كورد و گەڕانەوەی عیراق بۆ باوەشی عەرەب
Sunday, 25/03/2012, 12:00
تۆ بڵێی راست بێت، هیچ كاتێك كورد پەندی لە مێژوو وەرنەگرتبێت!! . لەم رۆژانەدا لە سیاسەتمەدارێكی پرۆفیشناڵی كوردی تازەپێگەیشتوم بیست، زۆر بە دەنگی بەرز و باوەڕ بەخۆبونەوە وتی؛ بەرێز سەرۆك كوماری عیراق لەم ماوەیەدا هەوڵی لەرادەبەدەری خۆی دا بۆ بەستنی كۆنگرەی لوتكەی عەرەب و گرەوە گرنگەكەشمان لەوێدایە كە سەركەتو بین و زۆرینەی سەرانی عەرەب لە بەرزترین ئاستدا لە بەغدا ئامادەبن . ئەم سیاسەتزانە كە قەدەر چارەنوسی میلەتێكی بێ دەرەتانی خستۆتە ژێر دەستیەوە، ئەوەندە گەشبین بوو وامزانی باسی كۆبونەوەی لوتكەی سەركردەكانی سەرجەم پارچەكانی كوردستان لە پێناو بریاردانی مافی چارەنوسدا، دەكات . ئەم كابرایە ئەوەندە بە توندی باوەری بەوە یە كە دووبارە گەڕانەوە و جێگرتنی عیراق لە باوەشی گەرمی وڵاتانی عەرەبی بە قازانج بۆ گشت لایەك دەگەرێتەوە بە ئێمەی كوردیشەوە ، وای بۆ دەچێت كە رووی گەشی عێراق بۆ جیهان دەردەخەن و پر بە دڵ لەو بروایەدایە كە لەو رێگەیەشەوە دووبارە ریكخستنەوەی عیراق لە چاوی كورد دەبینن و بە هەموو شێوەیەك سوپاسی دەكەن و رێزی دەگرن و پێی دەزانن . وای دادەنێت كە ئەم لوتكەیە وێستەگەیەكی گرنگ دەبێت بۆ بریاردان لەسەر مەسەلە گرنگەكانی وڵاتانی عەرەب و عیراقیش و پرسی كوردیش بەدەر نابێت لەو مشتومڕانە، بۆیە وادەزانێت هەر هیچ نەبێت پریشكی ئەو قازانجانە بەر كوردیش دەكەوێت !!! .
ئەم خۆشخەیاڵیە بێ بنەمایە چەند كاڵفامی زۆریك لە خۆ بەسیاسەتزان و چاودیرانمان بۆ دەردەخەن كە خەون و خەیاڵیان بەستۆتەوە بە تراویلكەیەك كە كەسانێك وێنای دەكەن تا دوێنی دەست لەناو دەست وپشت و پەنای دكتاتۆرەكەی عێراق بوون و لەو هەموو زوڵم زۆری و سەركوتكردن و كوشت و برەی لە كورد كرا نەك هەر نقەیان نەكرد بەڵكو بە خۆشی خۆیان بێت یان لە ترسا یارمەتی مادی و مەعنەوی رژێمی بەعسیان دا و كون و كەلەبەریان لە دونیادا بۆ دادەپۆشی . جگە لەوەش هیچ كاتێك سیاسەت بە بێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی كراوە، تا وابزانین كە بریار و راسپاردەكانی ئەم كۆبونەوەی لوتكەی عەرەبە تەنها بەرژەوەندی وڵاتانی عەرەب نەخوێنێتەوە و عەرەب ئەوەندە دیموكراتی بن مافی ئەویتریش لەگەڵ خۆیاندا بخوێننەوە، مێژوو ئەوەمان پێ ناڵێت .
ئەگەر ئەم كۆنگرەیە قازانجێكی ئەوتۆی لەهیچ بوارێكدا تەنانەت بۆ عێراقی ئەمرۆی گیرۆدەی دەستی چواردەوری خۆی نەبێت، جگە لە هەوڵدان بۆ گەڕانەوە بۆ رەفتار و كردار و سیاسەتی كلاسیكیانەی عەرەبئاسا و عێراقی پێشوو وەك بەشێك لە ئوممەی عەرەبی، چی پێ دەبێت بۆ كوردێك كە تا ئێستا رووبەرێكی فراوانی لە زەویەكەی خۆی لەلایەن ئەوانەوە دابرێنراوە و، تەنانەت هەرێمی كوردستانیش بە بەشێك لە نیشتمانی عەرەب دەزانن و، سەرو بنی زمانیان و پێشمەرجی هەموو كردەوە و بریارێكیان یەكپارچەیی خاكی عێراقە .
لەم لوتكە عەرەبیە، ئەگەر بە پێوەری خۆیان سەركەوتوش بێت، كە ئەگەری زۆر كەمە لەم كاتەدا، بە شێوەیەكی راستەوخۆش بێت یان ناراستەوخۆ بۆ كورد بەزەرەر دەشكێتەوە، لەبەر ئەوەی لە باشترین دەرئەنجامیدا دەبێت چاوەرێی ئەوە بین كە عیراق بە پلەیەكی كەمیش بێت پابەندبونی خۆی بە برا عەرەبەكانیەوە راگرێت، بە تایبەتی لەو بوارانەدا كە پەیوەندی بە خەڵكی غەیرە عەرەبەوە بێت، لەم نێوەندەشدا، ئەگەر تورك و فارس هیز و توانا و پێگەی خۆیان هەیە بۆ مامەڵە كردن لەگەڵ بۆچوون و بریارەكانی عەرەبەوە و ئەوەی پەیوەست بێت بەوانەوە دەتوانن رێگەی پێ نەدەن بە زەرەر بۆیان بگەرێتەوە، بەڵام ئێمەی كورد ی بێ دەوڵەت وبێ توانا لەم ململانێیەدا چیمان پێ دەكرێت .
بۆ ئێمە، هەر هەنگاوێك بەو ئاراستەیە ئەگەر زەرەریشی نەبێت لەمەر ستراتیج و ئاوات و ئامانجە گشتیەكانی گەلی كوردستان هیچ قازانجێكی نابێت . دەتوانین بڵین تەنانەت لە لایەنی ئابووریشەوە، لە بواری مادیەوە بە زەرەر بۆ گەلی كورد و عەرەبی عیراق دەگەرێتەوە . بۆیە بە روونی بۆمان دەردەكەوێت، كە ئێمەی كورد بە خۆمان بزانین یان نا هەمان قۆناغی سەرەتای دروستبونی دەوڵەتی عیراق بە شێوە و زەمانێكی تا رادەیەكی جیاواز دووبارە دەكەینە و پەندمان لە مێژوو وەرنەگرتووە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست