دەستورێك كە ئەگەری جێبەجێ نەكردنی لەخۆ نەگرتبێت
Friday, 09/11/2012, 12:00
زۆر جار گفتوگۆ و مشتومڕ لەمەڕ گرنگترین مەسەلەی بنەرەتی پەیوەست بە چارەنوسی كورد یان بە پێچەوانەوە لەسەر شتی زۆر لاوەكی دێتە گۆڕی و تەنانەت دەگاتە زویربونی لایەنەكان تا دەگاتە شەڕەدندوك و، هێرشی راگەیاندنیش لەسەر ساكارترین خاڵی مامەڵە كردن لەگەڵ بابەتی رۆژ دەست پێدەكات . یەكێكیش لەو خاڵەناكۆكی لەسەرانە لە نێوان پێكهاتە سیاسیەكانی كوردستاندا كە دەتوانین بڵێین بووە مایەی ململانێی سیاسی لایەنەكان لەسەر مەسەلەیەكی هەستیار و گرنگی پەیوەست بە سەرجەم تاكی كوردەوە بوو ئەویش گەڕانەوە و هەمواركردنەوەی پرۆژەیاسای دەستوری هەرێمی كوردستانە، ئەوەی سەرسورهێنەرمایەی سەرنجی چاودێرانە كە بۆماوەیەكی زۆركورت خەڵكیان بەم مسەلە گرنگەوە سەرقالً كرد، لەوەش سەیرتر ئەوەی بە ئاشكرا هەستی پێدەكرێت لەپڕدا ئەم مەسەلەیە كپكرا و باسكردنی لەم ساتەوەختەدا خرایە پەراوێزەوە . ئەگەر حەكیمانە مامەڵەمان لەگەڵ ئاوها مەسەلەیك بكردایە دەبێت بە گرنگترین خاڵ و ئەولەویەتی سیاسەتی حوكمرانی كوردستان و سەرجەم لایەنەكان تەماشابكریت و مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت تا یەكلانەبێتەوە نەخرێتە سەر رەفەی هەڵگرتنەوە. ئەم رەفتارەش ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت كە گشت لایەنە سیاسیەكانی كوردستان بە دەسەلات و ئۆپۆزسیۆن و گەورە و بچوكەوە بە رەفتارێكی تەكتیكیانە مامەڵە لەگەڵ سەرجەم پرسەكاندا دەكەن بە ستراتیجیەكانیشەوە و، بەمەش رەوتی كاروانی سیاسی و ململانێی راستەقینەی ئەم میلەتە بە دەردێك دەبەن كە لە ململانێی لەگەڵ نەتەوەی سەردەستدا یان لەگەڵ حوكمرانی ناوەنددا سەرگەردان بێت و پرسەكەی هەمیشە لە مەترسیدا بێت و پێگەی بە لەقی بمێنێتەوە،ئەوەی دەیبینین تا رۆژگاری ئەمرۆشمان بەو شێوەیە بەرێوەدەچێت .
سەرەرای ئەوەی سەركەوتن لە یەكلاییكردنەوەی ناكۆكیەكان لەگەڵ ناوەندی حوكمی عیراق ،هاوكاری و یەك هەڵوێستی هەمولایەكی پێویستە و سەرخستنی ئەم مسەلەیە زۆر زەرورە، لەبەر ئەوەی پەیوەستە بەسەرجەم بوارەكانی ژیان و گوزەران و دوارۆژی تاك بەتاكی كوردەوە، دەبێت بە ئاقارێكدا ببرێت رارایی خەڵك نەمێنێت و بیر و متمانەی بە دوارۆژ سەقامگیر بێت . لەوەشدا جەخت كردن لەسەر یەكخستن و رێكخستنی ناوخۆی هەرێم و بەدامودەزگەیی كردنی حوكمڕانی كوردستان، پالپشتیەكی باشن بۆ بەئامانج گەیشتن لەو ململانێیەدا و مەودای سازشكردن بۆ هیچ كەس و لایەنێك لەسەر پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەكە هەڵناگرن، بۆیە دەبێت هەنگاوەكان بەهێز و پتەویەوە بنرێن كە پێگەی كورد قورستر دەكات و هەڵوێستی لە گفتوگۆ بەهێزتر دەكات و لە گەیشتن بەئامانجی سەرەكی نزیكتری دەخاتەوە. یەكێك لەو ئەركە سەرەكیە و پیرۆزەی كەلە پێشەوەی هەموو ئەولەویەتێكەوە بێت؛ مەسەلەی یەكلاییكردنەوەی دەستورێكی دیموكراسی راستەقینەیە بۆ هەرێمی كوردستان كە بە شێوەیەكی گشتی و لەخاڵە بنەرەرتیەكانیدا و لەكاتی جێبەجێكردنی لەسەر ئەرزی واقیع و كارپێكردنی لە بارودۆخی گشتی كوردستان و لەم چوارچێوەیەی كە هۆشیاری گشتی گەل و ڕادەی پابەندبونی سەركردە و خەڵكیش بە سیستم و یاساوە ئاشكرایە ئەگەری پاشگەزبونەوە لەخۆنەگرێت . ئەم پرۆژە یاسای دەستورەی هەرێمی كوردستان لەمەر خۆمان ئەگەری بەهێزی جێبەجێنەكردنی بەتەواوی لەخۆدەگرێت و مەودای كاری میزاجی شەخسی زۆر فراوانی تێدایە و ئەگەری دروستكردنی دیكتاتۆریەت فراوانە و سیستمی سیاسی كوردستان لە چوارچێوەیەكی دیاریكراودا چەق دەبەستێنێت و ئەو دەسەڵاتە فراوانەی بەدەست پلەو پایە تایبەتە باڵاكانەوەیە، بەتایبەتی سەرۆكی هەرێم، دەتوانێت خودی دەستورەكە بوەستێنێت و پەكی بخات بە هەر بیانویەكەوە بێت و،بەربەست بخاتە بەردەم هەرهەوڵێك بدرێت بۆ زیاتر دیموكراسیبون و پێشەكوتنی سیاسی و فەراهەمبونی ئازادیدا. بۆیە دەكرێت بڵێین نەبونی دەستور بە شێوەیەكی گشتی و بونی ئەگەری جێبەجێ نەكردنی لە بونی بڕگە و مادە بنەرەتیەكانیدا تەنانەت كێشەكانی هەرێم و بەغدا قوڵتر دەكات و هەلی باش دەخاتە دەست لایەنی بەرامبەر بۆ مانۆڕ و گرێكوێرە دروستكردن و گفتوگۆكاران بۆ تایبەتمەندیەكانی كوردستان تەنها پشت بە دەستوری عیراق دەبەستن نەك هەردو دەستورەكە. ئەگەر كورد بە دەستورێكی دیموكراسیی دەنگپێدراوی زۆرینەی رەهای خەڵكی كوردستان لەو مشتومرەدا بێت، دەتوانێت ماتماتیكانە لە گفتوگۆكاندا بەدەرئەنجامی باشەوە بێتەدەرەوە نەك بە دڵەراوكێ و پشت بەستن بە پەیوەندی كەسایەتی و لایەنەكان و رەحمەتی سەركردە عیراقیەكان گفتوگۆبكات .
بۆیە گرنگترین و چارەنوسسازترین مەسەلەیەك كە خۆی بەسەر خەڵك بەگشتی و سەركردە و لایەنەكان و هەر سێ دەسەڵاتەكەی كوردستاندا فەرزبكات كە بەزوترین كات و پێش هەر شتێكی تر سور بن لەسەری و جەختی لەسەر بكەنەوە و لێ بكۆڵنەوە وهەنگاوەكانی یەكلاییكەرەوەی بە خێرایی بۆ بنێن ؛ گەرانەوەی پرۆژە یاسای دەستوری هەرێمی كوردستانە بۆ پەرلەمان لە پێناو هەمواركردنەوە و رێكخستەنەوەو تێپەڕاندن و پەسەندكردنیەتی لە لایەن زۆرینەی رەهای خەڵكەوە. بەتایبەتی لەم كاتەدا كە ناوچەكە پێیدا تێدەپەرێت و لەقۆناغێكی گواستنەوەدایە و دەبێت قازانج لەم هەلە وەربگرین، لە قۆناغێكیتر هیچ بوار بە واقعی كوردستانی بێ دەستور نادات كە بە ئاسانی تیێدا تێبپەرێت و ببێتە خاوەن دەستورێكی دیموكراسی و راستەقینە ی پەسەندكراوی گەلەكەی و ئامانجەكانی بەدیبێنێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست