هەماهەنگی پارتی و گۆڕان قازانجی نابێت بۆ هەمووان !
Tuesday, 16/08/2011, 12:00
لەوانەیە، هەركەسێك ئەو ناونیشانەی سەرەوە بخوێنێتەوە،ئەگەر دەركەوتەی سەلبی دوورمەودای ئەم پەیوەندیە بەرژەوەندخوازیە تەسكە حزبیە و هەر رێككەوتنێكی لێبكەوێتەوە لێكنەداتەوە، لەوەدەچێت وا بزانێت من ئارەزووی مانەوەی ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسیەكانی كوردستانم هەبێت، یان ئەم قسانە لەبەرژەوەندی لایەنێك بكەوێتەوە، بەڵام شیكردنەوەی ئەم وەزعەی ئەمرۆ وبابەتە هەمەجۆرەكان بۆچونی زۆری لیدەكەوێتەوە و دەبێت قازانجی گشتی میلەت لەبەرچاو بگیرێت نەك چ لایەنێك قازانج دەكات یان زەرەر .
بۆ دەرخستنی حەقیقەتی ئەم بۆچونەم، دەبێت بە روونی پشتخان و سەرخانی سیاسی و ئابووری سەرجەم لایەنەكانی كوردستان و مامەڵەكردنیان لەگەڵ رەوتی رووداوە هەمەچەشنەكانی كوردستانمان لەبەرچاوبێت و واقعی ئێستای كوردستان و گونجاویی بیروبۆچون و رەفتاری لایەنەكان هەڵسەنگێنین، ئەوكاتە بیر لەوە بكەینەوە كە قازانجی كورت مەودای هەر هەماهەنگیەك جێگەی ستراتیژ و دوائامانجەكان دەگرێتەوە یان نا، لە دوائەنجامیشدا بەزەرەر بۆ سەرجەم پرسەكە و دوارۆژی دەكەوێتەوە یان نا. لەم بارەشدا بۆ ئەو مەبەستە كە دەبێت هەندێك بەرژەوەندی بچوك بكرێتە قوربانی خەون و ئامانجە گەورەكەی گەلی كوردستان كە لە ئازادی و دیموكراسی و رزگاریی یەكجاریدا خۆی دەبینێتەوە، هەندێك قوربانی پێویستە .
ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان هەموو بیرو كارو خەیاڵی سیاسی خۆی لە رووبەرێكدا گردبكاتەوە، كە هەرچیەك بكات بەهانەی بەدەستەوەیە و لەو پێناوەشدا بۆی هەیە هاوپەیمانی لەگەل شەیتانیشدا بكات بەرامبەر ئەو لایەنانەی كە بە ركابەر و نەیاری سەرەكی خۆی دادەنێت، ئەوە هەڵەیەكی گەورە دەكات و لەهەردوو حاڵەتی سەركەوتن وژێركەوتنیشیدا لەدواجاردا بە دۆراو لێی دەردەچێت، بە تایبەتی ئەوە ئیدعای گۆرانكاری دەكات و هەر هەنگاویكێ دژ بە گۆڕانی گشتی بێت لەگەڵ بۆچونەكانی خۆیدا یەكناگرێتەوە و یەكتردەبرێت، چونكە خاڵە ئیجابیەكانی سەركەوتنە كاتیەكەی ئەگەر لە هەرهەماهەنگیەكیشدا بێتەدی، لەو كارلێكە كورتخایەنەدا، سەرئەنجام دەكەوێتە سەر ئەو زنجیرە بردنەوە و بەرەو پێشچونە سیاسیانەی پارتی بەتەنها بۆی لواوە و،لەم ماوەیەی دوو دەیەدا قازانجیی حزبی خۆی بەدەستیهێناوە بەو وململانێە كلاسیكیە خۆیشیەوە.
ئەگەر وردتربین، ئەمەش هەوڵێكی خۆكوژیە بۆ هەر لایەنێك كە بە رەفتاری رۆژانەی قازانج بە خەڵكی محافزكار و كلاسیكی بگەیەنیت بە پێی تیۆری سیاسیی جیهانی سەردەم وئەو ململانێیەی نێوان پێشكەوتنخوازان و خودپارێزان و كۆنەپارێزاندا بەردەوام لە ئارادایە. ئەگەر زیاتر وردی كەینەوەو لایەنەكانی كوردستان بە پێی پێكهاتە و سیاسەت و بیروبۆچون و تێروانینیان بۆ ژیان ریزكەین، ناكرێت لە پێناو سەركەوتنێكی كاتی لەململانێی تەسكی نێوان لایەنە نزیكەكان ، زۆربەی لایەنەكان دەستەوەستان بوەستن و لایەنێكیتر بەرهەمەكەی بخوات و هیچیشی بۆ خەڵك پێنەبێت.
بێگومان وەك دەزانین، ئەمرۆ پارتی لەو رێكەوتنە ستراتیجیەی لەگەڵ یەكێتیدا هەیەتی بەتەنها قازانج دەكات ولە بەرهەمە تەسكە حزبیەكەی بەشی شێری بەركەوتووە، سبەی رۆژێش ئەگەر گۆڕان و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی هاوپەیمانی لەو هەنگاوانەیان وەك ئۆپۆزسیۆنێكی نوێی كارای سەر ساحەی سیاسی كوردستانئەگەر تا ئێستا قازانجێكی بەرچاویان گەیاندبێتە ئەزمونی حوكمداریی كوردستان و هەرچەند هەنگاوەكان لەسەرخۆبوبن،ئەو قازانج بەخشینە دەكەوێتە هەگبەكەب پارتیەوە، بەڵام دەبێت ئەوە بزانن كەلایەنەكانیتر بە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتەوە وەك یەك بیرناكەنەوە و ئەوانیش لە ململانێدان ئەگەر لە هاوپەیمانشدابن، ئەمەش وادەكات كە لە هەڵسەنگاندنی رەفتاری سیاسی خۆیان و بەرامبەرەكانیان تەنها نەیاریی كەسایەتە سەرەكیەكان و رق و كینە و بۆچونی حزبی رۆژانی هاوخەباتی خۆیان بكەنە پێوەری سەركەوتن . ئەوەی بۆ قازانجی گشتی و لەمەودایەكی دووردا هەستی پێبكرێت، لە قازانجێكی بچوك و كاتی و هەڵمئاسا زۆر باشترە ، كە زاڵبونی لایەنێك بەتەنها و پەراوێزخستنی سەرجەم لایەنەكانی تری لە دەرئەنجامدا لێبكەوێتەوە. لێرەدا ئەگەر لەدواجاردا سەرجەم پێشكەوتنخوازانی سەردەم بەسەرلایەنە پەراوێزخراوەكاندا دابەشبن لە ئەرئەنجامی ئەو ململانێیە هەمە جۆرەی نێوان لایەنە سەرەكیەكان ، ئەو زنجیرە هەمەئاستە پەیژەئاسایەی لایەنەكان كە لەخوارەوە بۆسەروە ریزكرابێت لێبكەوێتەوە،بۆ هەمووان روون دەبێتەوە، كە كێ دەستكراوە دەبێت دەتوانێت بە پێی بەرژەوەندیە حزبیە تەسكەكانی خۆیان مامەڵە لەگەڵ پرسە گشتیەكەدا دەكات و، خۆی وەك برا گەورە دەزانێت و جێگەی خۆی مكۆمتر دەكات، لەوبارەشدا سەرجەم ئەوانیتر چاولەدەستی ئەودەبن، لەوبەینەشدا میلەت بە زەرەرمەندی سەرەكی دەردەچێت و، هەموو ئەگەرەكانیش ئەوە پیشان دەدەن كە ئەم دەرئەنجامە ترسناكە چۆن بەسەر هەمووماندا دەكەوێتەوە، لەو حاڵەتەشدا دەبێت بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ چاوەرێ بین تا قۆناغی گۆڕانكاریی سەرەكی و بنەڕەتی دەستپێبكات، هەموومانیش ئەزمونی وڵاتانی عەرەب و رەفتاریی فەرمانرەوایانیانمان لەبەرچاوە كەچۆن درێژەیان بەدەسەڵاتی خۆیان لەو ماوە زۆرەدا داوە تاوەكو ئەم شۆرشانەی لێبەرپابوو كە ئێستا دەیبینین .
خەڵكی كوردستان شایانی ئەوەیە كە گۆڕانكاریی بەردەوام لە ژیانی خۆیدا ببینێت و چاوەڕیی بەهاری كوردی نەكات، لە پاش ماوەیەكی دوورودرێژ لە ژێر دەست حوكمی موحافزكاراندا شۆرش بەرپابكات و، پێویستە پەند لە ئەزمونی میلەتانی دەوروبەر ببینین .
لەهەر هەماهەگیەك یان رێكەوتنێكی نوێی تریدا لەگەڵ هەر لایەنێكی تری سەرساحەی سیاسی كوردستان و لەوبەینەشدا بەتایبەتی گۆڕان لەم وەزعەی ئێستایدا، هەر پارتی بەتەنها بەرەكەی دەخوات و براگەورەیی خۆی دەسەپێنێت و، ئەگەر بۆی بكرێت لەو جۆرە رێكەوتنانەی لەسەری بەردەوامە لەگەل یەكێتیدا، لەگەڵ سەرجەم لایەنەكانی تردا دەبەستێت، بۆ ئەوەی خۆی وەك خاوەن خاڵی هاوبەش كاراتر بكات و ناوەندی یەكلاكەرەوەی بریارە گرنگەكان بێت لەهەموو رەهەندەكاندا و، لەوێدا سیاسەتی جێگیری خۆیی رایی دەكات . ئەگەر بەم دەرئەنجامەش بشكێتەوە، ئازادی و دیموكراسیی گەلەكەمان بەم جۆرە و ناوەرۆكە دەمێنێتەوە كە چەندین قسەی لەسەرە و شیكردنەوەی هەمەجۆریش لەخۆدەگرێت، لەم بارەشدا تەنها زرەرمەند هەر میلەتەكەمان دەبێت .
لێرەوە ئەو خاڵەمان بۆ ساغ دەبێتەوە كە هەماهەنگی و رێكەوتنی بەرزەوندخوازیی تەسكی حزبی، لە كێبركێی دروست و زانستی دوورمان دەخاتەوە و هەمیشە سازان و سازش باڵادەست دەبێت و، لەمپەر لەبەردەم بزوتنەوەی كۆمەڵایەتی و سیاسی و رۆشنبیری و ئابووری گشتی كوردستان لە بازنەیەكدا چەق دەبەستێت و، لەدواجاردا هەر ئەمەش بەزەرەر بۆ سەرجەم چین و توێژەكانی گەلەكەماندا دەكەوێتەوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست