كێشەكانمان لەگەڵ بەغدا نەتەوەیین نەك حزبی
Wednesday, 28/09/2011, 12:00
ئەو پرسانەی كە تا ئێستا لەگەڵ ناوەندی عێراقدا لەقۆناغەكانی پێشووتردا لە رێگەی پەیوەندی و مامەڵە لەگەڵ یەكتر كردنی ئیمە و ئەواندا چارەسەر نەكرابن و گرفتی هەمەلایەنی تێكەوتبێت و بۆ چەندین ساڵە چەقی بەستبێت و، كێشەی ئاڵۆزی خستبێتە نێوان هەردوولاوە تاوەكو رادەی گەیشتن بە شەڕ و كوشتاریش، هۆكاری سەرەكی ئەوەش خۆی لە تەگەرە خستنە پێش چارەسەركردنی پرسە گرنگەكانی تایبەت بە رەهەندە نەتەوەیی و نیشتمانیە ستراتیژیەكانی گەلی كوردستانە دەبینێتەوە و هیچی تر و، تا ئەوپەری باوەربون دەتوانین بڵێی ن ناوەند نیەتی چارەسەركردنی ئەو مەسەلانەی نەبووە نەك بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان، ئەگینا ئەوسا و ئێستاش هیچ كەسێك یان هاوڵاتیەكی هەرێمی كوردستان دوور و نزیك ناكۆكی تاك كەسی خۆی بەتەنها لەگەڵ هیچ حزبێكی عێراقی و ناوەندە هەمەجۆرەكانی ئەوێدا نەبووە و ، بەردەوام و لەسەرجەم قۆناغەكاندا خەڵك تەنها لە پێناو ئامانجە گشتیەكاندا قوربانی قورسی داوە . ئێستاش پاش روخانی دكتاتۆرەكەی بەغدا كێشەگەلێك بونەتە لەمپەر لەبەردەم ئاسایی بونەوەی روانینی گەلی كورد بۆ دەسەڵاتی عێراق ، ئەمەش لە هەمان ئەو پرسانەوە سەرچاوە دەگرێت كە خاڵی یەكلاكەرەوە و بنەرەتی چارەسەری سەرجەم وەزعەكە بریاردانی مافی چارەونوسی گەلی كوردستان بووە لە زەمانی كۆن و نوێدا . ئەگەر گوێمان لە راوبیروبۆچونی جیاواز بوبێت لە قۆناغەكانی پێشوودا و ئێستاشی لەگەلدا بێت كە گۆڕانكاری بنەرەتی لە بەغدا روویداوە، بەڵام سەرجەم حزبە عێراقیەكان كە هەریەكەو بەشێوەیەك رای خۆی لەوبارەوە دەردەبرێت، ئەگەر میانرەویەك لەلایەكەوە هەست پێ پێبكرێت لەدەرئەنجامی ململانێی حزبی و تەكتیكی نێوان خۆیانەوەیە بۆ ئامانجێكی دیاریكراوی خۆیان نەك باوەری پتەویان بە حەقیقەتی پرسەكە و مافە ئاساییەكانی گەلی كورد، لە جەوهەردا یەكرا و یەكبۆچونیان هەیە و لە ناخیاندا روانینیان بۆ مەسەلەكە بە گشتی لەهەمان روانگەوە هەڵدەقوڵیت. وەك ئاگادارین زۆربەی راوبۆچونە ئەرێنیەكانیش لە لایەن خەڵك و لایەنێكدا بەدیدەكرێت كە تا ئەوكاتەی بێ دەسەڵاتن یان لاوازن و، زۆر جار یش تاقیمان كردۆتەوە كە ئەوانیش دەچنە سەر دەسەڵات چۆن بۆچوون و هەڵوێستەكانیان دەگۆرن. لەم كاتەشدا ئەگەرپرسەكانی پەیوەست بە پراكتیزەكردنی فیدراڵی و لامەركەزی لە بەرێوەبردن و پێشمەرگە ویاسای گاز و نەوت و سنوری هەرێم و ناوچە دابراوەكان و، بەتایبەتی مافی بریاردانی چارەنوس كرابێتە قوربانی بودجە و پارەو پول، ئەمەش بێگومان دەرهاویشتە سلبیەكانی دەكەوێتە ئەستۆی حزبەكان نەك گەلی كوردستان، بەڵام نەوەی دوارۆژ رەحمیان پێ ناكات لەبەفیرۆدانی ئەو هەلانە.
لەم پەیوەندی و سەردانانەی حكومەتی هەرێمیش بۆ بەغدا ، كە لە بنەرەتدا وەك راوبیروبۆچونی هەردوو حزبی دەسەڵات و بەرژەوەندیەكانیان مامەڵەیان لەگەڵ ئەو پرسە چارەنوسسازانەدا كردووە و ناكۆكیەكانیان بە وەعد و قسەی بریقەداری سەرزارەكی حزبیانە دواخستوە نەك چارەسەرێكی كاتی ئەوتۆیان دۆزیبێتەوە .
بۆیە، ئەگەر هەر لە روانگەی بەرژەوەندیە باڵاكانی گەلی كوردستانەوە لەگەڵ ئەو بابەتانەدا مامەڵە بكرێت، بێگومان ئەمەش بە رەفتار و هەنگاو پەیوەندیی حزبیانە و كەسێتی نابێت، بەڵكو پێویستە و دەبێت ئالیەتێك بدۆزرێتەوە كە راوبیروبۆچونی سەرجەم هاوڵاتیان و لایەنەكان تێدابێت و نوێنەری راستەقینەی خۆیان بەشداربن و زۆرینەی گەلی كوردستان پاڵپشتی بكەن و هەر ئەوانیش لە هەر دەرئەنجامێكیش بەپرس بن .
بۆ ئەو مەبەستەش و لە پێناو دۆزینەوەی رێگای مامەڵەكردن و بەشداریی سەرجەم عەقڵەكان لەو بارەدا، دەكرێت هەیئەتێك یان ئەنجومەنێك لەسەرجەم پێكهاتەكانی خەڵكی كوردستان پێكبهێنرێت و پەرلەمان بریاری لەسەر بدات و تەخویل بكرێت لە چارەسەركردن وبریار داندا كە هەر ئەویش بەرزەوەندیە تەسكەكان لەبەرچاوناگرێت، دەتوانرێت ئەو پرسە گرنگە ستراتیژیانە لەگەڵ بەغدا یەكلایی بكاتەوە، ئەگینا ئەو مەسەلەیە بە حزب و دەسەڵات و لەو نێوەندەشدا كە بەرزەوەندیە حزبیەكان خۆیان فەرز بكەن چارەسەری ریشەیی ناكرێت و، بەردەوام بەرزەوەندیە حزبیە تەسكەكان و تكتیكی دەسەڵاتداران بەسەر ستراتیژیەتەكاندا زاڵ دەبن و وەزعەكەش بە هەڵپەسێردراوی لە جێگەی خۆیدا چەق دەبەستێت و، بە چوونی دەیان وەفدی حزبی و حكومی لەو جۆرانەش بۆ بەغدا بە دەستی بەتاڵ دێنەوە و كاتیش لەبەرژەوەندی ئێمەدا نیە .
ئەگەر پێش راپەرین و هاتنەئارای هەرێمی كوردستان و دامەزراندنی پەرلەمان و حكومەتی هەرێم و چەندین دامودەزگا بەهانەیەك هەبوبێت بۆ دانوستانەكان كە حزبەكان خۆیان بەتەنها بەشدار بوون و خەڵكیش لەدوورەوە تەماشای دەكرد، ئێستا رێگا پان و فراوانە بۆ بەشداری میلەت لە چارەسەركردنی پرسێك تایبەت بێت بە خودی خۆیەوە و ئەو مەسەلەیەش پەیوەست بێت بە رەهەندە نیشتمانیە ستراتیژیە چارەنوسسازەكانیشەوە، لەم حالەتەدا هیچ پاساوێك بۆ دوورەپەرێز خستنی گەل نامێنێتەوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست