تا ئێستاش حزب سەروەرە نەك حوكمەت
Wednesday, 24/12/2014, 12:00
بێگومان رزگاركردنی خاك لەهرە پارچەیەكی كوردستان بێت جێگەی شانازیە بۆ گەلی كورد، بەڵام شەری گەڕانەوەی ناوچەی شەنگال زۆر شتی بۆ دەرخستین، لە پێشەوەی هەمووش مەودای عەقڵی سیاسی كورد زۆر بە روونی دەركەوت كە لە چ ئاستێك و لەكوێدایە . كەس نیە بە رزگاربونی سەرجەم ناوچەكانی كوردستان لە دەست داعشی درندە دڵخۆش نەبێت، بەڵام، لە كاتێكدا كە رزگاركردنی شەنگال لە ئاست ستراتیجیەتی رزگاریی یەكجارەكی و یەكێتی نەتەوەیی بەقەد مویەك قازانجی نەبێت و جێگای بەراورد نەبێت، كەچی شانازیەكە بە كردەوە عەسكەریەكان بە حزبی كرا و وەك دەستكەوتێكی حزبی مامەڵەی لەگەڵدا كرا، نەك هێزی پێشمەرگەی یەكگرتوو، ئەمەش ململانێكان زیاتر خەستر دەكات و دوبەرەكی حزبی و ململانێ زیاتر دەكاتەوە .
لەم پرۆسەیەشدا چەند پرسیارێك لە مێشكی هەموومان خولدەخواتەوە :
*بۆچی لەم كاتەدا كە هێرشی بەرفراوان دەستی پێكردووە سەرۆكی حوكمەتی هەرێم لە توركیایە و كۆبونەوەی گەرم و گور لە ئارادایە .
* بۆچی هێرشەكە بەسەرپەرشتی وەزیری بەرگری حوكمەتی هەرێم نەكرا و تەنانەت كەس نازانێت جەنابی وەزیر لەكوێیە و بۆ كەس لێدوانێكی كورتیشی لێ نابیستێت .
* بۆچی رۆڵی سەرەكی یەپەگە و پەكەكە لە پرۆسەكە لەبەرچاو ناگیرێت و، زۆرێك لە سەركردەكان بێ شەرمانە نكوڵی لە بەشداریكردنیان دەكەن، یان لە رۆڵی ئەوان كەم دەكەنەوە، كە بەپێچەوانەوە بۆ یەكگرتووی نەوتەوەیی دەكرا بەشداریان بەرز رابگیرایە و تەنانەت زیادەرۆییشی لێ بكرایە . كەچی لە بەشداری پێشمەرگە لە كۆبانی ئەوان با ئاشكرا سوپاسگوزاری گەلی كورد بون لەباشوری كوردستان و لە جێبەجێ كردنی رێنماییەكانیان بۆپێشوازیكردن لەو هێزە روحی یەكبونی كوردایەتیان درەوشاندەوە.
* لە پرۆسەیەكی فراوانی ئاوهادا زۆر بەخۆشحاڵیەوە شەهیدو بریندارێكی ئەوتۆمان نەبوو !!
*چۆن بێ بەرەنگاری ئەم ناوچانە داگیركران ئاوهاش بێ بەرەنگاری داعش رزگار كرانەوە!!
* تەنها یەك كەناڵی تەلەفزێۆنی روماڵی شەرەكەیان كرد ؟
* سەرجەم لێدوانەكان لە سەركردەكانی حزبێك وەردەگیران نەك سەركردە سەربازیەكان ؟
لێرەدا بۆمان دەردەكەوێت كە تا ئێستا وەزارەتی بەرگری هەرێم تەنها بەناو یەكگرتووە و، رق و كینەی حزبی رۆڵی خۆی دەگێرێت لە زیاتر دروستكردنی ناكۆكی و، تا ئێستا بە روحی تۆڵەوە سیاسەت دەكرێت و، پاوانخوازی لە رووی عەسكەریشەوە هەیە نەك تەنها حزبی و سیاسی . بۆیە، خەڵك لە رزگاركردنی ناوچەیەكی فراوانی كێشەلەسەری وادا، بەقەدەر ئاستی گەورەیی و پیرۆزی پرۆسەكە وەك بەشێك لە پیرۆزیی رزگاریی نیشتمانی وڵاتەكەمان و فراوانی سەركەوتنەكە، دڵخۆش نیە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست