کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پێویستمان بە ئۆپۆزسیۆنێكی كارای نوێ هەیە لە كوردستاندا

Thursday, 05/06/2014, 12:00




ئەوەی دەیزانین، لەهەموو دونیادا سیستمی دیموكراسی راستەقینە گەر بێ ئۆپۆزسیۆن بوو، لە پیادەكردنی ئەركەكانیدا، بە لەنگی دەروات بەرێوە . بێ زیادەرۆیی، ئەگەر بارودۆخی هەمەلایەنی كۆمەڵگەی كوردستان بخوێنینەوە، پاش پەیدابونی ئۆپۆزسیۆن لە كوردستان، كارو مەهامی حوكمدارێتی تا رادەكی هەستپێكراو بە باشی پیادە دەكرا و سیستمی سیاسی كوردستان بەرەو جیگیربون دەرۆیشت و بازدانێكی جۆریی رویدا و، خەریك بوو سیستمی سیاسی دیموكراسی بكەوێتە سەر سكەی سروشتی خۆی .
بە پەیدابونی ئۆپۆزسیۆن، تەنانەت حزبەكانی دەسەڵات بە خۆداچونێكیان بە خۆیاندا كرد و سڵیان لە زۆر رەفتار دەكردەوە كە پێشتر بێباكبون لە نواندنیدا ،تەنانەت رەخنەی بنیاتنەریش كە پێشتر كەس جورئەتی نەبوو خۆی لێی نزیكبكاتەوە جێی خۆی گرت و، تا رادەیەك حزبەكانی دەسەڵاتیش حسابیان بۆ رۆڵی ئۆپۆزسیۆن و هەڵوێستی دەكرد . هەمومان واقعی كوردستانی پێش و پاش دەركەوتنی ئۆپۆزسیۆن بە باشی دەزانین .
پاش بەشداری ئۆپۆزسیۆنی دوێنی لە دەسەڵاتی ئەمرۆدا و ، بریاری رێرەوگۆرینی لە ئۆپۆزسیۆنە بۆ بەشداری ئەو دەسەڵاتەی دوێنێ و ئەمرۆ كە رەخنەی توندی لێدەگرت ، بێ بوونی بە بەدیل و لە بەرچاونەگرتنی پێگەیەكی سەرەكی دیموكراسی راستەقینە، كە خۆی لە دەستاودەستكردنی دەسەڵاتدا دەبینێتەوە و، رەشبینی چاودێران لە سەرەتایەكی خراپ و، هەر لە سەرەتاوە سازشكردنی ئۆپۆزسیۆن لە زۆر بواردا، لە پێناو بەشداریكردنی لە دەسەڵات و پلە و پایە وەرگتندا، نمونەیەكی باشی پێشكەش بە خەڵك و جەماوەرەكەی نەكرد، نازانین وەزعی سیاسی كوردستان بە چ ئاقارێكدا دەكەوێتەوە ، پاش ئەوەی هەموو لایەنەكان بریاری بەشداریكردنیان لە دەسەڵاتدا داوە و ساحەكەش بێ ئۆپۆزسۆن دەمێنێتەوە ، سەرەرای ئەوەی گوێبیستی چەندین رەخنە دەبین لە سەر روداوە سیاسیە نێوخۆیەكانی رۆژانەی ئەم قۆناغە، لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی دوێنێ و تەنانەت لای هەندێك حزبی دەسەڵاتیشەوە، بەڵام لەو بارەوە بێمتمانەیی باڵی بەسەر چاودێران و زۆرینەی خەڵكیشدا كێشاوە و، لەوباوەرەدان هەموو قسە و هەڵوێستەكانیان تەنها لە پێناو زیاتر وەرگرتنی پلە و پایە و دانوستانە لەسەر دەسەڵات .
ئەو پرسیارە گرنگەی كە لە مێشكی چاودێران و خەڵكیشدا خولدەخواتەوە ئەوەیە، ئایا ئۆپۆزسیۆنێكی نوێ لەم قۆناغەدا سەرهەڵدەداتەوە، كێ توانای هەمەچەشنی هەیە كە پێشرەویی لە دروستبونی بكات و كاریگەر بێت و متمانەی خەڵك وەربگرێتەوە و، رۆڵ و هەڵوێستی بژاردەی رۆشنبیران وریكخراوە راستەقینەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی چۆن دەبێت و، چی رێگەیەك پێویستە بگیرێتەبەر لە دانانی بەردی بناغەی ئۆپۆزسیۆنێكی نوێی كاریگەری هەڵقوڵاوی نێو جەماوەر، لەم فەزا بێئومێدیەی كە خەڵك تێی كەوتوە .
ئەم سیستمەی ئێستای هەرێمی كوردستان كە قاچێكی برینداربوە و دەشەلێت،چۆن برینەكەی سارێژ بكرێتەوە و بگەڕێتەوە سەر راستەرێگە نیمچە دیموكراسیەكەی خۆی، ئەگەر توانای دروستبونی ئۆپۆزسیۆنێكی كاریگەرمان نەبێت .
بەڵام ئەوەی تارادەیەك دڵخۆشكەرە لەم وەزعە ئاڵۆزە سیاسیەی كوردستاندا، سەرەرای بێ ئومێدیەكی لەرادەبەدەر،ئەوەی پێشبینی دەكرێت ئەوەیە، هەلی سەرهەڵدانی ئۆپۆزسیۆنێكی كاریگەر هێشتا لەئارادایە، چونكە میلەت ترسی شكا و سڵ لە حزبەكان ناكاتەوە وەكو جاران، بەڵام ئەوەی پێویست دەبێت ئەوەیە كە كێ توانای رێبەریكردنی هەیە و كێ سەركردایەتی رەوتی ئۆپۆزسیۆن دەكات و، توانا هەمەجۆرەكان چۆن دەخرێنەگەر و ئیمكانیاتی مادی و مەعنەوی چۆن دابین دەكرێت و لەگەڵ كارلێكە نێوخۆیی و ناوچەیی و جیهانیەكەدا چۆن مامەڵە دەكرێت . واتە بارودۆخی نێوخۆیی سەرەرای رێگریەكان، تا رادەیەكی باش لەبارە بۆ هەنگاوی یەكەمی بنیاتنانی ئۆپۆزسیۆنێكی كاریگەری دلسۆز، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وادیارە لە قۆناغی داهاتودا كۆمەڵێك هەڵوێستی لەناكاو دەردەكەون كە یارمەتیدەری گەورەدەبن لە سەرهەڵدانی ئۆپۆزسیۆنێَكی راستەقینەی هەڵقوڵاوی نێو كۆمەڵگە . تەنها هەنگاوی یەكەم سەختە .






نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە