لەم قۆناغەدا یەكێتی نیشتمانی چی بكات باشە ؟
Thursday, 27/12/2012, 12:00
پاش رووداوە گرنگەكانی ئەم قۆناغە، پێشبینی دەكرێـت گۆرانكاریەكی بەرچاو و تەنانەت تا رادەی وەرچەرخانێكی دیار لە رەوتی سیاسی كوردستان و هاوكێشە سیاسیەكانی رووبدات و، لەم كاتە هەستیارەدا بۆچون و مامەڵەی ستراتیجی راست و دروستی سەركردە و لایەنە سیاسیە كاریگەرەكانی سەر ساحەی سیاسی هەرێم ،بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە، دەرئەنجامی چارەونوسسازی دەبێت و پەیوەندی راستەوخۆی بە چۆنێتی بەیەكلادا كەوتنی پرس و دوارۆژی هەرێم و سروشتی دەسەڵات و رێژەی قورسایی و رۆڵی لایەنەكانەوە دەبێت .
لەم واقعەی پاش نەخۆشیەكەی سەرۆكی عێراق تالەبانی، چەندین بۆچون دەركوتون و پێشبینی وا دەكرێت كە هەرلایەنە و لە سۆنگەی بەرژەوەندی خۆیەوە هەوڵی پركردنەوەی ئەو بۆشاییە دەدات بە گوێرەی بری قازانجیش شەنوكەوی بابەتەكان دەكات . لایەنە سەرەكیەكانیش بۆ مانەوەی توانا و باڵادەستی خۆیان جۆرەها بریاری كاتی دەدەن ورەفتاری روكەشیانەش دەنوێنن كە لە ناخی خۆیاندا قەناعەتیان پێ نەبێت .
بۆیە، ئەگەر دوور لە تەسكبینی حزبی و پێویستیەكانی ململانێی سیاسی و لە پێناوچارەنوس و دوارۆژی كورد و لەبەرچاوگرتنی پێویستیی خەڵك و بەرژەوەندی باڵای كوردستان، سەركردەو رەمزەكانی دەسەلات و ئۆپۆزسیۆن بجوڵێنەوە ولەم قۆناغەدا بریاری پێویست بدەن، دەتوانین بڵێین مەترسیەكی گەورە لەسەر ئەزمونی هەرێمی كوردستان دەرەوێتەوە . بەڵام پێداگیری لەسەر هەمان ریتمی جارانی حوكم و خۆلادان لە چاكسازی پێویست و، هەر گۆرانكاریەك تەنها دەرئەنجامی جیگۆركێی سەركردەكانی لێبكەوێتەوە، زەرەرێكی گەورە لە ئاواتی خەڵك دەدات لە بەدامودەزگەیی كردنی حزبایەتی و حوكمرانی و جیگیربونی مەدەنیەت و، خەڵكیش توشی شۆك دەكات .بەخوێندنەوەی بارودۆخی ئەمرۆ و قەیرانی هەرێم و ناوەندی عیراق و هاتنە ئارای قۆناغی نەخۆشیەكەی تاڵەبانی و كاوەی چاوەروانی، واپێویست دەكات كاری ریشەیی بكرێت . لەم كاتەدا باشترین هەنگاو كۆبونەوەیەكی فراوانی لایەنە كاریگەرەكانی كوردستانە لە چوارچێوەی كۆنگرەیەكی نەتەوەییدا كە سەرجەم وردەكاریەكانی رەوتی سیاسی باس بكرێت و كەموكورتیەكان دیاری بكرێنو ریگەچارەی گونجاو بۆ سەرجەم كێشەكان بدۆزرێتەوە و راسپاردەی پێویست دەربكرێت و، بە یاسایی بەرێوەبردنی دەسەڵاتی هەرێم لەپێشەوەی هەنگاوەكان بێت، ئەگەر هەنگاوی لەم جۆرە نەنرا،یان لەوبارەوە سەركەوتو نەبون، دەبێت بریاری هەڵبژاردنێكی نوێی پەرلەمان بدرێت و ئەوجا بە پێی دەنگ و قورسایی هەر لایەك حوكمرانی رێك بخرێتەوە و بە عەمەلی پرەنسیپی دەستاودەستكردنی دەسەڵات پیادە بكرێت .ئەمەش لە هاتنە ئارای پەرلەمانێكی ئەكتیڤ مەیسەر دەبێت كە لە ماوەیەكی دیاریكراودا چارەونوسی پرۆژەی دەستوردیاری بكات و یاسا بنەرەتیەكان تێپەرێنرێت و جۆری حوكمرانی یەكلایی بكاتەوە .
ئەمرۆ بە تایبەتی یەكێتی كە بەرپرسیارێتیەكی گەورەی لەسەر شانە لە بارودۆخی هەنوكەیی خۆیدا، بە پشتبەستن بە كاردانەوە پەیوەندیەكانی خۆی رێكنەخات، بەڵكو بەهێمنی و لەسەرخۆ پرسە ستراتیجیەكان بخوێنێتەوە و بیرو ژینگەی تایبەتی خۆی ون نەكات و نەكەوێتە ژێر كاریگەری سۆزی كورتخایەنەوە و ئەمرۆ و سبەیش بخوێنێتەوە .
ئەمرۆ جگە لەپارتی كە رێچكەی خۆی تارادەیەك بە جێگیری گرتووە ئەگەر بۆ ماوەیەكی كورتیش بێت، هەمیشە خۆی بە گەورەی هەموان دەزانێت ، ناكرێت تەنها یەكێتی نیشتمانی چاوی لەوبێت لە هەموو لایەكەوە . لایەنی ترهەن كە پەیوەندی مێژوویی و یەك رێكخراوەیی و خاڵی هاوبەشی زیاتریان هەیە لە هەر لایەنێكی تر و تەنانەت لە روی تێروانین و بیروباوەریشەوە دەیان جار لە خەڵكی تر نزیكترن . بۆیە وا پێویست دەكات كە نەخۆشیەكەی سەركۆماری عیراق مام جەلال و دەرهاویشتەی ئەو دوركەوتنەوەیە ئەگەر بۆ ماوەیەی كورتخایەنیش بێت بە كاردانەوە مامەڵەی لەگەڵدا نەكرێت و بە هیچ شێوەیەك یەكێتی ستراتیجی خۆی نەكاتە قوربانی تەكتیكێكی سۆزداریانە و، هیچ ئامانجێكی گەورە بە بریاری سەرپێی نەهاتۆتە دی .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست