کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نامەیەك بۆ بەرێز بیرمەند و زانا و فەیلەسوف و تیۆریستی كورد ئۆجەلان (ئاپۆ)

Sunday, 01/02/2015, 12:00







-- بەڵێ بۆ فكر و فەلسەفەی (ئاپۆ)نەخێر بۆ زۆرێك لە سیاسەتەكانی پەكەكە، ئەگەر لە ژێر دەسەلاتی تۆدا بوبێت یان لە م كاتەدا --
-- بەڵی بۆ بیروبۆچون و تیۆر و بینینەكانی (ئاپۆ) لە سەرجەم بوارەكاندا، (ئاپۆ) وەك مەرجەعی فكری و فەسلەفی و تیۆری و سەرخانی سەرجەم گەلی كوردستان نەك وەك سەركردەی حزبێك --

لێرەدا جێگەی ئەوە نیە كە باس لە بیروبۆچونت بكەین و مەبەستیشمان نیە تیۆرە فەلسەفی و بینینە دیموكراسیەكانت شیبكەینەوە، لەو توانایەشدا نین، بەڵام تەنها وەك را و بینینی كەسێك كە ئاگاداری هەڵوێستەكانی تۆیە و بە تامەزرۆوە دەربرین و نوسینەكانت دەخوێنێتەوە، بۆیە لەوباوەرەدام كە دەتوانیت بە دیقەت و سەركەوتوانە گەورەترین ئەركی نەتەوەیی و نیشتمانی لە رووە فكری و پراكتیكیەكەشەوە بۆ ئەم سەردەمە و دوارۆژیش جێبەجێ بكەیت، ئەم چەند وشەیەت بۆ دەنوسم :
بە كورتی ،وەك تا ئێستا بە تیۆر و نوسین و بۆچونەكانت وەك فەیلەسوفێكی جیهانی و تایبەتمەند بە پرسی كورد و پرۆسەی دیموكراسی لە ناوچەكە خۆت فەرز كردوە، وەك لەو باورەرەدام و هەروەها هیواداریشم وا بێت كە هەڵوێستی ئەوەت هەیە وەك تیۆریزان و فەیلەسوف و بیرمەند و مەرجەعی فكری سەرەكی سەرجەم كورد لە لایەن هەر چوار پارچەی كوردستانەوە كە وەك باوەریان پێت هەیە و مامەڵەت لەگەڵدا دەكەن مامەڵەیان لەگەڵدا بكەیت . جەنابیشت نەك وەك سەرۆكی قەوارەیەكی سیاسی و لە چوارچێوەی حزبێكدا قەتیس بكرێیت و، لەو مەسەلەیەشدا سەركردە حزبیەكان لە پێناو كۆمەڵێك بەرژەوەندی تەسك لە چوارچێوەی حزبێكدا بتهێڵنەوە و، وەك لە باوەری هەمولایەكدا دیارە تۆ لەوە گەورەتری و، كورد بە گشتی پێویستی بە تۆیە .بەو كارەش كورد لە نەقسێكی گەورە رزگار دەكەیت كە هەمیشە هۆكاری دۆراندن و پاشەكشەی بووە كە ئەویش نەبونی مەرجەعی فكری و فەلسەفیە لە كوردستاندا .
مەرجەعی مێژووییمان زۆرن، لە شیخ عوبەیدالله ی نەهری وشێخ سەعیدی پیران و سمكۆی شكاك و قازی محمد و شێخ مەحمودی حەفید و ابراهیم احمد و مەلا مستەفا و مام جەلالەوە بگرە تا سەركردە گوم ناوەكانی مێژوو و ئێستاش . ئەگەر شەهید ئارام لە تەمەنی كورتی خۆیدا وەك تیۆریزانێكی سەردەم سەریهەڵدابێت و قەدەر رێگەی نەدا ئامانجی فكری و بیروباوەر و بینینی بۆ دوارۆژی كورد بە تەواوی بڵاوبكاتەوە، لەو بە دواوە جكە لە هەوڵێكی سەرەتایی سەركردەكانی ئەم سەردەمە كە لە كاك نەوشیروان و مەلا بەختیار نەبێت كە لە رووی رەهەندە فكری و فەلسەفیەكانەوە خۆیان دەبیننەوە و، بۆچونی خۆیان دیاری كردوە، كەسمان لێهەڵنەكەوتوە، بەڵام لەوان بەدواوە، هیچ مەرجەعێكی تیۆری و فەلسەفی و فكری هاوشانی كەسێكی خاوەن لوتكەی بیر و فكر و فەلسەفەی وەك عبد الله ئوجەلان (ئاپۆ) مان تەنانەت لە مێژوو و ئەم سەردەمەشدا نیە . بەڵێ ئاپۆ لە رووی فكر و فەلسەفە و بیروبۆچون و تیۆری سیاسی و فكری شایانی ئەوەیە مەرجەعی هەموو كوردان بێت و نەكرێتە موڵكی تەنها حزبێك .
هیوادارم ئۆجەلانیش بە خۆی وەك مەرجەعی سەرجەم گەلی كورد بزانێت و لە پابەندبونی سیاسی و حزبی تاكە رێكخراوێك بەدوور بێت و هیچ حزبێك هەوڵ نەدات لە چوارچێوەی خۆیدا بیهێڵێتەوە، كە لەو باورەدام بە ئازادبون و رزگاربونی و كاركردنی فكری و سیاسی بۆ یەكێتی نەتەوەیی و نیشتمانی كورد لە (نیلسون ماندیلا) ئەگەر زیاتری پێنەكرێت لە ئەو كەمتر نابێت، لە دەرئەنجامی كاری ئۆجەلان لەسەر ئەرزی واقیع، هەر چوارپارچەی كوردستان دەچێتە قۆناغێكی ترەوە كە تەنها لەو ریگایە و لەو كاتەدا ئاسۆ و سەرەتای رزگاربونی یەكجارەكی گەلی كورد دەردەكەوێت .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە