەنها تێڕامانێك لە شێوەی بەشداریكردنی خەڵك بەگشتی و هۆكار و پاڵنان و مامەڵەی لایەنە هەمە رەنگەكانی ئۆپۆزسیۆن بكەین و رەفتار و چۆنێتی بەرێوەچونی نارەزایەتیەكان بخوێنینەوە،لەوێشدا ئەگەر ئاستی بەشداری و رێژەی گوروتینی حزبە كۆنزەرڤەیتفەكان و هەوڵدانیان بۆ ئاراستە تاكبینیەكانیان و پشت بەستنیان بە خرۆشانی هەستی روحانیخەڵك بۆ مەبەستی سیاسی لە نێوان ئەمساڵ و پاردا بەراورد كەین، ئەوا جۆش و خرۆش و گەرم و گوری و خۆفیداكاری! ئەمساڵیان ، عەقڵیەت و راستیی و جەهەر و پابەندبون و كارو كردەوە و مەودای بینیان بۆ بەرژەوەندی باڵای كوردستانمان بۆ روون دەبێتەوە . ئەوەشمان بۆ دەردەكەوێت كە بەشداریكردنی ئەم حزبە تەسك بینانەلە خۆپیشاندانەكانی پارساڵدا و جدی نەبونیان و هەوڵێكی ئەوتۆ نەدانیان بۆ بە گشتی كردنی نارەزایەتیەكان لە كوردستان و قروقەپ كردنیان لەو دەڤەرەی كە ئەمرۆ توانا و رێكخستن و بۆچونیانمان بۆ دەردەخەن، ئەوەمان بۆ زۆر روون دەكاتەوە كەچەند بە لاوەكیانە لەو نارەزاییەی پارساڵ بەشداربوون و هێچ مەبەستێكیان نەبووە فراوان بێت و كاریگەری ئیجابی سەركەوتنی خۆپیشاندانەكانی پارساڵ لەسەر رەوتی ژیانی سیاسی كوردستان كە بە قازانج بۆ سەرجەم سیستمە سیاسیەكە دەكەوێتەوە، لە بیركردنەوەی ئەماندا نەبووە. ئەوەشیان لەبەر چاو بووە كە بەدەستهێنانی داواكاریەكانی خەڵك تەنها قازانج بە ئەوان ناگەیەنێت و لەو بیرتەسكیەوە ئەوان و لە چوارچێوە تایبەتەی ئەوان مەبەستیانە هیچ ناروێنن، كە چی خەڵكی رۆشنبیر و سكیولاری ئەم دەڤەرە بە رۆژی نیوەرۆ بانگی ئەڵاهو ئەكبەر و سونەتی موحەمەدی بۆ ئەفەرموون و بەكارێكی لیبرال و دیموكراسیی لەقەڵەم دەدا .هەر ئەم بەراوردە بە جوانی ئەوەمان بۆ دەردەخات كە لایەنە ئیسلامیەكان لە نارەزایەتیەكانی پارساڵدا چەند تەكتیكیانە مامەڵەیان كردووە و بە پەندی نە شیش بسوتێ و نەكەباب جوڵاونەتەەوە و، ئەمساڵیش كە بابەتەكە و مەبەست و ئامانجەكە پەیوەستە بە ستراتیج و فكر و روانینی دوور مەودای ئەوان ، چون بە هێز و توانا و لەپردا هەڵیان كوتایە سەرجادە و تەلار و شوێنە گشتیەكان و گروژمیان كرد، كا لەوەی پاردا تاكە نەفەرێكیان نەهاتە دەر و نقەی نەكرد و تەنانەت نووزەی لێوە نەهات .
ئەوەی لە 8ی ئایاری ئەمساڵدا بینیمان، سەرەرای ئەوەی چەندین ئەگەر و شیمانەی هەمەچەشن لەخۆ دەگرێت لە گۆشەی كات و شوێنی خۆپیشاندانەكە و مامەڵەی نەرم و نیانی دەسەڵات و هاوكێشە سیاسیەكانی ئەو دەڤەرە، بەڵام زۆر شتمان بۆ روون دەكاتەوە ، كە دیارترینیان ئامانج و مەبەست و تێڕوانین و رەفتاری حزبە ئیسلامیەكانە كە تەنها عەقیدە و بیروباوەری تەسكی فكری و بۆ مەبەستی حزبی و عەقیدی پاڵنەری كارو سەرجەم جموجۆڵەكانیانە و لەو پێناوەشدا چیان پێ بكرێت درێخی ناكەن و، ئەو ئیداعایانەشیان بەتاڵ بووەوە كە رۆژانە لەمەر ئامانج و بەرژەوەندی نیشتمانی و نەتەوەیی بە گوێی خەڵكدا دەیدەن و، لەلایەكی تریشەوە جەوهەری دەسەڵاتیش بە روونی پیشانی داین كە لەمەر عەقیدە و فكر و بۆچونی كۆنزیرفەیتفانە چەند بێ توانایە و، لە ئاست بەرژەوەندیە حزبیەكانی خۆی چەند بیرتیژەو، هەموو بەرژەوەندیەكانی ئەم نیشتمانە دەكاتە قوربانی دەستكەوتە حزبی و شەخسیەكان، ئەوەیلێرەدا زۆر گرنگە بوترێت كە جیاوازیەكی زەقی نارەزایەتیەكانی پار و ئەمسال ئەوەیە كە كێ خووازیاری توندوتیژیە و كەلتورەكەی لەسەر نەهیشتن و روخان و دارمانی ئەوی تر بیناتناوە و كێش بە ئاشتی داوای مافی گشتی خەڵك دەكات .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە