کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بەداخەوە ... !!

Wednesday, 17/12/2014, 12:00







وا یەكێتی و گۆڕان ریككەوتننامەی خۆیان مۆر كرد و دەسەڵاتەكانیان بە فۆرتی فۆرتی دابەش كرد و جۆرێكی حوكمرانی تریان داهێنا، بەڵام لەوەدەچێت سەلبیاتەكانی لە رێكەوتنامەی ستراتیجی یەكێتی و پارتی ئەگەر زیاتر نەبێت كەمتر نابێت، بەداخەوە .
بۆ ساڵێك زیاترە حكومەتی هەرێم لە قەیرانی داراییدا دەژێت و موچە وەرگرتن بۆتە مژدە بەخشین و، بە خشكەیی ملكەچبون رۆیشتینەوە بندەست بەغدا، بەڵام تا ئێستا دەسەڵاتی كوردی عاری نەكردوە و باسی شتی زلی بێ بنەما دەكات و هیچی لەدەست نایەت، بەداخەوە .
خەڵك واباس دەكەن كە وڵاتێكی ناوچەكە فشاری خۆی كردوە بۆ گەیشتن بە ریكەوتنەكەی یەكێتی و گۆڕان، هەردولاش دەڵێن ئێمە لەسەرجەم بریارەكانماندا سەربەخۆین، كەوا نیە، بەداخەوە .
لە بیرمانە گۆڕان چۆن بەشێوەیەكی رادیكاڵانە داوای گۆڕانكاری دەكرد و ئەم حكومەتەی بە گەندەڵترین دەسەڵات لەقەڵم دا و ئێستاش دوای بەشداریكردنی لە دەسەڵاتدا قڕو قپی لێكردوە و دونیا شامی شەریفە، وامان زانی ململانێ و سیاسەتەكانی ئەو كلاسیكی نابێت وادەرنەچوو بەداخەوە .
كەس هەیە تەلەفزیۆنەكەی كەی ئێن ئێن ی لەبیر نەبێت كە كونە مشكێكی دەكردە كاروانسەرایەك و ئێستا تەنها باس و خواسی هونەرمەندان و سەردانی میر چارلس ە بۆ ئەمریكا، وەك ئەوەی هیچ كەموكورتیەك نەبێت لەم كوردستانە، ئەمیش هەر بەداخەوە .
یەكێتی دەڵێت هیچ نارەزایەتیەك لە نێوخۆیدا نیە و یەكێتی و تەبایی باڵی بەسەر ریزەكانیدا كێشاوە، بەڵام لە حەقیقەتدا هەر رۆژە و یاداشتێك پێشكەش دەكرێت و تا دێت بارەكە ئاڵۆزتر دەبێت و، كەس نازانێت بەرەو كوێ مل دەنێت، بەداخەوە .
لەسەرەتای هاتنی داعشدا وتیان داعش هیج كاری بەكوردستانەوە نیە و وەك ئەوەی زامنی ئارامی كوردستانیان كردبێت، هەر ئەوە مابوو بڵێن دەبخۆ مالكی باشمان پێكردیت، دواتر لە پرێكدا داعشیش بەلای كوردستاندا بای دایەوە و ئەمریكا نەبوایە لە موسل و رەقە خراپتریان پێ دەكردین و تا ئێستا زیاتر لە حەوت سەد شەهیدمان لەكوری فەقیر و هەژاری میلەتەكەمان لەو رێگەیەدا بەخشیوە، زۆر بەداخەوە .
پەرلەمان كە پێشتر جێگەی تەبڵو زۆرنای دڵخۆشكەر بوو جۆرەها ئاوازمان بیست و سەمای نارەزایی جوانمان بینی و لە نێو خودی هۆڵی پەرلەماندا دەبەئاو دەباری لەجیاتی باران، ئێستا سەرۆكی پەرلەمان بە خۆی دەروات بۆ لای سەرۆكی هەرێم بۆ ئەوەی بزانێت یاساكان چۆن بەرێ بكات، بەداخەوە .
حزبە بچوكەكانیش لای خۆیانەوە ملیان.... و خۆیان كزكردووە و چاوەرێی بودجەكەن كەی بگات، بەداخەوە .
دوای بیست ساڵ لە حوكمرانی خودیی، تا ئێستا كەس نازانێت چی روودەدات و چارەنوسمان بەرەو كوێ دەروات، بەداخەوە .
لەم دواییەدا ئەوەندە دلخۆش بوین خەریكبوو گەشكە بكەین لە خۆشیی جاڕی سەربەخۆییدا، كەچی لەپردا بوین بە ئەقلیمە حەیاتەكەی سەر بە بەغدا و ملمان كرد بە هۆڵی كۆبونەوەكانی عەبادیدا، زۆر بەداخەوە .
چیمان پێدەكرێت جگە بڵێین ئەو هەموو شكستانە لە نەزانین و گەندەڵی و كەمتەرخەمی خۆمانەوەیە، بەڵی زۆر زۆر بەداخەوە .





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە