کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بارزانی و پەیمانی كۆماری كوردستان نەك پاشایەتی

Tuesday, 22/05/2012, 12:00




ئەوەی تەماشای سیستم و واقیعی سیاسی و كۆمەلایەتی و ئابووری ئێستای كوردستان دەكات و بیر لە هەنگاوە گرنگ و چارەنوسسازەكان بۆ ئایندەی ئەم گەلە دەكاتەوە، ترس و دڵەرواكێیەكی وا دایدەگرێت كە بە هەزار پاساو و بیانو هێنانەوە و دڵدانەوە ناگەڕێتە باری ئاسایی خۆی . نا یەكگرتوویی لە خیتابی سیاسی و جیاوازی هەمەلایەنی بیروبۆچوون لە ئاست پرسە ستراتیجیەكان و تەڵخیی لە بارودۆخ و پێگەی كوردستان لەدەرئەنجامی زاڵبونی گەندەڵی و نەبوونی شەفافیەت و شۆڕنەبونەوەی هیچ زانیاریەكی پێویست لەسەر كایە گرنگەكان بۆ خەڵكانی پسپۆر و پەیوەندیدار و، بێ دامودەزگەیی حوكم و سیاسەت كردن و بەڕێكردنی وڵات لەسەر بەرژەوەندی حزبی و میزاجی شەخسی، ئەو خەڵكەی كە بە دڵسۆزیەوە بیر لە پاراستنی بەرژەوەندیە باڵاكانی وڵات دەكاتەوە، تۆقاندووە . تا ئێستا دەستورێكی هەمیشەیی و جێگیر و پێشكەوتنخواز و بریارلێدراو بە رەزامەندی زۆرینەی رەهای خەڵك لەئارادا نیە و، گەلێك پرسی گرنگ كە رەهەندی نیشتمانی و نەتەوەیی لە خۆدەگرێت یەكلایی نەبونەتەوە، لەوانەش جۆری بەرێوەبردنی وڵات و سیستمی سیاسی كوردستان و پرس گەلێكی وەك ئازادی و كۆی بنەما سەرەكیەكانی پەیوەست بە رەفتاری عەقڵانی و مرۆڤایەتی و دادپەروەری كۆمەڵایەتی كە تەنها بەزارەكی و بێ هیچ بەڵگەنامەیەكی یاسایی قسەی لەسەر دەكرێت و،لەو نێوەندەشدا هەستكردن بە پاشگەزبونەوە لە هەندێك پرەنسیپ و بنەما چەسپیوەكان بۆتە جێگەی نیگەرانیە بۆ هەمووان .
زۆرینەی رەهای تاكەكانی ئەم كوردستانە پرسی سەربەخۆیی كوردستان لە دڵ و دەروون و بیرو بۆچونیاندا جۆش دەخوات و باوەڕناكەم تاكە كەسێك هەبێت دژی سەرفرازی و رزگاربونی یەكجارەكی ئەم گەلە ستەمدیدە بێت، تەنانەت خۆرشان و خستنە سەرباسی ئەم پرسە چارەنوسسازە كاریگەریی ئیجابی خۆی هەیە لەسەر بیروفكری زۆرینەی خەڵك و،تەنانەت رای گشتیشی جۆڵاند و، بیرێكی شەكڵی لە دوا رۆژی ئەم میلەتە كرایەوە، لێرەشدا هەموو هاوڵاتێكی رەسەنی ئەم وڵاتە بەراست و چەپیانەوە چاوەرێی جاردانی سەربەخۆیی كوردستانن، بەڵام ، دەكرێت خەڵك بی ئەوەی بزانێت چارەنوس و دوارۆژ و بەرژەوەندیە گشتیەكانی خۆی چیی بەسەردا دێت، نیگەران نەبێت، دەشێت خەڵكانێك بە ئاگری گەندەڵی و نادادپەروەری سوتابن، لە ئاست ئەم مەسەلەیە گەشبین بن ومتمانەیان هەبێت كە هەنگاوە گرنگەكان لە پێناو ئامانجی لاوەكی نیە، مەعقولە خەڵك چارەنوسی خۆی بخاتە دەست كۆمەڵێكی هەمەجۆر بەرژەوەندخواز و قاڵبووی ململانێی حزبی و ئایدیۆلۆجی میژوویی بێ ئەوەی پێشوەخت بزانێت خۆی لە چ واقعێكدا دەبینێتەوە. بۆیە پێویستە و ئەركێكی نیشتمانی گەورەیە كە پێش هەموو كەسێك سەرۆكی هەرێم ئەو ترس و دڵەراوكێیە بڕەوێتەوە و پەیمانی كۆمارێكی كوردستانی خاوەن دەستورێكی دیموكراسیخوازانەی راستەقینە و سەردەمانەی پیشكەوتنخوازنە بدات لە حوكم كردنی خەڵكدا، نەك دەسەڵات بەدەست حزب و بنەماڵە و،سیستمێكی پاشایەتی بێت لەسەر ئەرز و جۆرێكی تر لەسەر كاغەز، ئەمەش دوای ئەوە دێت ئەكەر بە یەقینی، بێ شێمانە و ئەگەر لەخۆگرتن، یەكلایی بوبێتەوە كە فاكتەری دەرەكی یارمەتیدەرن لەو هەنگاوە پیرۆزەدا .
كۆمەڵانی خەڵك بەسەرجەم پێكهاتەكانیەوە حەقی خۆیانە بترسن و بپرسن تاكەی دەسەڵاتی سیاسی و چارەنوسی وڵات بەدەست كۆمەڵێكەوە بێت و بەو شێوەیەش بەرێوەبچێت، ئەگەر مێژووی خەباتی سەركردە و پارتە سیاسیە سەرەكیەكانی كوردستان لە پێناو گەیشتن بەو ئامانجە بوبێت، پێویستە لەم كاتەدا سەرۆكی هەرێم پێش هەموو كەسێك پەیمان بە خەڵك بدات، پاش جاردانی سەربەخۆیی دەسەڵاتی كوردستان دەخاتە دەست گەلەكەی و، هیچ كەس بۆی نەبێت خۆی بە باڵاتر و خۆی بە موستەحەقتر لەوانیتر لە هەموو بوارەكاندا بزانێت، نەوەكو تا ئێستا دەیبینین كە بەشداریكردنیان لە شۆرشی چەكداری بە خەڵك دەفرۆشنەوە بەهەموو شێوەیەك، وەك ئەوەی شۆرشیان بۆ دەسەڵات و پارە كردبێت .
بۆیە، لەم واقیعی بێ دەستوریەدا پێویستەسەرۆكی هەرێم خەڵك لە جۆری حوكم و پێویستبونی كۆماریی كوردستان و سیستمێكی پەرلەمانی دیموكراسی دڵنیا بكاتەوە ، كە زۆرینەی ترسەكان لە سیستمی پاشایەتی و دەستاودەستكردنی حوكمی بنەماڵەیە لە كوردستان،ئەگەر سەرجەم فاكتەرەكانی تریش یارمەتیدەر و ریخۆشكەر بن لە سەركەوتنی ئەو ئامانجە چارەنوسسازەدا .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە