كابینەی نوێ سەركەوتوو دەبێت ؟
Wednesday, 08/02/2012, 12:00
جگە لە بواری ئابووری و خزمەتكردنی خەڵك و دابینكردنی پێداویستیە سەرەكیەكانیان، كە باس و خواستی زۆری لەسەر كراوە. لە بواری سیاسیدا، كۆمەڵە مەرجێكی تایبەت هەن بۆ زامنكردنی سەركەوتنی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەرێژەیەك كە لەلایەن هوڵاتیانەوە پەسەند بێت، پاراستنی یەكپارچەیی خاكی كوردستان لە رووی سیاسی و ئابووری و رۆشنبیری و كۆمەلایەتیەوە.ئەمەش بە وەكیەك جێبەجێكردنی ئەركەكان و دابینكردنی مافەكان لەسەرجەم ناوچەكان و سرینەوەی پاشماوەی دووئیدارەیی و فەراهەمكردنی هەلی یەكسان بۆ كۆمەڵانی خەڵك لەسەرجەم بوارەكاندا، بەتایبەتی لەم بارودۆخە نوێیەی كە فاكتەری تازە هاتۆتە گۆرێ و، تا حەدێك ستونەكانی حوكمرانی سەردەمانە بنیاتنراون،داواكاریەكە كە خۆی فەرز دەكات، ئەمەش دەبێت دوور لە تێكەڵكردنی مەهامی حزبی و حكومی بەرێوەبچێت . ئەم ئامانجەش چەندین هەنگاوی پێویستی پێشوەختی گەرەكە و بوێری و قوربانیدانیشی دەوێت. وا پێویست دەكات لەسەرەتاوە بۆچونەكان و بەرنامەی حكومەت رونبكرێنەوە و،حكومەتی نوێ، ناو و ناوەرۆكی نوێی هەبێت نەك تەنها گۆرینی دەموچاوەكان وكارەكتەرەكانیش سیمای زەقی ئاڵۆزیی قۆناغەكە بووبن . ئەزمونی پرۆسەی دیموكراسی كوردستان بەو كورتەمێژوویەوە، ئەگەر لە هەندێك قۆناغدا، بەبەراورد لەگەڵ ئەوەی لە ناوچەكەدا هەیە،جێگەی تێرامان بوبێت، بەڵام هەستكردن بەجیاوازی ئاستی پیادەكردنی چەمكی ئازادی و دیموكراسی لە ناوچەكانی كوردستانی باشوور بەزەقی دەردەكەوێت ، بۆیە دەشێت بڵێین ئەگەر وروژاندنی هەستی ناوچەگەرێتی رێگرنەبێت پێویستە بەئاشكرا لێكۆڵینەوەی لەسەر بكرێت و بە روون و ئاشكرا و بەفراوانی باسی لێوە بكرێت، بەڵام پێویستە لەم بوارەدا چارەسەر بۆ تەنگوڵەمەكان بدۆزرێتەوە، هەر لەوێشدا پێویستە كەموكورتیەكان دیاربكرێت لەپێناو زامنكردنی ئازادی و دیموكراسی راستەقینە لەسەرجەم دەڤەرەكانی كوردستاندا بێجیاوازی،ئەم ئەركەش سەنگی مەحەكە بۆ پەرینەوە بەرەو قۆناغێك كە بینینی ئاسۆیەكی نوێی ژیانی سیاسی لە كوردستاندا مەیسەر بكات .پەیدابون و خۆسەپاندنی ئۆپۆزسیۆن سەرەرای قورسی ئەركەكان و ئاڵۆزی بارۆدۆخەكە لە زۆر لایەنەوە قازانجێكی بەم كابینەیە گەیاند و، لەمەودواش پابەند بە فاكتەرە نوێكان پێویستە بە ریتمی تازەوە هەر وابێت. گرنگترین ئیجابیاتی پەیدابونی ئۆپۆزسیۆن ئەوەیە كە ئێستا هەستكردن بە لێپرسینەوە و بەرپرسیارێتی پلەوپایە وەرگرتن و بیركردنەوە لە چۆنێتی سەركەوتن لە جێبەجێكردنی ئەركەكان لە لایەن كەسەكانەوە دەركەوتووە ،نەك تەنها چاوتێبرین لە ئیمتیازاتەكان و قازانجە تاكەكەسی و حزبیەكان . پێشخستنی ئەو هەنگاوانەی كە پێشتر نراون لە بوارەكانی خزمەتگوزاری و ئاورلێدانەوە لە گەنجان و پەروەردە و خوێندنی باڵاو تەندروستی و جادەوبان و گەشت و گوزار ئەركێكی ئاسایی كابینەی نوێیە. بەڵام ، دەستنەبردن بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری كوردستان بە شێوەیەك كە هەموو لایەك قەناعەت بەو هەنگاوانە بكات،ئەمەش لەبەر هۆكاری بابەتی یان خودی بوبێت، تا ئێستا پرۆسەی حوكمرانی بە لینگەوقوچ هێشتۆتەوە و سڵَكردن لە كاركردن لەسەر بەدیهێنانی بچوكترین ئامانجی ستراتیجی گەلی كوردستان و دوارۆژەكەی ، زاڵەبەسەر رەفتاری سیاسی سەركردەكاندا وبە ئاشكرا لە كارەكانیاندا دەردەكەوێت و، ئەمەش وایكردووە كە دڵنیابون لە زامنكردنی دوارۆژی سیاسی خەڵك كەموكورتیەكی لەرادەبەدەر بەرچاوبكەوێت و، دەشێت بە نەبوو لەقەڵەم بدرێت .
بۆیە، ئەگەر لە پیادەكردنی سیاسەتی گشتی و ئەو رەهەندە نیشتمانیانەی پەیوەست بە ستراتیژ و دوارۆژی كوردستان، كەپەیوەندی راستەوخۆی بە زۆر فاكتەری دەرەكی و ناوەكیەوە هەیە، پێویستی بە ناوەندێتی دیموكراسی هەبێت،بەڵام، لە جێبەجێكردنی ئەركە نێوخۆییەكان و یاساو رێسا پەیوەندیدارەكان بە ژیانی رۆژانەی خەڵك و لە یەكسانی و دادپەروەریەوە، لامەركەزیەتێكی فراونی دەوێت كە تا ئاستێكی باش دادپەروەری كۆمەڵایەتی دابینبكات و رێژەیەكی بەرچاو لە یەكسانی بێنێتەدی. هەر ئەمەش یەكێتی و یەكگرتووی نیشتمانی وهاوپشتی خەڵك دەپارێزیت و پەرەی پێدەدات .
زۆر پیویستە بوترێت، پێش ئەوەی ئەركی حكومەت هەڵسەنگێنین، دەبێت واقعی سیاسی كوردستان و عراق و ناوچەكە و سەنگی لایەنەكان و كاروباری پەرلەمانی كوردستان و یاسا بنەرەتیەكان بخوێنینەوە كە بەردی بناغەی هەر توێژینەوەیەكن لەسەر كاری حكومەت وپرۆسەی حكومرانی كوردستان بە گشتی. چاوخشاندنەوە بە یاسا هەرەگرنگەكان و هەمواركردنەوە و پاككردنەوەیان لەهەر كەموكورتیەك بەدەستوری هەرێمی كوردستانیشەوە ئەركێكی پێویست و هەنگاوێكی دروستی فراوانكردنی رێگەی سەركەوتنی دەسەڵاتی سیاسی كوردستانە نەك حكومەتی هەرێم بە تەنها. ئەم هەنگاوانەش، عەقڵ و بۆچون و بینینی راست و دروست و دڵسۆزانەی دەوێت، دوور لە یاریە سیاسی و بەرژەوەندیە تەسكەكان. بێگومان ئەزمونی تاكەكەسی و رۆڵ و سەنگ و دەسترۆیشوویی لە ناوەندە سیاسیەكان و پەیوەندیە پێویستەكان مەرجی پێشوەختی نەهێشتنی هەر بەربەستێكە كە دێتەرێی كەسی یەكەم و فاكتەری سەرەكەوتنێتی لە بەرێوەبردنی ئەركە قورسەكاندا . دەبێت ئەوەش لەبیرنەكەین كە هاریكاری و هەماهەنگی و پشتیوانی سەرۆكایەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران و بەچاودێری پەرلەمان و تێپراندنی یاسا و رێسای پێویست و گونجا و و سەردەمانە جێبەجێكردنی ئەركەكان ئاسانتر دەكات و، فاكتەری یەكەم و بنەرەتی سەركەتنی كابینەی نوێن لە بە پوختەیی جێبەجێكردنی ئەركەكانیدا .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست