کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گەندەڵكاری نەماوە لە كوردستاندا !!

Monday, 01/10/2012, 12:00




زۆر جار سەرت سوردەمێنی لە بینین و بیستنی راوبیروبۆچون و هەڵوێستی وا كە بەرۆژی روناك و بێشەرمانە بە پێچەوانەی راستیە تاڵەكانەوە دەدرَكینرێن و لە پێناو مەبەست و بەرژەوەندی تایبەتی هەمەجۆر دەخرێنە بازارەوە، یان بە كارو كردەوەی زۆر بچوك كە بە توێكڵی گەندەڵی ناسراوە دەیانەوێت گەندەڵیە گەورەكان داپۆشن ئەگینا بە پێی هەر پێناسەیەكی گەندەڵی و گەندەڵكار بێت تەنانەت لە واقعی ئاشكرای ئەمرۆی كوردستان و بەو هەموو نیشانە و بەڵگە ئاشكرا و بەرچاوانە ئەگەر دەرئەنجامی رونی بەرهەمی گەندەڵی زۆر نهێنی نەبینین وو قایمكارییش وەلاوە بنێین، كەس هەیە نكوڵی لە بونی گەندەڵیەكی فراوان و بێئەندازە و لە ژماردن نەهاتو لە هەموو بوارەكان لە كوردستاندا بكات .
لە لایەكی ترەوە، لە هەر چاوپێكەوتن و دیدارێكی جۆرێكی تری كاربەدەستاندا، مۆدێلێكی نوێ بەكاردێت كە بە ئاشكرا نكوڵی لە گەندەڵی ناكرێت و هەموو تاوانەكان دەخاتە سەر ئەم و ئەو و لایەنی بەرامبەر ئەگەر بە خۆیشی نوقمی گەندەڵی بوبێت و بێشەرمانە قسەی خۆی دەكات وەك ئەوەی نە بای دێبێت نە باران، یان بە هەر رێگە و شێوەیەك بێت و بەهۆكاری جیاجیا كە دیارترینیان؛ نەتوانین هیچ لایەك لە ریگە گرتن لەو دیاردەیە تەنانەت لە وڵاتە پێشكەوتوەكانیشدا ، دەیانەوێت بەو پاساوەوە گەندەڵیەكانی خۆیان داپۆشن كە خودی خۆیان بەشدارن تێیدا . بەهەمان شێوە، جۆری سێیەمی ئەو كەسانە، هەمیشە باس لە نەبونی بەڵگە و نهێنیكاری و فرتوفێڵی زانایانەی گەندەڵكاران و كاركردنی ژێربەژێر و ناوی جیاوازەوە دەكەن، ئەوەی لە كرۆكدا كردەوەیەكی گەندەڵی بێت پشتگوێی دەخەن . ئێمە لێرەدا باس لە نەبونی یاسا بنەرەتی و زۆر گرنگەكان ناكەین كە هۆكارێكی بنەڕەتی رێگەخۆشكردنی گەندەڵیەكانن لە فەزایەكی زیاتر لە بیست ساڵ حوكمرانی بێ دەستوری هەرێمی كوردستاندا و، هەروەها باس لە چۆنێتی دیاریكردنی پلەو پایە هەستیارەكان و مێژووی كەسایەتیە كاربەدەستەكان و پەیوەندیە گوماناویەكان و مەحسوبیەت و مەنسوبیەت و پشتقایمی گەندەڵكاران و بنەماڵەیی و بەرژەوەنخوازی تەسك ناكەین، تەنها قسەمان لەسەر دزی ئاشكرا و نهێنیی كاش دەكەین كە بەرۆژی روناك لەسەرجەم كەرتەكاندا دەبینرێن و بەترس و لەرز و نهێنیەوە باس دەكرێن و كەس هەوڵی بنبركردنی نادات، لەبەر چەندین هۆكاری سیاسی رووت . ئەگینا زۆربونی دیاردەی لەپرێك بوو كورێك و زۆربونی سەروەت و سامانی هەندێك سەرمایەداری پشت پەردە و بەرزكردنەوەی كۆشك و تەلاری هەمەچەشن لە ماوەیەكی كورتدا، ئەگەر بە فرت و فێڵ و شەراكەت وپشتەپەنای توندی گەورە پیاوان و پارە سپیكردنەوە نەبێت كەس هەیە تەنانەت لە وڵاتە سەرمایەدارە پێشكەوتوكانیشدا لەو ماوە كورتەدا ببێت بە ملیاردێر .
لە لایەكی ترەوە، نەبونی چاودێری توند لە دەرئەنجامی بێ یاسایی و ناكارایی پەرلەمان و نەبونی دەستەی نەزاهەی كارا و بونی زەمینەسازی و هەلی رەخسێنراو، گەندەڵی فراوانی وەك ئەمرۆی لێ دەكات. هەر بەم بۆنەشەوە، لەم رۆژانەدا ناوی چەند كاندیدێكم بینی بۆ دەستەی نەزاهە كە یەكێكیان خودی خۆی گەندەڵ بووە و ئەگەر دابنرێت لە نێو كاندیدەكاندا بەبەڵگەوە لە كاتی خۆیدا ئاشكرای دەكەم بۆ رای گشتی خەڵكی كوردستان، با بزانن سەرۆكی دەستەی دست پاكیەكەیان كێیە و،ئەمە چ كارەساتێكە لە كوردستاندا .
لێرەدا بە پێویستی دەزانم بڵێم ئەگەر بەرپرسان و كاربەدەستان مەبەستیان بێت ئەو دیاردەیە بنبر بكەن دەكرێت چەندین رێگەیان لەبەردەمدایە بیگرنەبەر، بەڵام من لەوباورەدانیم لە فەزایەكی ئاوها و لە شێوەی دەسەڵات و ململانێی لەم جۆرە هیچ دەرفەتێك مابێت بۆ جێبەجێكردنی پلانە راست و دروستەكان ، بۆیە بە هیواین لە پاش هەڵبژاردنەكانی داهاتوو، خەڵكی كوردستان بە خۆی ئاڵاهەڵگری نەهێشتنی گەندەڵی بێت و گەنج و لاوی نوێی دەست پاك و خوێن گەرم و وڵاتپارێز هەڵبژێرن و گەندەڵكارانی ئەمرۆ بخەنە زبڵدانی مێژووەوە و، بەخۆیان رێگە لەو نەخۆشیە ترسناكە بگرن و سزای عادیلانەی گەندەڵكارانی ئەمرۆش بدەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە