ئەی كەسوكاری قوربانیانی 17ی شوبات: مەهێڵن كەس یادیان بكاتەوە ؟
Tuesday, 17/02/2015, 12:00
ئەوەی بە وردی لە رووداوەكانی 17ی شوبات بروانێت و، ئەو بارودۆخەی ئەو ئان و ساتەش لێكبداتەوە ،دەزانێت، قوربانیانی ئەو روداوە، كێ بوون، چۆن خەڵك بە خۆ رسك بەشداری ئەو چالاكیانەی كرد و كێ خۆی كرد بە ساحیبی و نان و پیازی پێوە خوارد، دوای ئەوەی لە سەرتادا تەنانەت بە ئاژاوەگێر لەقەڵەمی دان و، دواتر لە بەحزبی كردنی ئەو چالاكیانە زەرەری گەورەی لە چالاكی مەدەنی و ورەی خەڵك و ئامانجەكانی خۆپیشاندەران نارەزیبوان دا و، وای لە وەزعەكە كرد كە تا ئێستاش لە بیركردنەوە بۆ دووباەر كردنەوەی هەر چالاكی و داواكاریەكی حەقی خەڵك هەزار و یەك بیر بكرێتەوە، بەڵكو بێ ئومێدی خەڵك بە سەرجەم حزبەكان وای كردووە سڵ لە سەرجەم چالاكیەكان بكرێتەوە نەوەك هەر جارەو حزبێك بۆ مەرامی تایبەتی خۆی ئیستغلالی هەست و نەست و چالاكیەكانی ئەوان بكات، وەك چۆن لە 17ی شوباتدا كردیان و، دواتر ماراسۆنی رووە و پیرمامیان لە پێناو بەدەستهێنانی بەشەكەیان لە كێكی دەسەڵات دەست پێ كرد .
بێگومان یەكێتی و پارتی وەك دوو حزبی دەسەڵاتداری ئەو كات، سەرجەم بەرپرسیاریەتی توندوتیژی و كوشت و برەكەیان دەكەوێتە ئەستۆ، بەڵام ئەو ریكخراو وكەسایەتیانەی لە پێشەوەی خۆپیشاندان و چالاكیەكان خۆیان دەنواند و لە ژێرەوە بە فەرمانی ئەم و ئەو رێرەوی چالاكیەكەیان گۆری و لەدەستی خەڵك دەریان هێنا و، ئۆپۆزسیۆن خۆی كردە خاوەنی، كەچی لە سەر داواكاری خەڵك و پەیمانەكانی خۆیشی بەردەوام نەبوو . بەڵكو لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن لە گەڵ ئەو لایەنە هاوپەیمانیان بەست كە بە بكوژی چالاكوانان و رەفتاری توند و تیژی تۆمەتبار دەكرێت و، بێ ئەوەی بچوكترین رێژەی داواكاریەكانی خۆپیشاندەران و خەڵك بێتەدی، ئێستا لە دەسەڵاتدان و لە گەڵیدا بەشدارن و بەهانە بۆ كەموكوریەكانی دەهێننەوە .
ئەوەی جێگەی سەرسورمانە، كە رێكخراوە مەدەنیەكانیش دابەشبون بەسەر حزبەكاندا و، هیچ كەس متانەی پێیان نەماوە، بۆیە، بۆ یادكردنەوە و داواكاری قوربانیانی روداوەكانی 17ی شوبات، پێویستە تەنها كەسوكاریان بەخۆیان یادی بكەنەوە و نەچنە ژێر ركێفی هیچ ریكخراو و حزبێك، كە تا ئێستا كەمتەرخەم بون لە داواكاری و ئامانجی خۆپیشاندەرانی 17ی شوبات، مافخوراو بوون ، مەهێڵن هیچ كەسێك یان رێكخراوێك یان حزبێك بە ناوی ئێوەوە یادی ئەو روداوە بكاتەوە، مەهێڵن زامەكانتان بە حزبایەتی و بەحزبیكردنی یادەكە بكولێننەوە، مەهێلن روحی قوربانیەكان بە بەكارهێنانی خوێنەكانیان بۆ مەبەستی حزبی و بەرژەوەندی تەسك ئازار بچێشن . قبوڵی مەكەن كەس خۆی بكات بە خاوەنیان و بە خۆتان پێكەوە وەك خانەوادەی قوربانیان یادی بكەنەوە، هەموو خەڵكی كوردستانتان لەگەڵدایە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست