خاڵێكی مێژوویی گرنگ بۆ نەوشیروان مستەفا
Wednesday, 14/11/2012, 12:00
پیش هەموو شتێك دەبێت ئەوە بۆ هەموو لایەك بە راشكاوی ئاشكرا بكەم كە من هیچ پەیوەندیەكم نە لە دوور و نە لەنزیكەوە بە بزوتنەوەی گۆرانەوە نیە و ئەم نوسینەم وەك هەڵسەنگاندێك كە ویژدانم هانیدام خۆم لێی نەبورم، بۆ باس كردن بێت لەسەر هەڵوێستێك پەیوەندی بە چارەنوسی سەرجەم گەلی كوردەوە هەیە .
ئەگەر دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان لە لایەن چاودێرانەوە بە وەرچەرخانێكی گەورە تا حەدێك كە ناوهێانی بە شۆرشێكی سپی لە رەوتی سیاسی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان و بە فراهەم كردنی رێگەی ئاشكراكاری و هاندانی بوێری لە رەخنەگرتن لە كاروانی سیاسی كورد بە گشتی و بە دەستپێكی دروستبونی ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە لە كوردستاندا لەقەڵەم بدرێت ، بەڵام ئەوەش راستە كە لەساتەوەختێكدا بوو كە زەرەرێكی بەرچاوی لە باڵانسی هێزی سیاسی نێوان هەردوو حزبی دەسەڵاتی كوردستان دا و دەرئەنجامی كارلێكەكەی بە لای لایەنێكی كلاسیكی خودپارێزەوە شكاند كە بە عەقڵیەتی جەنەراڵە كۆنەكانی شۆرشی كورد سیاسەتی ئەمرۆ بەرێوەدەبەن. بەڵام پاش هێوربونەوەی ئەو هەڵچون و زیادەرۆیانەی ململانێی حزبیانە، دەرئەنجامی ئەم گۆڕانكاریە گەورەیە لە پیكهاتەی حزبایەتی لە كوردستاندا بۆ مەودای دووری ئایندە بە سودێكی باش بۆ وەزعی گشتی و واقعی سیاسی كوردستان دەگەرێتەوە، ئەمە ئەگەر هەڵە زەق و گەورەكانی بزوتنەوەی گۆڕان حساب نەكەین و وا پێشبینی بكەین كە سەركردە و هەڵسوراوە دیارەكانیان لەكاری داهاتویاندا بە هەمان قوربانیدان بە بەرژەوەندی شەخسی و كاری سیاسیان رایی بكەن و، لە وەلانانی تام وچێژی پلەوپایەو دەسەڵات بەردەوام بن و هەڵە بەرچاو و دیارەكانی شۆرشی نوێی پاش نسكۆ دووبارە نەكەنەوە و حسابێكی لەجێی خۆی بۆ عەقڵیەتی تازەو گەنجانی ئاست بەرز و شارەزا و پسپۆر بكەن و ئاوێتەیەكی پێكەوەگونجاو و موتەجانس لە نێوان نەوەی كۆن و نوێدا دروستبكەن كە هیلاكی و كاتێكی زۆری دەوێت،بە ئەنجام گەیاندنی ئەو ئەركانە و بەو شێوەیە، مێژوو بە خەتێكی پان بۆیان تۆماری دەكات .
ئەوەی لە رێڕەوی سەرجەم قۆناغەكانی شۆڕشە یەك لە دوایەكەكانی كوردستان و وردەكاریەكانی خەباتی گەلی كورد و بەسەرهاتە پڕ لە پەند و دەرسەكانی و، چۆنێتی سەركردایەتیكردنی وردبێتەوە و رەفتار و هەنگاوەكانی سەركردایەتیەكەی بخوێنیتەوە بۆی روون دەبێتەوە كە زیاتر تەكتیك زاڵ بوە بەسەر تەنانەت ستراتیجە گرنگ و ئامانجە چارەنوسسازەكاندا و، هەمیشە بەرژەوەندی باڵای گەلی كوردستان لە هیچ ئاستێكدا لە بەرچاونەگیراوە و ململانێكانی نێوان لایەنەكان بێ گرنگیدان بە هیچ پرنسیپێك تاوەكو خوێنرشتن و ماڵوێرانی گەیشتوە و قوربانیدانەكان بە فیرۆ دراون .
سەردانەكەی رێكخەری بزوتنەوەی گۆران بۆ كەركوك لەم ساتەوەختەدا، دڵخۆشكەر بوو بۆ هەمووان، لە زۆر رووی سیاسیەوە، بۆ ناوخۆی هەرێم و بۆ خودی ناوچەدابراوەكانیش . خاڵی گرنگی ئەو سەردانە لەوێدا بوو كە بۆ كوردستانیان روون بووەوە كە ململانێ سیاسیەكانی نێوان حزبە نەیارەكانی كوردستان ناگاتە حاڵەتی شەر و شۆر و، هەمیشە پرسە گرنگ و چارەنوسسازەكان لەبەرچاون و پێویستیە سیاسیە یەكلاكەرەوەكان لەبیرناكرێن و پرسی كورد و دوارۆژەكەی ناكرێتە قوربانی پێداویستیەكانی ململانێی سیاسی لە وااقعێكی تاڵی كوردستان وبونی ناكۆكی لەگەڵ ناوەندی عیراقی وەك ئەمرۆدا. ئۆپۆزسیۆنیش سەرەرای بارودۆخی نالەباری و ناڵاندنی لەژێر فشارە زۆرەكاندا و تارادەیەك گیرخواردنی لە گۆشەیەكی قەتیسكراودا، سەلماندی كە هیچ هەڵەیەكی مێژوو دووبارە ناكاتەوە و، نەك پەنا بۆ نەیاران و دوژمنانی كورد نابات و لە ناپاكی پەرێزپاك دەردەچێت، بەڵكو لە كاتی زەروریدا سەرجەم خاڵە ناكۆكەكانی لەگەڵ دەسەڵاتی كوردی دەخاتەلاوە و ژیرانەتر لە ساڵانی پێشوو دەچێتە پێشەوە و، ئەو ئەركە پیرۆزەی كە سوربونە لەسەر قوربانیدانی گەورە لە پێناو ئامانجە گشتیەكانی گەل جێبەجی دەكات و،تەنانەت لە پێشەوەی ئەو حزبەی كە خۆی بەحزبی یەكەمی دەسەڵات دەزانێت لەسەر ساحەی سیاسی كوردستان هەڵوێستی راستەقینە دەردەبرێت .
هەر بەو سەردانەی نەوشیروان مستەفا زۆر هەڵویستی روون و ئاشكرای بۆ لایەنە عیراقیەكان لە پێش كوردستانیەكان دەرخست و، بە ئاشكرا بۆ هەموو لایەكی بە جوانی روون كردەوە كە كورد لە حاڵەت و قۆناغی چەسپاندنی كارایی رۆڵە جیاوازەكانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندایە و لە قاوغی بێئەزمونی دەربازبووە و لە ئاست چارەنوسی گەلی كورد یەك دەنگ و یەك هەڵوێستە و، ململانێی توندی نێوخۆیی كاریگەری سەلبی لەسەر ئەو هەڵویستە نیشتمانی و نەتەوەییە پێویستانە ناكات . لەم سۆنگەیەشەوە لایەنەسیاسیە عیراقیەكان تا بۆیان بكرێت لەئاست مامەڵە كردنیان لەگەل پرسی كورددا بە خۆیاندا دەچنەوە و حساباتێكی تر دەكەن و گرەو لەسەر ناكۆكیە نێوخۆییەكانی كوردان ناكەن . بۆیە سەردانەكەی رێكخەری بزوتنەوەی گۆران بەرێز نەوشیروان مستەفا زۆرێك لەو راوبۆچونانەی گۆڕی كە زۆرێك لە خەڵكانی بێ ئومید كردبوو لە ئاست پرسی كورد لە هەرێمی كوردستاندا . ئەم سەردانە مێژووییە جێگەی ستایشە لە لایەن سەرجەم گەلی كوردستانەوە، چونكە هەموانی دڵنیا كردەوە لە هەرگیز نەگەڕانەوەی ئەزمونی حوكمرانی هەرێمی كوردستان بۆ خاڵی سەرەتا و دەستپێك و بەهەمان شێوەی مامەڵەی حزبەكان لە شۆرش و شاخدا كە زۆر كەس پێشبینی ئەوەیان دەكرد .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست