لە نێوان ئێمە و یابان دا
Wednesday, 01/08/2012, 12:00
وەك دەزانین لە رووداوی تەقینەوەی كوورە ئەتۆمیەكانی یاباندا، ژمارەیەكی زۆر خەڵك گیانیان لەدەستدا و،لەو نێوەندەشدا رۆڵی بەرچاوی دەزگا حكومیەكان لە چوون بەهانای زەرەمەندان و رزگاركردنیان خێرا و بەرچاوبوون . بەڵام ئەوەی زیاترجێگەی باس و ئافەرین و سەرنواندنی هەمووانە، كە پۆلیسی یابان لە كاتی كۆكردنەوەی تەرمی مردوانی ئەو كارەساتەدا بڕی 86 ملیۆن دۆڵار پارەی كاشی بەجێماوی ئەو خەڵكە مردووەی بۆ بنكەكانی پۆلیس گەڕاندەوە .
ئەوەی لەم بەینەدا لەهەموو شتێك گرنگتر بێت بۆ بەراوردكاری و دەرخستنی هۆكاری جیاوازیەكانی گەلان ئەم وڵاتانە، ئەخلاقیەتی گەلانە كە پێویستی بە لێكۆڵینەوەی فراوانتر دەكات، بۆ دەرخستن و زیاتر رونكردنەوەی فاكتەری دەستپاكی و دڵسۆزی و پابەندبون بەرێسا و یاسا و خۆشەویستی وڵاتاكەنیانەوە، بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت باس لەوە بكەین كە لە دوا راپرسی ئەو وڵاتەدا دەركەوتووە كە رێژەی زۆرینەی هاوڵاتیان عەلمانی و بێدینن . ئەگەر بەراوردێكی عاقڵانەی بابەتیانە لە نێوان ئەوان و كۆمەڵگاكانی ئێمە بكرێت، بە پێی دابونەریت و پابەندبون بە ئاین و ترس لە سزاكانی و خەیاڵی خۆشگوزەرانی و ژیانی ئەو دونیا، بە هەر پێوەرێك بێت دەبێت پاكوخاوێنی و ئەخلاقی باڵا و مرۆڤدۆستی بە پشت بەستن بە رێژەی رەهای دینداری لای خۆمان زۆرتر بێت و، بە قسە بێت دەبێت ئەو سیفەتە جوانانە لای خۆمان بەرجەستەتر بوبێت، كەچی سەرجەم بەسەرهاتەكانی مێژووی دوور و نزیكی ناوچەكە و كوردستانیش پێچەوانەی رەفتار و بۆچون و خاوێنیی ئەو گەلانەمان بۆ دەردەخەن، باشترین بەڵگەش ئەو گەندەڵیەی ئەمرۆ و راوڕوتی روداوەكانی ئەم چەند ساڵەی پاش راپەرین و روخانی سەدامە كە بە جوانی بینیمان .
دیارە ئەو گەندەڵیەی باڵی بەسەر بەرێوەبردن و رەفتاری زۆرێك لە كاربەدەستانی ئەم وڵاتەدا كێشاوە، هۆكارگەلێكی لە پشتەوەیە،گرنگترینیان؛ ئاستی خۆشەویستی و دڵسۆزی خەڵك بۆ نیشتمان و رادەی ئینتیمابون بۆ پێكهاتە و گەل و نیشتمان و باوەربون بە خود و نەتەوە و ئەخلاقی ئینسان و سیفەتە كەڵەكەبوەكانی مێژووی ئەم ناوچەیە و پەیوەندی نێوان خەڵك و دەسەڵات و نێوان و چین و توێژەكان بە خودی خۆیان و لەگەڵ یەكتر و رۆشنبیری گشتی و قەناعەتی تاك بە وەزعی سیاسی و باوەربوون بە دوارۆژی وڵات و چەندین فاكتەری تریش كە هاوڵاتی دەخەنە خانەی پاكیزەیی لە رەفتار و كردار و بۆچون و بیروباوەردا، سەروەری یاسا و توندوتۆڵی سیتمی سیاسی و ئابووری و دادوەری وعەدالەتی كۆمەڵایەتیە نەك ترس و دڵە راوكێ لە چارەنوسی مروڤ لە پاش مردن .
بۆیە كە تەماشای وەزعی گشتی كوردستان دەكەیت پاش چەندین ساڵی چەرمەسەری و نەهامەتی خەڵكەكەی، تا رۆژگاری ئەمرۆشمان رێژەی هەژاری روو لە هەڵكشانە بە بەراورد بەو داهاتە زەبەلاحەی كە دیتە كوردستانەوە . دیارە ناعەدالەتی و نەبونی رێگری لە هەڵەو كەموكورتی و ناپاكی و پێشێلكردنی یاسا و تەنانەت نەبونی یاسا بنەرەتی و چارەنوسسازەكان و، بونی فەوزایەكی گەورە لە دیاریكردنی پلە وپایە هەمەجۆرەكان و حساب نەكردن بۆ پێوەری دەستپاكی لە دابەشكردنی بەرپرسیارێتیەكان، ئەم شێوە و جۆرە كۆمەڵگەیەی ئێمە بەرهەمدەهێنێت .
بەو پێیە، داهاتی زۆر تاكە مەرج نیە هەژاری و بیدەرەتانی كەم بكاتەوە بەڵكو عەدالەت و پاك و خاوێنی و ئەخلاقی ئینسانی باڵا و سیستمی سیاسی و ئیداری گونجاو و پشت بەستن بە زانست و پێشكەوتنخوازی لە سەرجەم بوارەكاندا بە تایبەتی لەو بەشانەی كە هەمە رەهەندن و ئەخلاقی گشتی كۆمەڵ و باورەبون بە نەتەوە و وڵات، مەرجی سەرەكی نزیكبونەوەیە لە یەكسانی و كەمكردنەوەی هەژاری لە هەر شوێن و وڵاتێكدا بێت، مەجیش نیە بونی ئایدیاكی میتافیزیكی باو و زاڵبونی ئاین و سروتەكانی بە شێوەیەكی گشتی لە گەندەڵی خەڵك و وڵات كەم بكەنەوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست