چارەنوسی كەركوك بەرەو كوێ؟
Tuesday, 10/02/2015, 12:00
لەهەموو لایەكەوە هەست بەوە دەكرێَت كە پیلانێكی هەمەچەشنی نێوخۆیی و دەرەكی لەسەر كەركوك لە ئارادیە، بەڵام لە بەرامبەردا، یان هەست بە خەمخۆری لایەنە پەیوەندیدارەكان ناكرێت لەمەر بنبركردن و شكستپێهێنانی پیلانەكان و هیچ هەنگاوێك یان كاردانەوەیەك لە ئارادا نیە، یان هیچیان پێ ناكرێت . ئەوەتا توركیا بە رۆژی نیوەرۆ وەك هەڵوێستی خۆی بە ئاشكرا و نهێنی كار لەسەر تێكچونی باری ئەمنی و كۆمەڵایەتی كەركوك دەكات و، حزب و كەسایەتی و لایەنە داربەدەستەكانی لە كەركوك و عیراق و كوردستانیش لە چالاكی و گروتیتینێكی گەورەدان لە لایەكەوە و لە لایەكی ترەوە خۆیان مەڵاس داوە و دەیانەوێت بە یەكجارەكی كەركوك لە كوردستان داببرن و پیلانی دورمەودایان بۆ ئەو مەبەستە دارشتوە . ئەگەر تاوەكو ئەمرۆ لە رێگەی داعشەوە نەیانتوانیبێت بگەنە ئامانجەكانیان، ئەوا بە پیلان و هاوكاری چەندقۆڵی نێودەوڵەتی و ناوچەكە دەیانەوێت ئیرادەی كورد لە كەركوك بشكێنن و بە ژێردەستی بیهێڵنەوە و ئامانجیان ئەوەیە كەركوك بە هەڵپەسێردراوی یان ژێردەستەیی بهێڵنەوە و چارەونوسی لە قازانجی كورد نەبێت .
توركیا وەك دەوڵەت، بەرەی توركمانی و ەك داردەستێكی دیاری توركیا، داعش وەك هاوپەیمان و جێبەجێكاری پیلانەكە و، لەولاشەوە حەشدی شەعبی و جموجوڵەكانی و سەردان و چاوتێبرینی لایەنە درەرەكی و ناوەكیەكان و جموجوڵی گومانلێكراو لە بەرەی جەنگی كەركوك و دروستكردنی ئاڵۆزی لە بەرەكانی شەر و رێخۆشكردن بۆ زاڵبونی لایەنی دەرەكی چ داعش یان توركیا لەمەر بارودۆخی نێوخۆیی كەركوك، زۆر شتمان پێ دەڵێت . ئەم هەموو كار و كردەوە و فرتوفێڵە سیاسیەی لە كاتێكدا لەئارادایە بەرەی نێوخۆی كوردستان و پەیوەندی لایەنە دەسترۆیشتوەكان لە ئاستێكی فشەڵی وادایە كە جێگەی متمانە نین و، سەرەرای ئەوەی نیشانەی زۆر پیلان و هەنگاونانی دوژمنكارانە دەركەوتون تا ئێستا هیچ كاردانەوەیەكی پێویست كە رێگە لە پیلانەكان بگرێت لەئارادا نیە و دەسەڵات و حزبەكانی سەر ساحەی كوردستان چاوەرێی دەستی پیلاگێرانن . ئەمەش لە كاتێكدایە كە خەڵك بە هاوكاری سەرجەم لایەنە كوردیەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان سەرسام و دڵخۆش بوون بە هاریكاری لایەنەكوردستانیەكان لە بەرگری لە خاكی كوردستان، بەڵام دیسان بەرژەوەندی و ململانێی تەسكی حزبی، پەرشوبڵاوی كردن وهەستی یەكگرتووی نەتەوەیی هەڵوەشاندەوە و، ئەوەتا گەریلا پاش دەركەوتنی مەرامی دوژمنان نیازی كشانەوەی هەیە لەبەرەكانی شەر،ئەمەش پاش هەستكردنی تەنانەت خەڵك وچاودێرانیش دێت بە پیلانێكی نێودەوڵەتی گەورە لە بەرەكانی جەنگی داعش و ئاڵۆزیی بارودۆخی كەركوك و كەمتەرخەمی دەسەڵاتدارانی باشوری كوردستان لە هەنگاونان بە مەبەستی بەرگریكردن لە كەركوك.
ئەگەر تا ئێستا ئەو هەموو خوێنە بۆ بەرگریكردن لە كەركوك رژێنراوە، بە فێرۆ بدرێت، مێژوو رەحمیان پێ ناكات و هەموو پرسەكەش لەدەستیان دجەچێت و متمانەی خەڵك بەم دەسەڵاتە دەگاتە ئاستی سفر . بۆیە، لەم كاتە هەستیارە و ئەوەی دەگوزەرێت، دوا هەلە لەبەردەم هەمووان و، پێویستی بە كۆبونەوە و هەماهەنگی و هاریكاری هەموو لایەنەكان هەیە بۆ شكستپێهێنانی پیلان و ستراتیژی دوژمنانی كوردستان لە كەركوك. بەڵێ چارەنوسی سەرجەم گەلی كوردستان بەندە بە بارودۆخی كەركوك و داهاتویەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست