کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گۆڕینی بەرپرسی میحوەرەكان چی لەمەسەلەكە دەگۆرێت ؟

Tuesday, 13/01/2015, 12:00






ئەمە یەكەمجار نیە كە كەمتەرخەمی لە لایەن بەپرسی میحوەری عەسكەری بەرەكانی شەردا دەكرێت و، لە دەرئەنجامدا چەندین قوربانی لێدەكەوێتەوە و، وەك هەمیشە سەری كوری فەقیر و هەژار تێیدادەچێت و، بەرپرسەكان بە بەرزكی بانانەوە بە بێ سزا بۆی دەردەچن و وكەس ناڵێت سەروچاوتان ئەبرۆی پێوەیە . بەڵێ، نەكەس نقەی لێدیت و نەش كەمتەرخەم سزادەدرێت، وەك ئەوەی خۆێنی ئەو هەموو گەنجەی كە بەفیرۆ دەدرێت هەرزان بێت و دایك و باوكیان شەونخونیان بەدیارەوە نەكردبێت . ئەوەی شەنگاڵ، بۆ چاوپۆشی لە هەڵەكان و دەستێوەردانی حزبی، سەرەرای ئەوەی كارەساتی لێكەوتەوە و باسی لیژنەی لێكۆڵینەوە و سزادانی بەرپرسان كرا، تا ئێستا كەس گۆێی لێ نەبووە كە ناوی یەكێك ببرێت و بە كەمتەرخەم ناوببرێت و ئەو لیژنانە دەرئەنجامی كارەكانیان دەربخستبێت و تاوانبار سزادرابێت .
كوا وەزارەتی پێشمەرگە لەم هەموو خروقاتانەی كە لە بەرەكانی شەردا دەكرێت؟ بۆچی وەك وەزارەتی پەیوەندیدار كە ئەركی سەرەكی خۆیەتی، بە خۆی بەرپرسی میحوەرەكان دیاری ناكات؟ بۆچی لە هەماهەنگی و سەردانی بەرەكان و هاتوچۆی تەنانەت وەفدی بەغداش كەس جەنابی وەزیر نابینێت؟ بەڵام بەرپرسی حزبی بەرەكان لە پێشەوەن و لە كاتی دیاریكراوی خۆیان ئامادەی چاوپێكەوتنە سیاسیەكان دەبن ولە راگەیاندنەكاندا وەك پاڵەوان دەردەكەون، لە شەرەكانیش لێی دەقورتێنن و كەس نازانێت لە كوێ بون .
گەر رزگاركردنی ملازم عەدنان بەو شێوەیە و لەلایەن كەسوكاریەوە، نەك لە لایەن سوپا و فەرمانەدەكەیەوە ئەنجامدرا، كە كەسوكاری وەك خەمخۆری یەكەم لە جێگایەكی دوورەوە خۆیان بگەیەننە كورەكەیان كە دەكرا پێشتر فەرماندە و بێشمەرگە بریاری رزگاركردنیان بدایە و، بە ئاسانتر دەكرا و خوێنی خەڵكی تریش نەدرژا و، ئەركی سەرەكی سوپا و بەرپرسان خۆیانە كە خۆیان بەخاوەن هەموو پێشمەرگەیەك بزانن و ئاگاداریان بن و لە تەنگانەدا رزگاریان بكەن نەك خێزانەكانیان . ئەوەی لە میحوەری گوێر و رزگاركردنی ملازم عەدنان كرا، لە هەر جێگایەكی جیهان بەم شێوەیە باس بكرێت، هەمووان سەریان سوردەمێنێت و بەڵكو لە سومعەتی پێشمەرگەش دەدات و لە سەر پرسی گەلەكەشمان دەكەوێت . پرسیارەكە لەوێدایە بۆچی وەزارەتی پێشمەرگە هیچ وەڵامێكی ئەو پرسیارانە ناداتەوە، بۆچی بەرپرسی محوەرەكان دیارناكات، بۆچی كەمتەرخەمەكان رانەگەیەنێت و هۆكاری بەبەلاش رشتنی ئەم هەموو خوێنە دەرناخات، بۆچی لە پەیوەندیەكان و هەماهەنگی لەگەل وڵاتان و عیراقیش دەرناكەوێت و خۆی مات داوە . بۆچی حەقیقەتەكان باس ناكات، كوا فەرماندە عەسكەریە ئەكادیمیەكانی وەزارەت و كوا پلان و ستراتیجی شەریان و كێیە فەرماندە و بریار بەدەست، بۆچی هەروا وەزارەت بە فەرمانی بەرپرسی حزبی رازیە، بەراستی ئەو خەڵكە وەڵامی ئەو هەموو پرسیارەی دەوێت، ئەگینا بەرپرسیارێتی مێژوویی دەكەوێتە ئەستۆی وەزارەتی پێشمەرگە و گومانی لێدەكرێت لە شاردنەوەی راستیەكان و خۆلەقەرە نەدانی ئەركە راستەخۆكانی .
بەڵێ هەموان دەزانن پێشمەرگە یەكنەخراوە، بەڵام خۆ هەر لەو هێزانە پلەدار و ئەفسەری باڵا هەیە و وەزارەت دەتوانێت لە بەرپرسی میحوەرەوە بگرە تا بەرپرسە نزمەكانی تریش دیاری بكات و، ئەگەر هەركەسێك فەرمانەكەی جێبەجێ نەكرد بۆ مێژوو باسی بكات با خەڵك بزانێت كێ هۆكاری بەفیرۆچونی ئەو هەموو خوێنەیە لەدەرئەنجامی كەمتەرخەمی و نەزانینی بەرپرسەكان و ملنەدان بە فەرمانی راستی وەزارەتی پێشمەرگە، بۆجێگۆركێ بە بەرپرسی میحوەرەكان بە بەرپرسە حزبیەكانەوە دەركێت و كەسی لێهاتوی تر ناخرێتە جیگایان . دەكرێت رێگری لە دوبارە كردنەوەی كارەساتێكی وەك گوێر و شەنگاڵ تەنها بە لابردنی بەرپرسی میحوەر بكرێت و بەرپرسێكی حزبیتر بخرێتە جێگەی ؟


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە